تورکیا بە (S400)ەوە بەرەو کوێ ناتۆ بەجێدەهێڵێ؟

14-07-2019 01:58


مووشەکەکان وەک بڕیار بوو لە ناوڕاستی تەمموزدا بگەن، گەیشتن. بەمەش ئیدي هەموو ئەو گومانانە ڕەوینەوە، کە پێیان وابوو ئەردۆگان پرسی ئەم مووشەکە (S400)ە ستراتیژي‌یە تەنیا وەک گوشارێک بۆسەر غەرب بەکاردەهێنێ و ناگاتە ئەوەی بوێرێ چەکێکی ڕووسي‌ی وا ستراتیژي و خەتەر بباتە ناو ماڵی سەربازي‌ی ناتۆوە.

بیانووەکانی تورکیا بۆ ئەم هەنگاوە لە ڕووە فەرمي‌یەکەیدا ئەوەیە، ئەمەریکا ڕازي نەبووە سیستەمی بەرگري‌ی ئاسماني‌ی پاتریۆتی پێ بفرۆشێ، ئەگەرچي تورکیا ئەندامی ناتۆیە. ساڵی ٢٠١٢، لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ لە سووریادا، تورکیا داوای لە ناتۆ کرد، یارمەتي‌ی بدەن بۆ بەرگري‌ی ئاسماني بە ڕەچاوکردنی پێشهاتە نوێێەکان. ناتۆ داواکەی تورکیای تەنیا بۆ سێ شوێن قبووڵ کرد و هەوت شوێنی دیکەی ڕەتکردەوە کە هەموویان سەر سنوورەکانی سووریا بوون. هۆڵەندا و ئەڵەمانیا، کە لەپاڵ ئەمەریکادا مۆدێرنترین سیستەمی بەرگري‌‌ (Patriot MIM 104)یان هەیە، چوون و تا ساڵی ٢٠١٦ لە تورکیا جێگیر بوون. بەڵام لە ڕاستي‌دا تورکیا بە کڕینی سیستەمی S400ی ڕووسي، کە زۆر لە پاتریۆتی ئەمەریکي هەرزانتریشە، دەیەوێ پێگەیەکی جیۆسیاسي‌ی نوێ و ڕۆڵێکی گەورەتر و گرنگتر بۆ تورکیا بەدەست بهێنێ. سەرچاوەی هەواڵ هەن، باس لەوە دەکەن، ئەمەریکا لە کۆتایي‌دا ئامادەبوون پاتریۆت بە تورکیا بفرۆشن.

کێشەی ئەمەریکا و ناتۆ لەگەڵ کڕینی S400 لەلایەن تورکیاوە هەر دۆڕاندنی پێگەیەکی سیاسي‌ی یەکجار گرنگ نییە لە چەقی ململانێکانی دنیادا، بەڵکو دۆڕاندنی سەردەستي‌یەکانی خۆیشین لە تەکنەلۆژیای سەربازي‌دا. ترسی گەورەی ئەوەیە، ڕووسیا بە جێگیرکردنی S400 لەتورکیا دەستی بگا بە نهێني‌یە تەکنیکي‌یەکانی سیستەمی هێرشەکي‌ی F35، کە پێشکەوتووترین شەڕکەری ئاسسماني‌ی ئەمەریکایە. بۆیە لە ماوەی پێشوودا ئەمەریکا ڕاهێنانی فڕۆکەوانە تورکەکانی لەسەر F35 لە ئەمەریکا وەستاند و پڕۆژەی دروستکردنی هەندێک پارچەی فڕۆکەکەشی لە تورکیا ڕاگرت. ترامپیش هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووري‌ی کرد و پەنتاگۆنیش مۆڵەتی دانا بۆ تورکیا بۆ پاشگەزبوونەوە لە کڕینی چەکەکە. بەڵام وا تازە چەکەکە گەیشت.

دەمێکە ئەمەریکا و ئەوروپي‌یەکان، سەرەڕای هەموو ئیستیفزازە زارەکي و کردەکي‌یەکانی ئەردۆگان و یاریکردنی تورکیا لەنێوان بەرەی غەرب و شەرقدا، دانیان بە خۆیاندا گرتووە و هێشتا هیچیان لەگەڵ تورکیادا تێکنەداوە شایانی ناوهێنان بێ. نایانەوێ بە ئاساني ئەو پێگە جیۆسیاسي‌یە یەکجار گرنگەی تورکیا بدۆڕێنن بە قازانجی ڕووسیا و وڵاتانی بەرەی نەیار بە غەرب. پەیوەندي‌ی ئێستای غەرب بە تورکیاوە وەک هی ئەو ژن و مێردە وایە، کە ئەمیان بەویان دەزانێ دەستی لەگەڵ پیاوی دیکەدا تێکەڵ کردووە و دەمێکە لەبەر ساردي‌ی نێوانیان لەگەڵ یەکدا نان ناخۆن و ناخەون، بەڵام لەبەر حیساباتی باج و کرێ نایگەیەننە تەڵاق. پرسیارەکە ئەوەیە، ئێستا، کە تورکیا بە وەرگرتنی S400 پیاوە غەریبەکەی هێناوەتە ناو ماڵەکەوە، مومکینە پەیوەندي‌ی ناتۆ و تورکیا نەگاتە تەڵاق؟

