مێژوو و چارەنووسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە (١٩٥٧-٢٠١٩)

11-07-2019 02:06

 

ئەمریكا لە ساڵی ١٩٥٧ هاوكاریی ئێرانی كرد بۆ دامەزرندنی پرۆژەی ئەتۆمی، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ ڕێگری لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی شوعیەت و دەسەڵاتی سۆڤیەت، بەڵام دوای ڕووخانی شا لە ١٩٧٩، خومەینی فەتوای حەرامبوونی پرۆژەی ئەتۆمیی دەركرد و پرۆژەكەشی هەڵوەشاندەوە. دواتر عەلی خامنەیی بە هەمان شێوەی خومەینی فەتوای حەرامكردنی پرۆژەی ئەتۆمیی دەركرد، بەڵام ئایا ئێران لە ئێستادا ئامادەیە دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی هەڵبگرێ؟

- ئەمریكا لە ماوەیەكی كەمدا ئێرانی كرد بە خاوەن بەرنامەی ئەتۆمی :

مێژووی سەرهەڵدانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٧ ئێران لە ١٩٥٧/٣/٥ بە هاوكاریی ئەمریكا لە سەردەمی سەرۆك ئیزن هاوەردا، یەكەم پرۆژەی ئەتۆمیی خستە بواری جێبەجێكردنەوە. دواتر لە ساڵی ١٩٦٧ ناوەندی وزەی ئەتۆمیی تاران كەوتە كار كە ئەمریكا یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ دابین دەكرد، توانای بەرهەمهێنانی پێنج میگاوات كارەبایشی هەبوو.

دواتر لە ١٩٧٣/٤/١٨ ئەمریكا و ئێران ڕێككەوتنێكیان واژوو كرد بۆ فراوانكردنی پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران. بەپێی ڕێككەوتنەكە ئەمریكا هاوكاریی ئێران دەكات تا ساڵی ٢٠٠٠ ژمارەی وێستگەكانی بگەیەنێتە ٢٣ وێستەگەی ئەتۆمی. دواتر لە ساڵی ١٩٧٤ وڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەلجیكا و سوید ڕێككەوتنێكێكیان بە بڕی ٤-٦ ملیار دۆلار لەگەڵ ئێراندا واژوو كرد بۆ بونیادنانی چەند وێستگەیەكی ئەتۆمی و ساڵی ١٩٧٥ وێستگەی بوشەهریش كەوتە كار.

حكومەتی ئێران تەنها بەوە نەوەستا، بەڵكو لە سەدا١٠%ی پشكەكانی كۆمپانیای (یۆرۆدیف)یشی كڕی كە كۆمپانیای هاوبەشی وزەی ئەتۆمیی ئەورووپا بوو، بە بڕی ١٨٠ ملیۆن دۆلار. هەروەها ساڵی ١٩٧٦ حكوومەتی ئێران و جیراڵد فۆردی سەرۆكی ئەمریكا، ڕێككەوتنی كڕینی وێستگەی یەكی دەرهێنانی بلۆتۆنیۆم (سوتەمەنیوێستگەی ئەتۆمییە) واژوو كرد. بەپێی ڕێككەوتنەكە ئێران مافی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیەی كڕی، كە دەكەوێتە باشووری ئەمریكا. هەروەها ساڵی ١٩٧٨ ئێران ڕێككەوتنی بەرەپێدانی وێستگەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەفەریقای باشووردا واژوو كرد.

- پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران لە سەردەمی خومەینیدا:

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی شای ئێران، خومەینی ساڵی ١٩٧٩ فەرمانی كرد بە هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران و ڕاگرتنی چالاكییەكانی. فەتوای دەركرد كە پرۆژەی ئەتۆمی پێچەوانەی بنەماكان و ئەخلاقی ئیسلامە. هەرچەندە وڵاتانی ئەمریكا و ئەورووپا هەوڵیاندا ئێران ڕازی بكەن بە بەردەوامبوون لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی، بەڵام خەمەینی ڕەتیكردەوە.

دواتر لە ساڵی ١٩٧٠-١٩٨١ وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكا هاوكاری و ڕێككەوتنە ئەتۆمیەكانیان لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندەوە، بەڵام دوای دەستپێكردنی شەڕی ئێران- عێراق خومەینی لە فەتواكەی پەشیمان بووەوە و دەستی كردەوە بە پرۆژە ئەتۆمییەكەی بە هاوكاریی ڕووسیا و ئەرجەنتین. ساڵی ١٩٨٤ دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا ڕایگەیاند "ئێران لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا دەبێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی"، بەڵام بە هۆی هێرشەكانی عێراقەوە بۆ سەر وێستەگەی تاران و بوشەهەر و ئەسفەهان، پرۆژە ئەتۆمییەكەی ئێران لە كار وەستا.

