بۆچی ئێران حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێنێتەوە؟ پلانی داهاتووی چیيە؟

02-07-2019 11:22

 

ڕۆژی 1-7-2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بڕیاری دا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە و تەواوی بارەگا و نووسینگەكانیان دابخەن و لە كایەی سیاسی دوور بكەونەوە. عادل عەبدولمەهدی مۆڵەتی تا كۆتایی ئەم مانگەی داوە بەو میلیشیانە بۆ داخستنی بارەگاكانیان لە تەواوی شارەكانی عێراق و چوونە ژێر چەتری سوپای عێراقی.

*حەشدی شەعبی چۆن و بۆچی دروستكرا؟

لە ساڵی ٢٠١٣ خۆپیشاندانی پارێزگاكانی سونە و عەشائیرە عێراقیەكان خۆپیشاندانی فراوانیان دژی سیاسەتەكانی نوری مالیكی دەستپێكرد و داعشیش تا دەهات لە سوریا بەهێز تر دەبوو، بۆیە بەسود بینین لە ناسەقامگیری دۆخی عێراق و خۆپیشاندانەكان پلانی دەست بەسەرا گرتنی عێراقی خستە بواری جێبەجێكردنەوە و لە ٢٠١٣/٧/٢١ هێرشی كردە سەر هەردوو زیندانی ئەبوغرێب و تاجی و نزیكەی ١٠٠٠ سەركردەنو ئەندامی قاعیدە و گروپە جیهادیەكانی ئازاد كرد و ڕۆژ بەڕۆژ چالاكیەكانی زیاتر دەبوون و سوپای عێراقیش توانای ڕووبەڕووبونەوەی نەبوو.

لە دوای ئەوەی داعش لە ڕۆژی ٢٠١٤/٣/٧ دەستی بەسەر شاری فەلوجەدا گرت، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نەجەف لەگەڵ سەركردە سەربازیە شیعەكاندا كۆبویەوە و بڕیاری دروستكردنی هێزێكی چەكداری شیعەیاندا بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی خۆپیشاندەرانی سونە و چەكدارانی داعش و هێزەكە تەنها لە ( میلیشیاكانی بەدر و مەقتەداسەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق ) پێك هاتبوو.

بەڵام پێهێنانی ئەو هێزە ڕێگر نەبوو لە فراوانبوونی دەسەڵاتی داعش و لە ٢٠١٤/٦/٦ هێرشی كردەسەر شاری موسڵ و داگیری كرد و لە ٦/١٠ شاری تكریت و ناوچەیەكی بەرفراوانی پارێزگاكانی ئەنبارنو دیالە و سەلاحەدینی داگیر كرد و لە ٦/١٢ زیاتر لە ٢٠٠٠ سەربازی لە سەربازگەی سپایكەر دەستگیر كرد.

لەماوەیەكی كورتدا سوپای عێراق تێكشكاو داعش دەستی بەسەر یەك لەسەر سێی خاكی عێراقدا گرت و گەشتە دەوروبەری شاری بەغداد و شارۆچكەی فەلوجە و ئەبوغرێبی نزیك بەغدادی داگیر كرد چوە هەندێك لەگەڕەكەكانی ڕۆژئاوای بەغدا و لە ناوەڕاستی عێراقیش شارۆچكەی جرف الصخری نزیك كەربەلای داگیر كردوو نزیك بویەوە لە داگیركردنی شاری نەجەف و كەربەلا و بەغدا، ئەمەش وایكرد علی سیستانی مەڕجەعی باڵای شیعەكان فەتوای ( جیهاد كفائی) ڕابگەیەنێت و داوای لە خەڵكی عێراق كرد چەك هەڵبگرن دژی داعش، لە ٦/١٥ سەدان بنكەی ناونسین لە تەواوی شارەكانی عێراق كرانەوە.


*پێكهاتە و هێزی حەشدی شەعبی لە سوپای عێراق بەهێزترە!

حەشدی شەعبی كەلە لایەن فالح فەیاز و هادی عامری و ئەبوهەدی موهەندیسەوە سەركردایەتی دەكرێن لە ٦٧ گروپ و میلیشیای چەكداری پێكدێن، كە ١٢٥ هەزار چەكداریان هەیە، لەو میلیشیایانە و ١٣ گروپیان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێران و فەیلەقی قودسەوە سەركردایەتیان دەكرێت لەوانە ( میلیشیای نوجەبا و حیزبوڵای عێراق و عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتیبەی ابو فچل العباسی باڵی عێراق) كە تەنها ئەم چوار میلیشیایە نزیكەی ٣٦ هەزار چەكداریان هەیە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی ئامارە فەرمیەكان سوپای عێراق تەنها٩٦ هەزار سەربازی هەیە كە بەفەرمی لەخزمەتی سەربازیدابن.