ئاشکرایە مەنجەڵی سیاسي‌ی غەربي درەنگ دێتە جۆش و دەماری پیاوەتي هەڵچوونی خێرایان پێ دەرناپەڕێنێ. بەر لەوەی بیر لە تۆڵە بکەنەوە، بیر لە حیساباتی قازانج و زیان دەکەنەوە. تورکیاش بە گەورەیي‌ و گرنگي‌یە مێژوویي و جیوسیاسي‌یەکەیەوە پرسێکی ئاڵۆزە. بۆیە کاردانەوەی ئەمەریکا و ناتۆیش پێ دەچێ هەر ئاڵۆز بێ. کارتەکانی بەردەستیان زۆر نین. جاران لە حاڵەتی وەهادا سووک و باریک سوپایان دەجووڵاند و کودەتایەکیان دەکرد، کاتێک حکوومەتێکی تورکي‌ پێی درێژ بکردایە. بەڵام ئەردۆگان، لەڕێی پرۆسەی دادگایي‌ی (ئەرگەنەکۆن)ەوە لە ٢٠٠٧ەوە تا ٢٠١٣ لە بناغەی دەسەڵاتی سوپا و ژەنەراڵەکانی دا. پاش کودەتا سەرنەگرتووەکەی ٢٠١٦یش، کە ئەردۆگان ناڕاستەوخۆ ئۆباڵەکەی خستە ئەستۆی ئەمەریکا، ئیدي بناغەی دەسەڵاتی سیاسي‌ی سوپای هەڵتەکاند. بەمە ڕێی خۆش کرد بۆ سەردەمێکی سیاسي‌ی تەواو جیاواز؛ بۆ تورکیایەکی دیکە. بە گۆرینی دەستووریش بۆ سیستەمی سەرۆکایەتي لە ٢٠١٨دا‌ هەنگاوێكی گرنگی دیکەی نا بۆ چەسپاندنی سیستەمە سیاسي‌یە نوێیەکەی خۆی.

لەپاڵ سوپادا هەمیشە غەرب لە تورکیادا لەناو هێزە سیاسي‌یەکاندا شەریکەقسەی هەبوو. ئێستا کە سوپای لەبەردەستدا نەمابێ، لەگەڵ کێدا قسە بکا؟ هەڵسانەوەی جەهەپە بێ گومان دڵی ناوەندە سیاسي‌یەکانی غەربی خۆشکردووە. بەڵام ئایا تازە تورکیای ئەردۆگان بە هێزی هەڵبژاردنان دەگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێچکە کەمالي‌یەکەی بەر لە ١٧ ساڵ، بە تایبەتیش کە هەڵبژاردنە پەرلەماني‌یەکانی داهاتوو چوار ساڵی دیکە ڕوودەدەن؟ بەڵام پرسیاری گرنگتر ئەوەیە، کارتەکانی ئەردۆگان خۆی چین و ستراتیژەکەی بەرەو کوێیە؟

ئەمە یەکەم جار نییە تورکیا کەڵک لە چەکی ڕووسي وەربگرێ بۆ گۆڕینی چارەنووسی جیوسیاسي‌ی خۆی. ڕووسیا، کە لایەنێکی سەرەکي‌ی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ بوو بۆ دابەشکردنی میراتی دەوڵەتی عوسماني، بە هۆی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ەوە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و ناوەڕۆکە نهێني‌یەکەشی بۆ کەمال ئەتاتورک ئاشکرا کرد. ئەتاتورک لەگەڵ لینیندا ڕێککەوت. بە ڕەسمي دەستی لە دۆرگەی قرم بۆ یەکێتي‌ی سۆڤێت هەڵگرت و بە چەکی ڕووسي و پشتیواني‌ی سیاسي‌ی کۆمۆنیستەکان دەستی بە "شەڕی ڕزگاري"‌ کرد بۆ بەگژداچوونەوەی هێزە ئەوروپایي‌یەکان و ئەو چارەنووسەی لە سایکس پیکۆدا بۆی دیاریکرابوو. بەوەش پەیماننامەی سیڤەری ١٩٢٠ی هەڵوەشاندەوە و ڕێی لە لێکردنەوەی باکووری کوردستان و ناوچەکانی بەری ڕۆژئاوای سەر دەریای ناوڕاست گرت و بە ڕێککەوتننامەی لۆزان لە ١٩٢٣دا تورکیای ئەمڕۆی پێکهێنا. بەڵام مستەفا کەمال پاشا سەرسامی فەرەنسا و "مەدەنییەت"ی ئەوروپای ڕۆژئاوا بوو، نەک ڕووسیا وکۆمۆنیزم. بۆیە تورکیا هەر ئەوەندە جێپێی خۆی قایم کرد، پشتی لە ڕووسیا کرد و وەک سەربازێکی دڵسۆز چووە بەرەی غەربەوە و ساڵی ١٩٥٢یش بووە ئەندام لە ناتۆ دژ بە بلۆکی سۆڤێت.