- دوای مردنی خومەینی، ئێران جارێكی تر دەستی كردەوە بە پرۆژە ئەتۆمییەكەی بە هاوكاریی ڕووسیا (١٩٩٠-٢٠٠٢).

لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ئێران - عێراق ١٩٨٨ و مردنی خومەینی لە ساڵی ١٩٨٩، ئێران لە ساڵی ١٩٩٠ جارێكی تر دەستی كردەوە بە پرۆژە ئەتۆمییەكەی و لەگەڵ ڕووسیادا. ڕێكخراوی (پرسی پۆلیس)ی دامەزراندا كە ئامانج لێی هاوكاریی ڕووسیا بوو بۆ سەرپێخستنەوە و دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران. ساڵی ١٩٩٥ ڕێككەوتنامەی خستنەوەگەڕی وێستگەی بوشەهەریان واژوو كرد، كە ساڵی ٢٠١١ وێستەگەكە بە تەواوی كەوتە كار.

- پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران و ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ڕووخانی سەدام:
ساڵی ٢٠٠٢ عەلیڕەزا جەعفەرزادەی بەرپرسی هەواڵگریی پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران، بە هاوكاریی ڕێكخراوی موجاهیدینی خەڵق، توانیی لە ئێران هەڵبێت و زانیاریی گرنگی لەبارەی نهێنیی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە ئاشكرا كرد. ڕایگەیاند ئێران دوو وێستگەی ئەتۆمیی نهێنیی هەیە كە ئەوانیش وێستگەی (ئەراك و ناتانزە)ن، كە كار بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی دەكەن. ئەمەش وای كرد ئێران بكەوێتە ژێر فشاری گەورەی ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپاوە.

هەر بۆیە محەمەد خاتەمی، سەرۆككۆماری ئەوكاتی ئێران، لەسەر داوای عەلی خامەنەیی، لە ڕێگەی سویسراوە پێشنیاری بۆ ئەمریكا كرد كە ئێران ئامادەیە پرۆژە ئەتۆمییەكەی ڕادەستی ئەمریكا بكات و هاوكارییەكانی بۆ حەماس و حیزبوڵڵا ڕابگرێت، بە مەرجی پاراستنی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە. پێشنیارەكە لەلایەن ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیاوە پەسەند كرا، بەڵام لە لایەن ئەمریكا و ئیدارەی جۆرج بۆشەوە ڕەتكرایەوە.

- ئێران و یەكەم پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم:

ئێران لەژێر فشاری نێودەڵەتی و هەڕەشەكانی ئەمریكادا، لە ٢٠٠٥/٩/١٨ ڕێگەی بە پشكنەرانی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمدا سەردانی وێستگە ئەتۆمییەكانی بكات، دواتر لە ڕاپۆرتێكدا ڕێكخراوی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند ئێران هەوڵی بەدەستهێنا چەكی ئەتۆمی دەدات و زانیاری و بەڵگەكانی لە ڕێكخراوە كەیان شاردوەتەوە، هەربۆیە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا داوایان كرد ئێران دەستبەجێ تەواوی پرۆژە ئەتۆمیەكەی ڕابگرێت و ئەمریكا كۆمەڵێك سزای بەسەر ئێراندا سەپاند.

لە وەڵامدا ئێران لە ٢٠٠٦/٢/٦ بڕیاریدا هەموو هاوكارییەك لەگەڵ ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی جیهان ڕابگرێت. ئەحمەدی نەژادی سەرۆككۆماری ئێران لە مانگی ٢٠٠٦/٤/١١ ڕایگەیاند ئێران یەكەم پرۆسەی پێتاندنی یۆرانیۆمی بە ڕێژەی ٣.٥% بە بەكارهێنانی ١٠٠ پەستیوەری ناوەندی ئەنجامداوە و ئەمەش بوو بە سەرەتای یەكەم هەنگاوی ئێران بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی. ئەم هەنگاوەی ئێران ناڕەزایەتییەكی زۆری لای ئەمریكا و ئەوروپا دروست كرد و لە مانگی ٢٠٠٦/٩/٢٧ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بڕیاری ١٧٣٧ سزای بەسەر ئێراندا سەپاند بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی.

