ساڵی نوێی خوێندن و كێشەیەكی كۆنی نوێ

22-09-2019 02:36

 

لەگەڵ كرانەوەی دەرگای خوێندن، كێشەیەكی نوێ، كە لە بنەمادا نابێت كێشە بێت، یەخەمان دەگرێت، ئەویش كێشەی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و پرسی ڕەخساندنی هەلی چوونیەكی خوێندن لە هەموو ئاستەكاندا.

ڕۆژانە دایك و باوك و خانەوادەكانیان پەیوەندی دەكەن و گازندەی ئەوەیان هەیە كە لە فڵانە قوتابخانە منداڵەكانیان وەرناگیرێن، ئەوەش تەنها و تەنها لەبەر ئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن.

ئەم كێشەیە لە یاسادا نییە، پەیوەندیی بە بڕیاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەكانیشەوە نییە، بەڵكو بڕیارێكی تاكلایەنەی هێندێك لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكانە.

ئێمە لە كاتێكدا سوپاس و ڕێزمان هەیە بۆ ئەو بەڕێوەبەر و مامۆستا و قوتابخانانەی كە بە پەرۆشەوە ئەركی خۆیان بەپێی یاسا جێبەجێ دەكەن و ئاسانكاری بۆ كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكەن، لە هەمان كاتدا ڕووی ڕەخنە و گلەیی جیددیشمان لەو بەڕێوەبەرانەیە كە بە پاساوی ناڕەوا دەست بە ڕووی منداڵانەوە دەنێن و لەو مافە سەرەتایی و یاساییە بێ بەشیان دەكەن، یان بە ناڕەوا دڵی خۆیان و خانەوادەكانیان دەشكێنن.

بە پێی ماددەی نۆیەم لە یاسای ۲۲ی ساڵی ۲۰۱۱، هەر كەسێكی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت، مافی فێربوونی هەیە، ئەویش بە مسۆگەركردنی بەدەستهێانی دەرفەتی چوونیەك بۆ وەرگرتن لە دەزگاكانی پەروەردە و فێركردن بە هەموو قۆناغەكانیەوە، لە نێوانیاندا خوێندنی باڵا. نابێت كەمئەندامی ببێتە ڕێگر لەبەردەم وەرگرتنی لە هەر دەزگایەكی پەروەردەیی، یان فێركرنی فەرمی، یان تایبەتدا.

ئەوە ڕاستە كە هێندێك لە قوتابخانەكان توانای پێویستیان لەبەردەستدا نییە و حكوومەت ئەو پێداویستییانەی نەڕەخساندووە كە ئاسانكاری بۆ كەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكەن، بەڵام نابێت ئەمە ببێتە پاساوێك بۆ بێبەشكردن و پێویستە قوتابخانە سەرجەم تواناكانی بخاتە خزمەت كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و بە ژمارە ئەم مافە بەراورد نەكات و نەڵێت ئەم ڕێوشوێنە بگرمە بەر بۆ ئەوەی یەك كەس سوودمەند بێت؟ بەڵێ مامۆستای بەڕێز یەك كەس، چونكە مافیەتی .

هیوادارم هەر قوتابخانەیەك ڕێگری كرد، دایكان و باوكان بەدواداچوون بكەن و ڕێگە نەدەن منداڵانی كەمئەندام بێ بەش ببن لەو مافە.