نهێنییەكانی پشت كوژرانی قەزافی

05-07-2019 09:07

 
دوای هەشت ساڵ لە كوژرانی قەزافی، ئەمڕۆ ئەو خەونەی كە بەهۆیەوە كوژرا، هاتە دی. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفەریقا كە ژمارەیان ١٥ دەوڵەتە و دانیشتووانەكەیان نزیكەی ٣٨٥ میلیۆن كەسە، دوێنێ لە كۆبوونەوەی لووتكەی ئەبوجادا، بڕیاریان دا دراوی هاوبەشی ئەفەریقی (ئەفرو) لە سەرەتای ساڵی داهاتووە ٢٠٢٠ بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە و بانكی ناوەندی ئەفەریقا بۆ خۆ دەربازكردن لە هەیمەنەی فەرەنسا دابمەزرێنن.

- قەزافی و خەونی ئیمپراتۆریەتی ئەفەریقا!

پرۆژەی دراوی ئەفەریقی بۆ یەكەم جار لە لووتكەی وڵاتانی ئەفەریقی لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن قەزافییەوە پێشنیار كرا. ساڵی ١٩٩١ ڕێكخراوی ئابووریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفەریقا دامەزرا و بڕیار درا دراوی هاوبەشی ئەفەریقی لە ساڵی ٢٠١٤ بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام فەرەنسا هەڕەشەی كرد ئەگەر دراوی هاوبەشی ئەفریقا دروست بكرێت، هێزی سەربازی لە دژیان بە كار دەهێنێت.

قەزافی لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە دەیوست ئیمپراتۆریەتی ئەفەریقا دامەزرێنێت. نازناوی (ملك الملوك)ی ئەفەریقای لە خۆی نابوو. تاكە ڕێگەش لە بەردەم قەزافیدا ئابووری بوو كە پێویستییەكی گرنگی ئەفریقییەكان بوو، كە بەهۆی هەیمەنەی فەرەنساوە كەوتبوونە دۆخی هەژاری و شەڕی ناوخۆوە. بۆ قەزافی كە خاوەنی گەنجینەیەكی گەورەی سامان و نەوت بوو، ئەوە دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ فراواندنی دەسەڵات و پێگەی لە ئەفەریقادا.

- بۆچی فەرەنسا دژی پرۆژەكەی قەزافی بوو؟

بەپێی ڕێككەوتننامەی ساڵی ١٩٦٠ی پاریس بۆ كۆتاییهێنان بە ئیستعماریەتی فەرەنسی كە لە نێوان وڵاتانی داگیركراوی ئەفەریقا و فەڕەنسادا واژوو كرا، فەرەنسا وەك مەرجی ڕێگەپێدان بە سەربەخۆییان، كۆمەڵیك مەرجی بەسەردا سەپاندن.

گرنگترینیان مەرجە ئابوورییەكان بوو:

١- بەپێی ڕێككەوتننامەكە پێویستە وڵاتانی ئەفەریقی دوای سەربەخۆبوونیان، هەر مامەڵە بە فرەنكی فەڕەنسییەوە بكەن.

٢- پێویستە لەسەریان لەسەدا ٥٠%ی پارە و ئاڵتوونی یەدەكی بانكی ناوەندییان لە بانكی ناوەندیی فەرەنسا دابنێن، بەوەش فەرەنسا باجی لەسەدا ٠.٠٧% لەسەر ئەو یەدەكە لە وڵاتانە وەردەگرێت كە ساڵانە نزیكەی ١٠ ملیار دۆلارە و فەرەنسا بۆ فراوانكردنی هەیمەنەی لە ئەفەریقا بەكاری دەهێنێت.

٣- هەروەها پێویستە ئەو وڵاتانە بە ڕێژەی ٨% بودجەی ساڵانەیان لە بانكی ئەفەریقی قەرز بكەن، كە بانكێكی فەرەنسییە و مامەڵە بە فرەنكی فەرەنسییەوە دەكات.

