جارێكی تر و زۆرجاری تریش سەردەشت عوسمان

04-05-2019 01:20


لە مێژووی هاوچەرخی ئێمەدا كەم شەهید هەیە هێندەی سەردەشت عوسمان ڕووخسارە هەرە ناشیرین‌و هەرە دزێوەكانی كوردبوونمان نیشانبدات. هێما بۆ ئەو دیوە نەخۆش و پۆخڵ و تاریكانەی كوردبوون بكات كە وەك تارماییەكی گەورە بۆ كوشتن و وێرانكردن بەسەر سەری هەمووانەوە، ئامادەیە. كە بیر لە مەرگی سەردەشت دەكەینەوە بیر لە جوڵەی عەقڵیەتێك دەكەینەوە لە سەدە تاریكە كۆنەكانەوە هاتوە و لە سەدەی بیست و یەكەمدا هەم بازرگانیی و سیاسەتی بەیەكتری تێكەڵكردوە، هەم تەكنیكە زۆرەكانی كوشتن و پایەكانی دەسەڵاتدارێتییەكی دزێو.

لەم ئاستەدا مەرگی سەردەشت عوسمان، شوناسی ئەو عەقڵیەت و سەردەم و دەسەڵاتدارێتییە درۆزنە كەشفدەكات كە ساڵانێكی درێژە حوكمڕانیی نیشتیمانێكی بریندار دەكات و قوربانی بە دوای قوربانیدا و كارەسات بەدوای كارەساتدا بەرهەمدەهێنێت. بە دەیەها شێوازی جیاوازیش كۆمەڵگا پارچەپارچە و وردوخاش و پەراوێز، دەخات، بڕێكی گەورە، هێجگار گەورە، لە نائومێدیی و ڕەشبینییش، لە كوێدا بۆیبكرێت، دەچێنێت.

دیوی ئەودیوی مەرگی سەردەشت هێما بۆ ڕووكارە ڕووناك‌و بەرپرس‌و ئەخلاقییەكانی كوردبوون دەكات، ڕووكارە خوێندەوارو ڕەخنەیی‌و چەقنەبەستوەكانی كوردبوون، ڕووكارە پاكژەكەی لە سەردەمێكدا پارەی دزراوی نەوت خەونی ئەوە دەبینێت‌و پلانی ئەوەشی هەیە، هەموو خانەیەكی ئەو كۆمەڵگایە، وەك عەقڵ و دەرونی دەسەڵاتدارەكانی، پیس و بۆگەن بكات.

سەردەشت نوێنەری ئەو نەوە خوێندەوارە ئازا و بەرپرس و ئەخلاقییەیە كە لە داڵانە تاریكەكانی ئەو دونیایەدا لەدایكدەبێت و گەورەدەبێت و بیردەكاتەوە و دەنووسێت. نەوەیەك خەون بەوەوە دەبینێت دەسكاریی ئەو تاریكاییە گەورەیە بكات، ڕوخسارێكی ئینسانیی بەخۆی و بەو كۆمەڵگایە ببەخشێت كە تیایدا دەژی، شتێك لە كەرامەت بۆ ژیانی خۆیان و ژیانی هاونیشتمانییەكانیان، بگەڕێننەوە.

سەردەشت عوسمان نوێنەری ئەو دیوە ڕووناكەی كوردبوونە كە پڕە لە ئومێد و وزە و خەون، پڕە لە خواستی دەسكاریكردن و دروستكردنی دونیایەكی نوێ. دونیایەك جیاواز لە دونیای سیاسییە بازرگانەكانی دونیای دوای ڕاپەڕین كە لەشكرێك بەڵتەجیی و پیاوكوژیان بۆ پاراستنی خۆیان و منداڵ و منداڵی منداڵەكانیان دروستكردوە.

سەردەشت عوسمان بەرهەمە هەرە پاكژ و بەرپرس و ئەخلاقییەكەی كۆمەڵگای ئێمەیە.