ئه‌م ئیرهابه‌ ڕاوه‌ستێنن

06-05-2019 10:15


منیش وەك ئێوە ئەم ماوەیە سەیری و گوێم لە شتەكان دەگرت... چاوەڕێش بووم شتەكان ڕوون ببنەوە و بزانین چی ڕوویداوە... شتەكە ئەوەندە قورس و ئاڵۆز نیە پێوستی بەم هەموو هەرایە هەبێت.. كەسانێك دەڵێن هەڕەشەمان لێكراوە و بەو هەڕەشانە داوای پاشگەزبونەوەیان لێكردوین لە كۆمەڵێك شت.. هیچ ئەم هەرایەی ناوێت ئەوە ژمارەی تەلەفۆنەكان و كێن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت.. بنەمای هەموو تۆمەتێكیش لە هەموو دونیادا ئەوەیە تۆمەتبار بێ تاوانە تا ئەو كاتەی تاوانەكەی دەسەلمێت.. نەك تۆمەتبار تاوانبارە تەنانەت گەر نەش سەلما.

بەڵام ئەمەی هەنوكە ڕوودەدات هیچ پەیوەندی بە لێكۆڵینەوەی یاسایی لەم كەیسە نیە.. ئەمەی ڕوودەدات نزیك دەبێتەوە لە ئیرهاب و تۆقاندنێك كە هیچ پاساوێكی نیە، ڕقێكی سیاسی قوڵ نەبێت لە كۆمەڵێك شتی سیاسی كە هیچ پەیوە‌ندی بەم كەیسەوە نیە.. ئەم هەڵكوتانەسەر ئەندامانی نەوەی نوێ بەو شێوە ڕەق و توندە، دەستدرێژییەكی گەورەیە كە هەموو شتێكی ژێر پێ خستووە.

عەقڵ و مەنتق دەڵێن كێ داواكراوە بە فەرمی داوابكرێت‌و گەر خۆی نەچوو دەزگاكانی پۆلیس دەستگیری دەكەن.. تازە خەڵكانێك بەردەوام و ڕۆژانە دەستگیر دەكرێن كە هیچ دیار نییە پەیوەندییان بەم كەیسەوە چیە. ئەم ئیرهابە بێ پاساوە ڕاوەستێنن و فەرمون لێكۆڵینەوەی فەرمیی خۆتان بكەن.. ئێمەش وەك هەموان حەز دەكەین ڕاستیەكان دەركەون.. بەڵام نەك بە ئیرهاب و تۆقاندن و بەلاڕێدا بردنی بۆ تۆڵەی سیاسی لە هێزێك كە گوتارەكانی بە دڵی تۆ نیە.

هەڵكوتانەسەر بارەگای حیزبی بەو شێوە دڵڕەقانەیە و سوكایەتیكردن بەهەركەسێك دێتە بەردەستیان و تەنانەت ئازاردانیان(وەك دەبیستین)، كارێكی ئەوەندە قێزەون و ناشرینە كە تەنیا ڕووی ئەو هێزانە ڕەش دەكات كە ئەنجامی دەدەن. لەوە دەچێ برادەران تا ئێستاش بۆیان هەرس نەبووێت كە ئێستا حوكمڕانیی دەكەن و لە شاخ و دۆخی شۆڕشدا نین ، هەنوكە دادگا و پۆلیس و دونیایەك بەشی لێكۆڵینەوەتان هەیە كە هیچ پێویستتان بەم ئیرهاب و توقاندنە نیە.. ڕێگە یاسایی و ئاساییەكە بگرن و كەسیش لەمڕوەوە گلەییتان لێ ناكات، نەك بەمشێوەیە هەر ڕۆژە و هەڵكوتنە سەر ئەم و ئەو و بەشێوەیەكی زۆر دڵڕەقانە وەك ئەوەی خەلییەی داعشتان گرتبێت، ئەم و ئەو بگرن.

من وای دەبینم ئەمەی هەنوكە ڕوودەدات پێشێلكارییەكی یەكجار گەورەیە كە گەر ئەمڕۆ یەخەی ئەو برادەرانەی گرتووە، سبەی یەخەی خەڵكی تریش دەگرێت. بێمانایە لە وڵاتێكدا كە كۆی دەزگا فەرمییەكانی لێكۆڵینەوە لەبەردەست خۆتدان، دادگا و پۆلیست هەیە، بەمشێوازە ڕەفتار لەگەڵ شكاتێكدا بكەیت كە هێشتا بۆ كەس دیار نیە چەندی ڕاستە و چەندی ناڕاست، كێ كردویەتی و تاوانەكە خۆی چیە.. مرۆڤ بەڕاستیی ئەو پرسیارەشی بە گەورەیی لا دروست دەبێت.. ئەرێ هەڕەشە بە مۆبایل و سایتەكان یەكەمجارە ڕووبدات و كە ڕووشیداوە هەروا ڕەفتاری لەگەڵ كراوە؟

ئەم دۆخە بوەستێنن.. لێگەڕێن شتەكان بە ڕێڕەوی ئاسایی و یاسایی خۆیدا بڕوات، ئەوەتان لەبیربێت ئێوە هەنوكە حوكمڕانن و لە شاخ ناژین كە هیچ دەزگا‌و دەرفەتێكتان نەبێت بۆ لێكۆڵینەوەی ورد.. یەكەم شتی ڕاستیش ئەوەیە ئەم هەڵكوتانەسەر و دڵڕەقییە ڕابگرن.