نێچیرڤان بارزانییش نەمامەکەی چاند: چالێنجی من بۆ حکومەتی نوێ

06-08-2019 11:56


چالێنجی نەمام چاندن لە هەرێمی کوردستان چەند مانگێکە هەندێک کەس و بەرپرسی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە. لە راستییدا ئەو جۆرە دەستپێشخەرییانە خراپ نین، بەتایبەت بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی. ئەو چالێنجانە/ئالنگاریی/تەحەدییانە زیاتر بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و کڕاودفەندینگ بەکەڵکن. 

ئەوەی کۆمی-تراجیکە سەرۆک وەزیرانی پێشو و ئێستا سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانیی دوای ٢٠ ساڵ لە پۆستی سەرۆک وەزیران تەنها توانی ماڵەکەی خۆی سەوز بکات. جێگری سەرۆک وەزیرانیش قوباد تاڵەبانی دوای چوار ساڵ لەو پۆستە، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ژیانی لە دەرەوە بردۆتە سەر و لە گرنگیی سەوزایی باش تێدەگا، کەچی بە چالێنجی چاندنی نەمامێک دڵی خۆشکردین! سەرۆک وەزیرانی ئێستاش مەسرور بارزانیی، توڕە و تیژ دیارە پێدەچێت کەس جورئەتی نەکردبێت چالێنجی بکات بە چاندنی نەمامێک!

بەڕێزان سەرۆک، سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، لە راستییدا من چالێنجێکم بۆتان هەیە؛ ناڵێم چاو لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا بکەن و پڕۆژەی وزەی خاوێن و بەکارهێنانەوەی سەدا-سەد و سفر-دوانەئۆکسیدی کاربۆن و کۆتاییهێنان بە پیسبون و عەدالەتی ژینگەییتان هەبێت، بەڵکو دەڵێم چاو لە سەرۆک وەزیرانی پاکستان بکەن. هەرسێکتان ئینگلیزیی دەزانن و دەتوانن سێرچ بکەن بزانن عیمران خان چی کردوە، بەڵام من بۆتان ئاسانتر دەکەمەوە. 

ساڵی ٢٠١٣ حیزبەکەی عیمران خان تەنها توانی هەرێمی خەیبەر پاختونخوە بباتەوە. پلانێکی ستراتیژییان دانا بۆ چاندنی یەک ملیار نەمام. ناویان نا 'تسونامیی یەک ملیار نەمام'. ١٦٩ ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان کرد. لە ٢٠١٧ ئەو پڕۆژەیەیان بە ئەنجام گەیاند. بە دەیان هەزار دەرفەتی کاریشیان دروستکرد هەر لەڕێی ئەو پڕۆژەیەوە.

دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکان، ساڵی پار، حیزبەکەی سەرۆک وەزیران(خان) پلانێکی تری داناوە. 

ئێستا پاکستان پلانیداناوە بۆ چاندنی ١٠ ملیار نەمام. لە ٢٠٠ شوێندا لە وڵاتدا نەمام دانراون و هەرکەسێک دەتوانێت نەمام ببات و بيچینێت. پاکستان پلانەکەی وایە بەهەرەوەزیی نەمام بچێنن لەگەڵ جڤاک و کۆمپانیا و خاوەن کاران بۆ روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. پاکستان ئەو پلانەی بە 'تسونامیی ١٠ ملیار نەمام' ناوناوە. گۆڕانی کەشوهەوا نزیکەی چوار ملیار دۆلار زیانی لە پاکستان داوە لە ١٩٩٨ەوە، ١٠ هەزار کەسیش بۆتە قوربانیی.

ساڵی رابردو زەویی و زاری خەڵک، بە گوێزەکەی ئێمەشەوە لە گەلەژێری گوندما کە زۆرم دڵ پێی خۆش بو، لافاو بردی. زیانەکانی لافاو ساڵانە زیاد دەبن. قوربانیی زۆریشی لێ کەوتۆتەوە. ئێستا ئێوە دەتوانن، بەتایبەت سەرۆک وەزیرانی نوێ و جێگرەکەی، پڕۆژەیەکی گەورە رابگەیەنن بۆ سەوزکردنی کوردستان. ئەو پڕۆژەیە دەکرێت لەگەڵ دەیان و سەدان کۆمپانیا و خاوەن کاریش بەهەماهەنگیی ئەنجامبدەن. خۆتان دەزانن چ بێکارییەک روی لە کوردستان کردوە، دەتوانن کەمۆکەک ڕوبەڕوی ئەو بێکارییە ببنەوە. دەتوانن لەبری ئەوەی ساڵانە بە هۆی لافاوەوە بودجەی تایبەت تەرخان بکەن و قەرەبوی خەڵک بکەنەوە، دەتوانن هەر بەو بودجەیە دەیان هەزار نەمام بچێنن و روبەڕوی گۆڕانی کەشوهەوا و لافاو ببنەوە. ئێمە نابێت تەنیا لە شەڕی داعشدا بەشدارییمان هەبێت لە دونیادا، پرسی روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پرسی هەموانە، هەمو گەلانی دونیا دەبێت پێکەوە ڕوبەڕوی ببنەوە. 

ئەگەر حکومەتی نوێ چالێنجی دەوێت، ئەوا با ئەو چالێنجەی من قبوڵ بکات و چاو لە سەرۆک وەزیرانی پاکستان بکات. من ناڵێم ملیارێک نەمام بچێنن، بەڵکو ١٠٠ ملیۆن نەمام بچێنن لە چوار ساڵی داهاتوتان.