چی دەگوزەرێت؟!

29-09-2019 09:28


وەك دەزانن ئەمڕۆ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەو شێوەیەی هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەجێندای هێزێكی سیاسیی دیاریكراو، هەمواركرایەوە و تێپەڕێندرا .

دوو عورفی زۆر خراپ لەم هەموارەدا سەپێندرا كە بۆ لەمەودوا دەبێتە مەترسیی لەسەر فراكسیۆنەكان و كاری پەرلەمانتاریش!

یەكەم: ڕێگەدان بە جیابوونەوەی پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكەی خۆی و چوونە پاڵ فراكسیۆنێكی دیكە، مەترسییەكی جدییە و (پیلان)ـێكیشە بۆ فراكسیۆنەكانی دیكە بۆ كڕینی وەلائو سەفەقاتی ژێربەژێر .
ئەمە بەتەنها بۆ فراكسیۆنەكان نیە، بەڵكو بێڕێزییەكی تەواوە بە دەنگدەر و ئەوانەی لەبەر بەرنامەی هەڵبژاردنی هێزە سیاسییەكە دەنگیان بەو كاندیدە داوە، چی مەعقولە هەر كە دەنگی هێنا و بووە پەرلەمانتار، ئیتر بۆ بەرژەوەندی شەخسی و ئیمتیازاتی ناشەرعی بەناوی (ئازادی پەرلەمانتار)ەوە لە فراكسیۆنەكەی جیابێتەوە؟!
ئەمە پێشینەیەكی زۆر خراپ و مەترسیدارە و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا دەرەنجامە خراپەكانی دەبینین!

دووەم: بۆئەوەی پڕۆژە یاسایەك بچێتە لیژنەكان و خوێندنەوەی بۆ بكرێت، بەتایبەت ئەوانەی ڕەهەندی داراییان هەیە و پێویستیان بە پارە هەیە، پێشنیاز و پێداگری ئێمە لەسەر ئەوە بوو كە وەزیری دارایی میوانداری لیژنەی تایبەتمەند بكرێت بۆ وەرگرتنی ڕای حكومەت .
بەڵام دیسان بە زۆرینە، پەرلەمان بێ ناوەڕۆك و لاوازكرا لەبەردەم حكومەت و ئەوەیان جێبەجێكرد كە بۆ هەر پڕۆژەیاسایەك پێشوەختە پرس بە حكومەت بكرێت!
ئەمە ئەگەر هەر خوێندنەوەیەكی بۆ بكرێت، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پەرلەمان لەلایەن حكومەت و لەسەرو ئەویشەوە حزب!