لە ماوەی ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٨ ئەنجومەنی ئاسایش ٧ بڕیاری دژی ئێران دەركردوە كە ئەوانیش بیتین لە:

١- بڕیاری (١٦٩٦ ڕۆژی ٢٠٠٦/٦/٣١) كە لەژێر بەندی حەوتدا داوای لە ئێران كرد پێویستە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ڕاگرێت و بڕیارەكەش لەژێر بەندی ٧ی میساقی نەتەوەیەكگرتووەكاندا دەركراوە كە ئەگەر ئێران پابەند نەبێت، دەتوانرێت هێزی سەربازی دژی بەكار بهێنرێت.

٢- بڕیاری (١٧٣٧- ڕۆژی ٢٠٠٦/٩/٢٣) كە بەپێی بڕیارە هەموو هاوكارییەكی پرۆژە ئەتۆمییەكەی ئێران قەدەغە كرا و سزای ئابووری بەسەر ژمارەیەك كەسایەتی و ڕیكخراودا سەپێندرا كە پەیوەندییان بە پرۆژە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە هەیە.

٣- هەروەها بەپێی بڕیارەكانی ژمارە (١٧٤٧ ڕۆژی ٢٠٠٧/٣/٢٤) و بڕیاری (١٨٠٣ ڕۆژی ٢٠٠٨/٣/٣) و بڕیاری (١٨٣٥ ڕۆژی ٢٠٠٨/٩/٢٧) و بڕیاری (١٩٢٩ ڕۆژی ٢٠١٠/٥/٩) و بڕیاری (١٩٨٤ ڕۆژی ٢٠١١/٥/٨) ژمارەیەك سزای توند بەسەر ئێراندا سەپێنران كە توانای پرۆژە ئەتۆمییەكەی ئێرانی دواخست و ڕێگر بوو لەوەی ئێران بگاتە ئاستی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی

بەڵام چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران بە شێوەیەكی زۆر خێرا پەرەی سەند، بە جۆرێك لە ماوەی چوار ساڵدا (٢٠١٠-٢٠١٤) ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە ٤٧ كیلۆگرامەوە گەیاندە ٨٢٧١ كیلۆگرام، ڕێژەی پیتاندنی لە ٣.٥% گەیاندە ٢٠% و ژمارەی ئامێرێ پەستاندن (جهاز گرد المركزی) لە ١٠٠ ئامێرەوە گەیاندە نزیكەی ١١ هەزار ئامێر، وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی بلۆتۆنیۆم (سوتەمەنی وێستگەی ئەتۆمIR40 ) لە وێستگەی ئەراك كردوە، نزیك بوو لەوەی لە ماوەی دوو ساڵدا بۆمبی ئەتۆمی بەهەرهەم بهێنێت و ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیەنێتە ٩٠% كە ڕێژەی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی

بەڵام ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشی ئەلیكترۆنی (ڤایرۆسی سایبەرەوە) سیستەمی بەڕێوەبردن و كارپێكردنی وێستگەی ئەڕاك و ناتانزی تێكدا، بەو هۆیەوە پرۆژەی بەرهەمهێنامی بۆمبی ئەتۆمی ئێرانی بۆ چەند سالێك (٦-١٠) دواخست. ئێران دوای ئەو هێرشە نەیدەتوانی پرۆژە ئەتۆمییەكەی دەستپێبكاتەوە، بەهۆی ئەو سزا ئابوورییانەی بەسەریدا سەپێندرابوون.

- ئێران چۆن كۆمەڵگای نیودەوڵەتیی فریو دا؟

لە دوای هێرشە ئەلیكترۆنییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر وێستگەی ئەراك و ناتانز كە بۆ مەبەستی سەربازی و دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی بەكار دەهات، ئێران وەك هەوڵێك بۆ فریودانی ئەمریكا و ئەورووپا و دووبارە دەستكردنەوە بە پرۆژەكەی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ بە نهێنی و بە نێوەندگیریی ڕووسیا، داوای دانوستانی لەگەڵ ئەمریكا و ئەورووپا كرد. ساڵی ٢٠١٥ پەردە لەسەر گفتوگۆ و دانوستانەكانی وڵاتانی (٥+١) لادراو.

وڵاتانی ( ٥+١ ئەمریكا - ڕووسیا- چین- فەرەنسا- ئەڵمانیا- ئێران) لە ٢٠١٥/٤/٢ ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێرانیان واژوو كرد، كە بەپێی ڕێككەوتنەكە كە ماوەكەی١٥ ساڵە ڕێگە بە ئێران دەدرێت بە ڕێژەی ٣.٦٧% یۆرانیۆم بپیتێنێت لەژێر چاودێریی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمیی جیهاندا، لە بەرامبەردا سزاكانی سەر ئێران هەڵگیرا.

