ئایا ئەمڕۆ بڕیارە گرنگەكە دەدرێت؟

16-10-2019 10:37

 

لە دوای شكستهێنانی كۆبوونەوەكەی هەفتەی پێشوو، بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی دیكە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای فەرەنسا و ئەمەریكا لەسەر پرسی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوەیەكی نهێنی و داخراو ئەنجام دەدات.

ئەنجوومەنی ئاسایش لە ١٥دەوڵەت پێكهاتووە كە پێنج دەوڵتیان ئەندامی هەمیشەیین و مافی ڤیتۆیان هەیە (ئەمەریكا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین، ڕووسیا)، ١٠ دەوڵەتی دیكە ئەندامی كاتی (دیكۆرن) لە ئەنجوومەنی ئاسایش كە بریتین لە (كوەیت، بەلجیكا، ئەڵمانیا، پۆڵەندا، ئەندەنوسیا، كۆدیڤوار، غینیا، دۆمێنیكان، باشووری ئەفەریقا، پیرۆ).

هەتا ئێستا لە ئەندامە هەمیشەییەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەر یەكە لە چین و ئەمەریكا و فەرەنسا و بەریتانیا بە فەرمی داوایان لە توركیا كردووە هێرشەكانی ڕابگرێت، بەڵام هەڵوێستی ڕووسیا ڕوون نییە و دیاریش نییە ئەمڕۆ ڕێگر دەبێت لە بەردەم دەرچوونی بڕیاری ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەكاندا، یاخود نا.

لەسەر ئاستی ١٠ ئەندامە ناهەمیشەییەكەش، تا ئێستا حەوت وڵات پشتیوانیی بڕیاری ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دەكەن. بە كورتی: ئەگەر ڕووسیا ڕێگر نەبێت، ئەمڕۆ بڕیارێكی گرنگ دەدڕێت.

هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، كۆنگرێسی ئەمەریكا لەسەر پرسی هێرشەكانی سووریا كۆدەبێتەوە بۆ هەڵوەشاندەوەی بڕیارەكەی ترەمپ و سەپاندنی سزای توند بەسەر توركیادا.

بڕیارە سبەی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و مایك پێنسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بگەنە توركیا و پەیامێكی نهێنی و تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بگەیەننە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان كە تایبەتە بە پرسی ڕاگرتنی هێرشەكان و دانوستانی ڕاستەخۆ بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەكان.