سەبارەت بە نیقاب و خۆپۆشین

25-06-2019 09:39

 

بەشی یەکەم

لە دوای ھێرشەکانی ١١ سێپتەمبەرەوە بۆ سەر نیویۆرک، مەسەلەی ئیسلامی توندڕەو و سەلەفیەتی دینی لە وڵاتانی خۆرئاوادا بوون بە مەسەلەیەکی گرنگ و قسە و باسێکی زۆریان لەبارەوە کراوە و دەکرێت.

یەکێک لەو بابەتانەش کە لەناو ڕووبەری گشتیی ئەم کۆمەڵگایانەدا، لەناو سیاسەت و میدیا و بەشێک لە کۆمەڵگای مەدەنیدا، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، مەسەلەی نیقابی ژنانە. ئەو فۆرمەی خۆپشینە کە ڕوخساری ئافرەتەکە، جگە لە چاوەکانی، بە تەواوی دادەپۆشێت.

پرسیاری سەرەکی لەم گفتوگۆیەدا ئەوەیە: چۆن مامەڵەی ئەم دیاردەیە بکەین؟ دەکرێت دوو بەرە لەم گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێیەدا لە یەکتری جیابکەینەوە کە بۆچوونی تەواو ناکۆک و دژ بەیەکیان، ھەیە.

بەرەیەکیان دژایەتییەکی تەواوی پۆشینی نیقاب دەکات و داوای یاساخکردنی دەکات بە پێی یاسا، بۆ ئەمەش چەندان ھۆکار بۆ ئەو دژایەتی و یاساخکردنە دەھێنێتەوە. لە کاتێکدا بەرەکەی تریان بەرگری لەوە دەکات کە ئەو ئافرەتانە ئازادن چی لەبەر دەکەن و چۆن خۆیان لەناو ژیانی گشتیدا نمایش دەکەن.

بەره‌ی یەکەمیان پێی وایە نیقابپۆشی جۆرێکە لە قبووڵکردنی کۆیلەیەتی "کۆیلەبوونێکی خۆبەخش" و "خۆویستە". ئەو ئافرەتانەی نیقاب دەکەن، بە دەستی خۆیان کۆیلەیەتی بۆ خۆیان ھەڵدەبژێرن و تەسلیمی خواستە پاتریارکییەکانی پیاوان دەبن. ھەندێکی تر پێی وایە نیقاب دژە بە مافی یەکسانی ژن و پیاوە. دژ بە ئازادییەکانی ژنانە. دژ بە دەرکەوتنی ژنە وەک مرۆڤێکی کامڵ لەناو ڕووبەری گشتیدا. دژ بە پێداویستی و مەرجە ھەرە سادەکانی پەیوەندییکردنی ئینسانییانەیە لە نێوان کەسەکاندا. لە ڕووی ئیستاتیکییەوە قەبیحە. درێژەدانە بە کولتوور و فەرھەنگی بە کەم و نزم و ترسناک تەماشاکردنی ژن. گواستنەوەی کولتووری تاڵەبانە بۆ ناو ئەورووپا. نیقاب بەشێکیشە لە دیاردەیەکی گەورەتر کە دیاردەی توندڕەوی و توندووتیژیی دینییە.

جگە لەمانە نیقاب خۆشی دیاردەیەکی ترسناکە و دەشێت ھەڕەشە لە ئاسایشی گشتی بکات. بە حوکمی ئەوەی نازانرێت ئەوەی لەژێر ئەو نیقابەدا خۆی شاردووه‌تەوه‌، پیاوە یان ژن. دەکرێت بەشێوەیەکی زۆر خراپ و بۆ مەبەستی تێکدانی ئاسایش لەلایەن تێرۆریستانەوە بەکار بهێنرێت، لە سەردەمێکدا کە کردەی تێرۆر بووە بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. بە کورتی نیقاب ماسکێکی دینییە کە ڕووخساری ژن دادەپۆشێت. وەک چۆن ماسکیش لەسەرکردن لەناو دەزگا گشتییەکان و لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا یاساخە، دەبێت ئەویش یاساغ بکرێت.

ھەرچی کەسانی سەر بە بەرەکەی ترە، ئەو بەرەیەی بەرگری لە ئافرەتە نیقابپۆشەکان دەکەن، باس لە کۆمەڵێک ھۆکار دەکەن کە ھەرە گرنگەکانیان بریتییە لەمانە: ژنانی نیقاب بە ژمارە زۆر زۆر کەمن و لە شوێنێکی وەک فەرەنسادا لە چەند سەد کەسێک یان لە باشترین حاڵەتەدا لە دوو ھەزار ژن تێپەڕ ناکەن، لە کۆی نزیکەی ٦٧ ملیۆن مرۆڤ. ئەم دیاردە پەراوێزییە و بە ئەنقەست گەورە کراوە.