- ئایا ترەمپ كۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەهێنێت؟

لە دوای واژووكردنی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران، باراك ئۆباما لە ٢٠١٦/١/٢٣ سزا ئابوورییەكانی سەر ئێرانی هەڵگرت. بەوەش كۆمپانیا جیهانییەكان ڕوویان لە ئێران كرد و ئابووریی ئێران بووژانەوەی بە خۆیەوە بینی، بەڵام ئەمە تەنها چەند مانگێكی خایاند و ترەمپ كۆتایی بە خۆشبەختیی ئێران هێنا.

دۆناڵد ترەمپ هەر لە سەرەتاوی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانەوە یەكێك لە دروشمەكانی هەڵوەشاندنەوە و كشانەوە بوو لە ڕێككەوتنامەی ئەتۆمیی ئێران. هەر بۆیە دوای سەركەوتنی لە هەڵبژاردندا و گرتنەدەستی دەسەڵات، لە ٢٠١٨/٥/٨ لە ڕێككەوتنامەی ئەتۆمیی ئێران كشایەوە و لە ٢٠١٨/١١/٥ سزای ئابووریی زۆر توندی بەسەر ئێراندا سەپاند، كە لە مێژووی ئێراندا هاوشێوەی نەبووە.

سزاكان جگە لە كەرتی نەوت و غاز و پیشەسازی، هەروەها ٦٠٠ كۆمپانیا و كەسایەتی خرانە لیستی ڕەشی ئەمریكاوە. بە وتەی مایك پۆمپیۆ، زیاتر لە ١٠٠ كۆمپانیای جیهانی بە هۆی سزاكانەوە لە ئێران كشاونەتەوە و ئەم سزایانە بووە هۆی ئەوەی ئابووریی ئێران تووشی داشكان، ترەمپ هەر بەوە نەوەستا و ڕۆژی ٢٠١٩/٥/٣ جارێكی تر سزای بەسەر ئێراندا سەپاند و بە تەواوی كڕینی نەوتی ئێرانی قەدەغە كرد.

سزاكان بە تەواوی كەرتی وزە و پیشەسازی و هەناردەی ئێرانی تووشی قەیرانێكی گەورە كردووە. ترەمپ ڕایگەیاندووە دەیەوێت هەناردەی نەوتی ئێران بكات بە سفر، مایك پۆمپیۆی ورزیری دەرەوەی ئەمریكاش ڕایگەیاند كە زیاتر لە ١٠٠ كۆمپانیای جیهانی لە ئێران كشاونەتەوە و نرخی تمەنی ئێرانی بە ڕێژەی سەدا ٣٠٠% دابەزی و هەناردەی نەوتی ئێران بۆ لەسەدا ١٠% دابەزیوە و هەناردەی ئێران بۆ لە سەدا ٣٥ % كەمی كرد.

ترەمپ بەردەوامە لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا, لە مانگی نیسانی ٢٠١٩ الحرس الپوری ئێرانی خستە لیستی تیرۆرەوە و لە ٢٠١٩/٥/٣ بەتەواوی كڕینی نەوتی ئێرانی قەدەغەكرد و سزای بەسەر هەناردەكردنی ئاسن و مادەی خامی پیشەسازی ئێراندا سەپاندا

لە دوای خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی ئەمەریكیش لەمانگی ڕابردودا ترەمپ سزای بەسەر علی خامەنەئی و چەند بەرپرسێكی ئێرانی دا سەپاند و ئێستاش هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەكات ئەگەر ئامادەی گفتۆو دانوستان نەبێت. چونكە ترەمپ بە هەر نرخێك بێت كۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران دەهێنیت بە گفتۆ و دانوستان بێت یاخود ڕووخانی ڕژێمی ئێران, چونكە مانەوەی ئێران لەفۆڕمەی ئێستایدا مەترسیە بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسیشی نیشتمانی ئەمریكا.

بەڵام ئەم سزایانە تاچەند كاریگەر بووە لەسەر ئێران؟ ئایا ئێران تاكەی دەتوانیت خۆی ڕابگرێت؟ ئایا دەسبەرداری بەرنامە ئەتۆمیەكەی دەبێت؟ ئەو هۆكارە چییە كە ئێرانی بە ڕزگاركەری دەزانێت؟ ئەمانە و وەڵامی چەند پرسیاریكی تر لە شیكاری داهاتودا دەخەینەڕوو.