لە ڕووی سیاسیشەوە حەشدی شەعبی خاوەنی هێزێكی سیاسی گەورەن و ١١٨ كورسیان لەناو پەرلەمانی عێراقدا هەیە كە زۆرینەیان لە چوار چێوەی هاوپەیمانێتیەكانی ( فەتح و سائیرون و نصر و تحالفی عێراقی ) دا كۆبونەتەوە، خاوەنی زیاتر لە ١٦حیزب و ڕێكخراوی سیاسی فەرمین و لە حكومەتیشدا هێزێكی گەورەن و چەندین وەزارەتیان لە ژێر دەستدایە.

*ئایا ئێران ڕازیە بە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی؟


لە دوو ساڵی ڕابردودا ئەمەریكا چەندین جار داوای لە حكومەتی عێراق كردوە ملیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشینێتەوە، بەڵام لەژیر فشاری ئێراندا حكومەتی عێراق نەیتوانیوە هیچ ڕێوشوێنك دژی حەشدی شەعبی بگرێتە بەر و زۆرجاریش بە ئاشكرا میلشیاكانی حەشدی شەعی تەحەدای حكومەتیان كردوە و هەرەشەیان لە سوپای ئەمەریكا كردووە.

لە ئێستاشدا حەشدی شەعبی بووە بەداردەستی ئێران و چەكێكی كاریگەر كەدژی ئەمەریكا بەكاری دێنێت بە جۆرێك لە دوو مانگی ڕابردودا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ٧ هێرشیان كردوەتە سەر سوپای ئەمەریكا كە دیارترینیان هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغداد و تەقینەوەی ناوچەی سەوز كە بەرپرسی ئەمەریكی كوژران. و لە كۆتای مانگی ڕابردوشدا ئەو میلیشیایانە هێرشیان كردە سەر بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە شارۆچكەی بەلەد و لە شاری موسڵ.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕژنامەی (ووۆڵ ستریت جۆرناڵ) ی ئەمەریكی دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا بەڵگەی تەواویان لە بەردەستدایە كە هێرشەكانی سەر ٦ كەشتیە نەوت هەڵگرەكەی بەندەری فوجەیرەی ئیمارات و تەقینەوەی بۆری سەرەكی نەوتی سعودیە لە مانگی ڕابردودا میلیشیا شیعەكانی عێراق ئەنجامیان داوە و ئەو فڕۆكەیەی كە هێرشكەی سعودیەی پێ ئەنجامدرا لە باشوری عێراقەوە هاتووە.

پێشتریش ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی كردبوو كە ئێران ١٤ هەزار موشەكی ڕەوانەی عێراق كردوە و ڕادەستی ملیشیا شیعە كانی كردوە بۆیە ئیسرائیل بە مافی خۆی دەزانێت هاوشێوەی سوریا ئەو میلیشیایانە لە عێراقیش بكاتە ئامانج چونكە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائی دروستكردوە، بەڵام ئەوكات ئەمەریكا ڕێگری لە ئیسرائیل كرد هێرش بكاتە سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق.

بەڵام لەدوای هێرشەكانی مانگی ڕابردووی ئەو میلیشیانە بۆسەر بۆری نەوتی سعودیە و بنكە سەربازیەكان و بەرژوەندی و باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق ئەمەریكا ئیسرائیلی دەستكراوە كردوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لایەنگری ئێران.

ئەم بڕیارەی عادل عەبدولمەهدی بۆ یەكخستنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپای عێراقدا لە سەرداوای ئێران بوە و تەكتیكێكی ئێرانیە بۆشاردنەوە و پاراستنی ئەو میلیشیایانەیە لە هەر ئەگەرێكی چاوەڕوان كراو، لەهەمان كاتدا هەوڵێكی ئێرانە بۆ دەستگرتنی تەواوەتی بەسەر سوپای عێراقدا.

لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە هەوڵێكی ئێرانە بۆ خۆ دەربازكردن لە هەر بەرپرسیارێتیەكی نێودەوڵەتی لە ئەگەر ئەنجامدانی هێرش لە ڕێگەی ئەو گروپانە و بەو پێیە بونەتە بەشێك لە سوپای عێراق و لە هەمان كاتیشدا بارێزبەندی عیراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەو میلیشیایانە دەپارێزێت.