ئێستا دوای نزیکەی سەد ساڵ ئەردۆگان بە هەمان شێوە دەیەوێ بە پشتی چەکی ڕووسي و پشتیواني‌ی سیاسي‌ی پۆتین و ڕووسیا چارەنووسی جیۆسیاسي‌ی تورکیا لەو نەخشەیە دەربکا کە ئەمریکا و ناتۆ بۆیان دەستنیشان کردووە. جیاوازي‌یەکە ئەوەیە، ئەتاتورک، وەک دیکتاتۆرێکی عەلماني‌ی لیبراڵیست، بەرچاوی ڕوون بوو کەشتي‌ی وێڵی تورکیا لەناو گێژ و شەپۆلی وەرچەرخانەکەدا لە کامە بەندەری پتەو دەگیرسێنێتەوە. ئەردۆگان، وەک سوڵتانێکی ئیسلامڕەوی مەحافیزکار، بە پێچەوانەی ئەتاتورکەوە، دەزانێ کامە بەندەر بەجێدەهێڵێ، بەڵام نازانێ لەکوێ کەشتي‌یەکە دەگیرسێنێتەوە. دنیای ئیسلام بەندەری نییە و ڕووسیای مەسیحي‌ی مەحافیزکاری پۆتینیش، جگە لەوەی لەگەڵ پێناس و جیهانبیني‌ی کولتوورسیاسي‌ی ئەردۆگاندا یەک نایەتەوە، هێشتا لەچاو ئەمەریکا و ئەوروپادا بەندەرەکانی فشەڵن.

بەر لە پتر سەد ساڵ سێ پاشاکەی ئیتتیحاد و تەرەققي (ئەنوەر و تەڵعەت و جەمال) بۆ گەورەتربوون و دەستکەوتی زێدەتر ساڵی ١٩١٤ سەرکێشانە بە کەشتي‌ی ئیمپراتۆریای عوسماني‌یەو چوونە شەڕەوە و کەشتي‌یەکەیان بە تێکشکاندن دا. لە داروپەردووەکەی، کەمال ئەتاتورک بە هەزار حاڵ ئەم کەشتي‌یە کۆماري‌یە بچووکترەی تورکیای لێ پێکەوەنایەوە. بەم کەشتي‌یە کۆماري‌یەوە ئێستا ئەردۆگان بۆ گەورەترکردنی دەسەڵاتی تورکیا سوڵتانانە خۆی داوەتە دەست سەفەرێکی هات و نەهات. هێشتا زووە بزانرێ بەم سەرکێشي‌یە کەشتي‌یە کۆماري‌یەکەش بە دەردی ئەوەی دەوڵەتی عوسماني دەچێ و بچووکتر دەبێتەوە. بەڵام گران دێتە بەر چاو، ئەم کەشتي‌یە هەتا لەنگەر دەگرێتەوە وەک خۆی بمێنێتەوە.

لەناو جەرگەی ئەم دیمەنەدا، کوردی هەموو پارچەکان، کە گەورەترین قورباني‌ی سەد ساڵی ڕابوردووی تورکیان، وەک پیشەی کۆنی خۆیان، ناکۆک و پەرەوازە و هەڵنەڕوانیو دەردەکەون. سەد ساڵ لەمەوبەر خاکەنازکاري‌یان بۆ ئەتاتورک کرد بۆ ئەوەی تورکیا دابمەزرێنێ و خۆیانی تێدا بنێژێ. ئەوسا دەمارگیري‌ی ئیسلامي و خەیاڵکورتي‌ی عەشایري بەر چاوی گرتبوون. ئەمڕۆ لە کوردستانی باشوور ماڵی بەرزاني بە شێوەیەکی سەرەکي و ماڵی تاڵەباني بە شێوەیەکی لاوەکي بە خەیاڵێکی خێڵەکي‌ی ئێکسپایەرەوە، وەک ئەمارەتەکانی سەدەکانی ١٨ و ١٩، پاسیڤانە لە نێوان شەڕی فیلە جیهاني و هەرێمي‌یەکاندا لە پەراوێزێک دەگەڕێن، درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان و وەچەکانیان بدەن. پەکەکە، بە پێچەوانەی ئەوانەوە، ئەمارەتەکانی تێپەڕاندووە و پێی لەناو دنیای مۆدێرنەدایە. بەڵام ئەویش لەو بەشەی مۆدێرنەدایە، کە وەک مۆدێلێکی بەسەرچوو ماڵئاوایي لە مێژوو دەکا. پرسیارێکی دیکە ئەوەیە، ئایا ئێستا پەکەکە بە سەرۆکێکی دیلەوە، کە هێشتا قسەی دەڕوا، و دیدێکی ئایدیۆلۆژي‌ی چەپڕەوی ناڕوونەوە بۆ کۆنسێپتی نەتەوە و دەوڵەت، چاوی لەسەر جێگەیەکە لەناو کەشتي‌یە تورکي‌یەکەدا یان کار بۆ ڕۆژگاری دوای تێکشکانێکی موحتەمەلی کەشتي‌یەکە دەکا؟