ھەندێک کەس تا ئەو شوێنە دەڕۆن کە بڵێن گەورەکردنی بەم بابەتە لەناو وڵاتە ئەورووپییەکاندا و باسکردنی بەردەوامی لە میدیادا و دەرکردنی یاسا لە پەرلەماندا بۆی، بەشێکە لە ھەوڵدانی حوکمڕانان و دەوڵەت بۆ لەبیربردنەوەی کێشە ڕاستەقینەکانی ئەو وڵاتانە کە بەھۆی سیاسەتی نیو لیبرالیزمەوە دووچاریان بوون. ھەندێکی تریان دەڵێن ئەم ھێرشە بۆسەر نیقاب درێژەدانه‌ بەو ئیسلامۆفۆبیایەی لەم وڵاتانەدا ھەیە، وەک چۆن ھێرشە بۆ سەر ئەو کەمینە موسڵمانەی لە وڵاتە ئەورووپییەکاندا دەژین.

بەشێکی زۆری کەسانی سەر بەم بەرەیە لە دیدێکی دژ بە دەوڵەتەوە قسە دەکەن و بوونی ئەو ژنانە بە نیقابەوە لەناو کۆمەڵگادا، بە مەترسییەکی کەمتر دەزانن لەوەی دەوڵەت دەستبخاتە ناو ژیانی تاکەکەسەکانەوە و بە خەڵکی بڵێت چی لەبەربکەن و چی لەبەر نەکەن. ترس لە دەسەڵاتی دەوڵەتی مۆدێرن لە ترس لە چەند سەد ئافرەتێکی نیقابپۆش بە گەورەتر دەزانن. ھەندێکی تریان دیاردەی نیقاب وەک دیاردەیەکی دینی دەبینن و پێیان وایە ئەوە خیانەتکردنە لە پرنسیپە سەرەکییەکانی ناو ژیانی مۆدێرنی کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان کە ئازادیی دین لەوێشەوە ئازادیی ویژدان سنوورداربکرێت. بەم مانایە یاساغکردنی نیقاب دژ بە پرنسیپەکانی ئازادیی خۆرئاوا خۆیەتی، دەوڵەت بۆی نییە دەست بۆ ئازادی و بۆ ویژدانی دینی و نادینیی تاکەکەسەکان ببات.

ھەندێکی دیکەیان لە ڕێگای بەرگریکردن لە بیرۆکەی "لێبوردن"ـه‌وە باس لەوە دەکەن کە دەبێت واز لەو ئافرەتانە بھێندرێت کە جلێک لەبەر دەکەن لەگەڵ زەوق و حەز و تەنانەت سایکۆلۆژیای زۆرینەدا ناگونجێت. ئەمانە باس لەوە دەکەن کە چەمکی لێبوردن یەکێکە لە چەمکە بنەڕەتییەکانی ناو ژیانی سیاسی و دینی و کۆمەڵایەتی و ڕەمزیی کۆمەڵگاکانیان.

ھەندێک دەنگی تر باس لەوە دەکەن کە یاساخکردنی نیقاب ڕەگەزێکی دژە ژن و دژە مێیینەبوونی تێدایە و لە ڕێگای ئەم یاساخکردنەوە درێژە بە سیاسەتی پاتریارکییانە دەدرێت، بەڵام ئەمجارە لەلایەن دەوڵەتەوە. باس لەوەش دەکەن لەشی ژن موڵکی تایبەتی خۆیەتی، چۆنی بوێت وا نمایشی دەکات و بەو شێوەیە جل دەپۆشێت کە خۆی دەیەوێت. لەشی ژن موڵکی خۆیەتی نەک موڵکی دەوڵەت یان موڵکێکی گشتی.

بە کورتی بەرگیرکردن لە بیرۆکەی ئازادی و لە سەربەخۆیی لە بەرانبەر دەوڵەتدا، ئەو ژێرخانە فیکری و مەعریفییەیە کە ئەم بەرەیە لەسەری ڕاوەستاوە. لای ئەمان تاکەکەس، بە ژن و پیاوەوە، ئازادن و دەوڵەت بۆی نییە دەستبخاتە ناو ژیانیانەوە و ئەوەیان بەسەردا بسەپێنێت کە خۆی دەیەوێت. مرۆڤ ھەم ویژدانی ئازادە ھەم جەستەی. نیقاب ھەڵبژاردنی ئازادی ئەوانە بۆ نمایشکردنی جەستەیان لەناو ڕووبەری گشتیدا.

لە بەشی داھاتوودا باس لە پەیوەندیی نێوان "نیقاب" و "جل و بەرگ" و "نیقاب" و "ھێزە دینییەکان"ی پشتی بەنیقابکردنی دەموچاوی ئافرەت دەکەم.