پارتی سەری نایەشێ‌ و پەڕۆی لێ دەبەستێ

23-09-2019 04:20


لە دوای ریفراندۆم و تێكچوونی پەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەدواوە، پارتی بە تەواوی خرایە گۆشەیەكەوە. نیوەی ناوچەكانی كاركردنی خۆی لەدەستدا و گەمارۆی سیاسی و ئابووری و سەربازی خرایە سەر، پۆستی سەرۆكی هەرێمی لەدەستچوو، گوشار خرابووە سەری تا حكومەتیشی لەدەست دەربهێنرێت و خۆریان بەرەو ئاوابوون بچێت.

چاوەڕوانییەكان بۆ لاوازبوونی پارتی بەجۆرێك بوون، كەم كەس پێیوابوو بە ئاسانی دەتوانێ‌ بێتەوە گۆڕەپانەكە. بەڵام نەك هەر پارێزگاری لە مانەوەی خۆی كرد، بەڵكوو یارییەكەی بەجۆرێك هەڵگێڕایەوە كە بۆ یەكەمجار لەدوای شۆڕشی ئەیلوولەوە ببێتە حیزبی یەكەمی خاوەن بڕیار. لەدوای ئەو رووداوانە، ئێستا پارتی دۆخێكی بۆ دروستبووە، بە درێژایی مێژووی بنەماڵەی بارزانی و تەمەنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەرفەت و دەستكەوتی وەكوو ئێستا نە بۆ ماڵبات و نە بۆ حیزبەكەشیان نەڕەخساوە.

بارزانی لە دەرەوەی دامەزراوەی دەستووری و هیچ ناو و پۆستێك كە ئیجماعی سیاسی لەسەر بێت، بەڵام لەڕووی واقیعییەوە دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساوە مومارەسەی رۆڵی مەرجەع یان رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بكات. كوڕی بارزانی بووە بە سەرۆكی حكومەت، برازای بارزانی بووە بە سەرۆكی هەرێم، حیزبەكەشی بە خاوەن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی. لە شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە تا ئێستا ئەم بنەماڵەیە لە ترۆپك و ریزی پێشەوەی مەسەلەی كوردن لە ناوچەكە و بەتایبەتیش لە كوردستانی عێراق. پارتیش لە دروستبوونییەوە تا ساڵی 1975 تەعبیر بووە لە دۆزی نەتەوەیەك. لە 1991یشەوە شانبەشانی یەكێتی نیشتمانی هەمان رۆڵ دەگێڕێت. وەلێ‌ هەل و دەرفەتی لەو شێوەیەی ئێستای بۆ نەڕەخساوە، كەچی لەبری ئەوەی وەبەرهێنان لەو سەروەرییانە و ئەو دەستكەوت و دەرفەتانەدا بكات كە لەبەردەستیدان، بەهۆی مەستیی سەركەوتن و غروری دەستكەوتەكانی، خەریكە لەخۆی تێكدەدات. لە كوردەواریدا پەندێكی باو هەیە دەڵێت: (سەری نایەشێ‌ و پەڕۆی لێ دەبەستێ).

دوو ساڵی رابردوو كوردستان پڕ بوو لە تەنگژەی سیاسی، ناكۆكی و ململانێ تا ئاستێكی زۆر مەترسیدار هەڵكشان، ئەگەرەكانی بەریەككەوتن و دابەشبوونەوە بۆ دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمی بووبوون بە ئەگەری چاوەڕوانكراو. كاتێكی زۆری ویست تا زەمینەی گفتوگۆ و دانوستاندن رەخسایەوە و كەشێكی سیاسی بە قازانجی پارتی دروستبوو كە هێزە ركابەر و نەیارەكانی ئەو سەركەوتنانەی پارتی هەزم بكەن و بچنە ژێر چەتری حوكمڕانیی پارتییەوە. لە هەلومەرجێكی وادا پارتی پێویستی بە رەخساندنی كەشێك بوو كە هێزەكانی تری بەشدار لەم (مەنزوومە حوكمڕانییەی پارتی) رۆژ لە دوای رۆژ مەیل و ئارەزووی هاوبەشیكردن لەلایان باڵای بكردایە. بەڵام پارتی نەفەسی كورت بوو، زۆر زووتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا پاشەكشەی بەو مەیلە كرد. ئێستا و پاش كەمتر لەسەت رۆژ لە پێكەوەبوونی ئەم قۆناغە زێڕینەی پارتی، بەشێكی بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێككەوتنەكانەوە، هاوبەشەكانی نیگەرانن و نەدۆزینەوەی چارەسەر بۆ نیگەرانییەكانیان كوردستان دەباتە قۆناغێكی نەویستراو و ژینگەیەكی سیاسی نەخوازراوەوە.

پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان هاوكێشەی ناوچەكە وەك ئەوەی هەیە ببینێت، ئەو پێشهاتانەی چاوەڕوان دەكرێن لە داهاتووی نزیك و دوورمەودا رووبدەن، لەبەرچاویان بگرێت. بەدڵنیاییەوە سەرباری ئەو واقیعەی بۆ پارتی دروستبووە كە حیزبی باڵادەستی ناو حوكمڕانیی كوردستانە، بەڵام بەتەنیا نەك دەرەقەتی رووداو و پێشهاتەكان نایەت، بەڵكوو بەتەنیابوونی پارتی لە واجیهەی كوردستان، لە هاوكێشە ناوچەیی و هەرێمایەتییەكاندا كوردستان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەكاتەوە. راستییەكی تاڵیش هەیە دەبێت خەڵكی كوردستان لەبەرچاوی بگرن، ئەویش ئەوەیە كە كۆمەڵگەی كوردی بەجۆرێك وابەستەی ژیانی حیزبی كراوە، دواجار شكستی حیزبێك لەسەر حسابی شكست و بەقوربانیكردنی میللەتەكە تەواو دەبێت.

ئەمە لە رابردووشدا هەروا بووە و بۆ داهاتووش بەو جۆرەیە. بۆیە پرسەكە تەنیا پەیوەست نییە بەوەی پارتی چی دەكات، چونكە ئەگەر لێبگەڕێین و بگوترێت چی دەبێت با پارتی باجەكەی بداتەوە، ئەوە تێڕوانینێكی هەڵەیە، پارتی بەتەنیا باجی هیچ هاوكێشەیەك ناداتەوە.

چەند رۆژی رابردوو هەندێ كێشەی نوێ‌ لە نێوان پارتی و یەكێتی سەریان هەڵدا، یان روونتر بڵێم كێشەكان هەبوون و خەفەكرابوون، بەڵام سەریان هەڵدایەوە، وەك رێگری لە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی بۆ چوونە ناو هەولێرەوە كە جگە لە رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان، دوو جاری تریش پارتی ئەمەی لەگەڵ ئەم هێزە هاوبەشە سیاسییەی كردووە. بەدوای ئەویشدا تەقەكردن لە بارەگای یەكتری لە سنووری سلێمانی و هەولێر. ئەم رووداوانە هاوكاتن لەگەڵ كۆمەڵێك پێشهات و رووداوی زۆر گەورەی ناوچەكە، ململانێی ئێران و ئەمریكا، چوونە ناوەوەی سوپای توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئەگەری بەریەككەوتنی سعودیە و ئێران، تەدەخولی راستەوخۆی ئیسرائیل لە كێشەكان كە چاوەڕوان دەكرێت هەموو جیهان پەلكێشی خۆی بكات. لە عێراقیش بەدەر لە هەڵبژاردنێكی گرنگی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەبەردەم پرۆسەیەكی گوماناویی چارەنووسسازداین كە چارەنووسی نیوەی خاكی كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە جگە لە بۆسەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دادگای باڵای فیدراڵی بۆ سزادان و لە قاڵبدانی هەرێم و دروستبوونی مەترسی لەسەر قەوارە دەستوورییەكەی. كەچی ئەم دوو هێزە سیاسییەی كە ئەرك و بەرپرسیارێتی پرسی نەتەوەیی ئەم قۆناغەیان لە ئەستۆیە، لێرە خەریكی داخستنی بازگەن بەڕووی یەكتریدا.

بەراورد بە پرسە گرنگەكانی كورد، هەروەها بەراورد بەو هەڕەشە و مەترسیانەی لە ئایندەدا رووبەڕووی میللەتەكەمان دەبنەوە، ئەم كێشە و گرفتانەی ئێستا لەناوخۆی هەرێمی كوردستان لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەن، شتی زۆر بچووكن.

بەڵام چارەنەكردنیان و سپاردنیان بەقەدەر، یان تێپەڕاندنیان و جێهێشتنیان بۆ ئەوەی بەتێپەڕبوونی كات زەمەن چارەسەریان بكات، بەدڵنیاییەوە لێكەوتەكانی زۆر خراپ دەبن و ئەو پێشهات و مەترسیانەی لە داهاتوودا ئەگەری روودانیان هەیە، خێراتر دەكات. بۆیە ناكرێت هەروا بە سادەیی لەم كێشە و رووداوانە بڕوانرێت و پێویستە ئەوانەی لە خەمی ئایندەیەكی باشتردان بۆ كوردستان، بەهەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە ریشەی ئەم ناكۆكی و وردە كێشە و ململانێ‌ ناڕەوایانە چارە بكەن، تا توانا و كاتی چارەكردنیان تێنەپەڕیوە.

پارتی وەك ئەوەی سەركردایەتی ئەم قۆناغە دەكات، بەرپرسیارێتی یەكەمی دەكەوێتە ئەستۆ لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكان و دوورخستنەوەی كوردستان لە هەر ناسەقامگیرییەك كە دوور نییە بەهۆی رووداوێكی بچووكەوە تووشی ببین. چونكە ئەگەر خوانەكردە كوردستان بگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆژە رەش و مەینەتییانەی بەرۆكی یەكترمان گرتبوو، ئەمجارە بە مەرگی یەكجاریی نەتەوەكەمان كۆتایی دێت.