ئایا ئەوپەڕی فشاری ترەمپ ئەنجامی دەبێت؟

20-06-2019 01:59


ئەوپەڕی فشار بكە، هەتا ئەویتر ناچار دەكەیت، بە مەرجەكانت ڕازی بێت و بێتە سەر مێزی دانوستان. دەتوانین بڵێین ئەمە كرۆكی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپە. ئایا ئەمە سەردەگرێت؟

لە ساڵی ١٩٨٧ دۆناڵد ترەمپ كتێبێك دەنوسێت بە ناوی هونەری ڕێككەوتن، بە دیدی خۆی ئەو كتێبە ئەوی كردە كەسێكی پسپۆر لە بواری دانوستاندا. ئەو كاتە لۆبیی ئیدارەی بۆشی باوكی كرد كە بیكاتە بەرپرسی دانوستانی كەمكردنەوەی چەك لە نێوان ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەتدا. بەڵام ئیدارەی بۆش ترەمپی بە جدی وەرنەگرت و پۆستەكە درا بە ڕیتچارد بێرت، كە دیپلۆماتێكی شارەزای ئەم بوارەبوو. پاش ماوەیەك كاتێك لە ئاهەنگێكدا لە شاری نیویۆرك ترەمپ و بێرت یەكتر دەبینن، ترەمپ، بێرت دەباتە لاوە و بە گوێیدا دەچپێنێ، ئەگەر ئەو پۆستەكەی وەرگرتایە چی دەكرد. كە لە هەمانكاتدا بە مانای ئەوە دەهات كە ئەو دەبێت چی بكات. ترەمپ دەڵێت: سەرەتا سۆڤێتییەكان بە گەرمی پێشوازی دەكەیت، لێیانگەڕێ با دابنیشن و كاغەزەكانیان دەربێنن. ئینجا هەستە سەر پێ و دەستت بخەرە سەر مێزەكە و بە سەریاندا بنوشتێرەوە و جنێوێكیان پێبدە و ژورەكە بە جێبهێڵە.

ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە ترەمپ لە كۆنەوە بڕوای وەها بوە كە كەڵەگایی و سوكایەتی باشترین شێوازی دانوستانە بۆ ئەوەی لایەنەكەی بەرامبەرت ناچار بكەیت بە مەرجەكانت ڕازی بێت. ئەم جۆرە هەڵسوكەوتەمان لە گەڵ كۆریای باكوردا بینی و ئێستاش لە گەڵ ئێراندا دەیبینین.

كەیسی ئێران و كۆریای باكور ئاسان نیە بە خێرایی بڕیاری لە سەر بدرێت. بەڵام وەها دیارە لە ئاستی سنورداردا ئیدارەی ترەمپ بەم شێوازە دیپلۆماسییە هەندێك دەستكەوت بە دەست دەهێنێت. نمونە لێرەدا لوبنانە. ئەم ڕۆژانە وڵاتی لوبنان لە هەوڵی گەیشتن بە ڕێككەوتنە لە گەڵ ئیسرائیلدا لە سەر دیاریكردنی سنور، بە تایبەتی سنوری دەریایی نێوانیان، كە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە غازی بن دەریای ناوەڕاست كە دەكەوێتە سنوری نێوان هەردوو وڵاتەوە.

ئەم پانتاییە نزیەكی ٥٠٠ كیلۆمەترێكە.

ئەو دیپلۆماتە ئەمریكیەی كە كراوە بە بەرپرسی ئەم پرسە دەیڤید ساتەرفیڵدە، كە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی نزیك لە وەزارەتی دەرەوەیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، یەكەم، ڕازی بونی حیزبوڵڵایە، دووەم، هەڵوێست گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمانی لوبنانی نەبیە بەرییە.

هەندێك چاودێر ڕازی بونی حیزبوڵڵا بە دانوستان لە گەڵ ئیسرائیلدا بۆ فشاری سەر ئێران و كۆمەڵێك هۆكاری تر دەگەڕێننەوە. لە هەمانكاتدا سەرۆكی پەرلەمان كە لە حیزبوڵڵاوە نزیكە سەرەتا هەڵوێستی جیاوازبوو.

كاتێك لە مانگی سێ پۆمپیو سەردانی بەیروتی كرد، لەوێ باسی چۆنێتی سەپاندنی سزای ئابوری كرد بە سەر بەری و نزیكەكانیدا، بە هۆی نزیكی لە ئێران و حیزبوڵڵاوە. ناوی پێنج كەس هات كە لە بەریەوە نزیك بون كە سزای ئابورییان بە سەردا بسەپێت.

بەری دوای بە ئاگابونی لەم هەوڵانە هەڵوێستی گۆڕی و بوو بە پشتیوانی دانوستان لە گەڵ ئیسرائیلدا. دیارە دەكرێت خوێندنەوەی جیاواز بكرێت بۆ ئەم دۆخە. دەكرێت وەها لێكبدرێتەوە كە بەرهەمی فشارە، لە هەمانكاتدا دەكرێت وەها لێكبدرێتەوە كە یاریەكی تاكتیكیە بۆ خۆ دەربازكردن لە فشارەكانی ئابلۆقە لەم دۆخەدا. ئەوەی ڕونە كە هەردوو تێزەكە ڕاستن، بەڵام ئایا لە چ ڕوانگەیەكەوە لێی دەڕوانیت. بە دڵنیایەوە ئێرانیەكان هەست بە فشار دەكەن و مامەڵەی لە گەڵدا دەكەن، بەڵام ئەگەر وەها لێكبدرێتەوە كە حیزبوڵڵا پشت لە ئێران دەكات لە بەر بێتوانایی ئێران لە پشتیوانیكردنی ماددی، تێگەیشتنێكی هەڵەیە، چونكە بەرەی ئێرانی زیاتر ئایدۆلۆژییە، لەوەی ئابوری بێت. لە ڕاستیدا بەرەی سوننە، زیاتر لە سەر مامەڵەی بازرگانی و ئابوری وەستاوە.

ئەم بیركردنەوە ئابورییە لە بەرامبەر بیركردنەوەی تایفی یان ئایدۆلۆژی ڕەنگە هۆكاری خراپ تێگەیشتنی ئەمریكییەكان بێت بۆ دۆخەكە. لە كاتێكدا ئیدارەی ترەمپ ڕەنگە ئەگەر ڕێككەوتن لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا واژۆ بكرێت بە سەركەوتنی میتۆدەكەیان لە قەڵەمی بدەن، بەڵام ئەمە هەمو وێنەكە نیە. ئەوەی دەتوانین بڵێین ئەوەیە كە میتۆدی ترەمپ لە هەندێك ئاساتدا بە خێرایی كاردەكات، لە ئاستی تردا بە هەمان جۆر نیە. بۆیە ئەوە دۆخ و جۆری ململانێیە كە كاریگەری میتۆدی ئەوپەڕی فشار دیاری دەكات.