لە دوای ڕێككەوتننامەی ساڵی ١٩٦٠، وڵاتانی ئەفەریقی كەوتنە ژێر قەرزێكی زۆری فەرەنساوە. ئەگەرچی سەربەخۆییان لە فەرەنسا ڕاگەیاندبوو، بەڵام بەهۆی ئەو كۆت و مەرجانەوە كە ڕێككەوتنەكە بەسەریاندا سەپاندی، خاوەنی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسییش نەبوون. بەوەش ئەفەریقا كەوتە شەڕی ناوخۆ و ئاڵۆزییەوە، فەرەنساش چەند سیستەم و دیكتاتۆرێكی بەسەریاندا سەپاند.

هەروەها ئەم ڕێككەوتنە ڕێگر بوو لە پیشكەوتنی وڵاتانی ئەفەریقا، چونكە فەرەنسا ئابووری و سامانی سروشتیی ئەو وڵاتانەی ئەفەریقای بەكار هێنا بۆ بووژاندنەوە و ئاوەدانكردنەوەی فەرەنسا، كە بەهۆی جەنگی جیهانیی دووەمەوە وێران بوو بوو. بۆیە لە كۆتایی ساڵی هەشتاكاندا، كاتێك موعەمەر قەزافی لەوپەڕی ناكۆكیدا بوو لەگەڵ ڕۆژئاوا، بۆ خۆسەپاندنی وەك خاوەن هێز و ڕزگاركەی ئەفەریقا، پێشنیاری ئەو دراوە هاوبەشەی كرد، وڵاتانی ئەفەریقاش بۆ دەرچوون لەژێر كۆت و بەندی فەرەنسا، بە پێشنیارەكە ڕازی بوون.

بەڵام لەژێر فشاری فەرەنسادا پرۆژەكە چوار جار دوا خرا، چونكە فەرەنسا جگە لە هەڕەشەی سەربازی، هەڕەشەی ئەوەی كرد كە دەست دەگرێت بەسەر ئەو ٥٠% یەدەكی بانكییەی كە وڵاتانی ئەفەریقا لە بانكی ناوەندیی فەرەنسا دایان ناوە.

ساڵی ٢٠١٧ ئیمانوێل ماكرۆن لە كاتی سەردانەكەیدا بۆ ئەفەریقا، ڕایگەیاند پرسی پێكهێنانی دراوی هاوبەشی ئەفەریقی پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانیی فەرەنساوە، بۆیە ئەو وڵاتانە و هێمنی و ئاسایش و سەقامگیری بەخۆیانەوە دەبینن كە فرەنكی فەرەنسیان هەیە. ئەم وتەیەی ماكرۆن هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بوو بۆ ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت دەستبەرداری فرەنكی فەرەنسی بن و دراوی هاوبەشی ئەفەریقی بەكار بهێنن.

هەرچەندە ماوەی ٢٠ ساڵە لە دوای ڕێككەوتنی یۆرۆی ساڵی ١٩٩٩ فرەنكی فەرەنسی لە كار كەوتووە و لە ساڵی ٢٠٠١ بە تەواوی وەستێنراوە و كاری پێ ناكرێت، بەڵام تا ئێستا دراوی فەرمیی هەشت وڵاتی ئەفەریقییە و هەندێكیشیان ناچار بوون مامەڵە بە یۆرۆوە بكەن وەك دراوی جێگرەوەی فرەنك.

- موعەمەر محەمەد عەبدولسەلام قەزافی، لە ساڵی ١٩٤٢ لە شاری سرت لەژێر داگیركاریی دەسەڵاتی ئیتاڵیادا لە دایك بووە. لە ساڵی ١٩٦٩ لە كودەتایەكدا مەلیك ئیدریسی لە دەسەڵات دوورخستەوە. دوو هاوسەری هەبووە (فەتحیە نووری- سەفیە فرگاش). خاوەنی هەشت كوڕ و كچێك بووە. لە دوای ٤٢ ساڵ حوكمڕانی، لە ساڵی ٢٠١١ بە دەستی شۆڕشگێڕانی لیبیا كوژرا.