بە كورتی لەبارەی ڕێككەوتنی ئەمریكا و توركیاوە

19-10-2019 02:22

 

یەك: ئاگربەست و ڕێككەوتنەكەی پێنس و ئەردۆغان، یاخود ئاگربەست و ڕێككەوتنەكەی ترەمپ و ئەردۆغان، بەبێ ئامادەبوونی ڕووسیا و سووریا، بەبێ ئامادەبوونی هەسەدە، تەنانەت بەبێ ڕەزامەندییەكی فیعلیی كۆنگرێسمانە خاوەن نفوز و ڕادیكاڵەكانی ئەمریكا، ئاگربەست و ڕێكەوتنێكی تەواو شەخصییە و هیچ ڕیشەیەك بە ڕێككەوتنی دەزگایی و موئەسەسی نایبەستێتەوە. پێشم وایە زۆر و كەم ئیعتیباری نابێت. ڕاگرتنی شەڕە بۆ ماوەیەك، لە ڕاستییدا وەرگرتنی پشوویەكە بۆ هەردوولا.

دوو: ئەمڕۆ، دوو ڕۆژی تەواو بەسەر ئاگربەست و ڕێككەوتنەكەدا تێدەپەڕێ، بەڵام دەیان سایت و میدیای ئەمریكی و ئەورووپی، بە مانشێت و خەتی گەورە نووسیویانە "توركیا بە ئاگربەستەوەكەوە پابەند نییە"، "توركیا هێرشەكانی ڕانەگرتووە"، "توركیا بەڵێنەكەی بۆ ئاگربەست نەبردە سەر"، "توركیا هێشتا بۆردوومان دەكات" و چەندین مانشێتی تر، ئەمە دەلالەتە لەوەی ئەردۆغان ئیعتیباری بۆ قسەكانی ترەمپ نییە، كاتێ ترەمپ بە زمانێكی شەعبیی پێی دەڵێ گەمژە مەبە، كاتێ ئەردۆغانیش نامەكەی دەخاتە تەنەكەی خۆڵەوە، دەلالەتناسیی ئەم پەرچەكردارە پێمان دەڵێت ئەردۆغان ئەوەی بڕیاری لێ داوە، ئاسان لێی پاشگەز نابێتەوە.

سێ: سەردانیكردنی بە پەلەی ئەلێكساندەر لاڤرنتییڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین، بە یاوەریی سێرگی ڤێرشینین، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ لای ئەسەد، هەروەها لێدوانەكەی ئەسەد كە دەڵێ پێویستە بە زووتریین كات توركیا و ئەمریكای دوژمن لە سووریا بچنە دەرەوە، پەیامێكی ڕوونە بۆ ئەمریكا و توركیا كە ئەوان بەبێ ڕووسیا و خودی ڤلادیمێر پوتین، مافیان نییە و قودرەتیشیان نییە نەخشەی نوێی سووریا دابڕێژنەوە.

چوار: هەسەدە لە ئێستادا بە شێوەیەكی زیرەكانە و تاكتیكی مامەڵە لەگەڵ ئەمریكادا دەكات. گرەوەكانی هەسەدە لەسەر ئەمریكا، گرەون لەسەر قومارێكی مەحاڵ و بێمانا، چونكە ئەزموونێكی تاڵیان لە جێهێشتن و پشتێكردنی ئەمریكییەكان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نووسییەوە و ئەمە بۆ ژیانی سیاسی و سەربازییان، وەك وانەیەكی گرنگ تەماشا دەكەن. لە بەرامبەردا ستراتیژییانە مامەڵە و هاوپەیمانێتی لەگەڵ قەیصەرە نوێیەكەی ڕووسیادا دەكەن، چونكە لە ترسناكترین و خوێناویترین دۆخدا فریای هەسەدە كەوت و هێرشەكانی توركیای تا ئەندازەیەكی زۆر سنووردار كرد.

پێنج: ئەم ئاگربەستە سەبگرێ و سەر نەگرێ، بە نزیكی یەك ئەنجام بەدەستەوە دەدەن. لە حاڵەتێكدا ئەگەر سەر بگرێ، ئەوە سەرگرتنێكی كاتییە و كێشەی كورد لە سووریا و پاشان توركیا چارەسەر ناكات، ماوەیەكی تر هەمان كێشە سەرهەڵدەداتەوە، ئەگەرچی پێم وایە ئەم ئاگربەستە لە ئێستاشدا سەرناگرێ، چونكە ئەردۆغان دەیەوێ میلیشیا سونەكانی سووریا هەڵبڕێژێتە نێو ڕۆژهەڵاتی فوڕاتەوە، لەكاتێكدا ترەمپ یارییەكی ترسناك بە چارەنووسی گەلانی ناوچەكە و سووریا و كوردەوە دەكات، بێباكە و گوێ لە كەس ناگرێ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو نایەوێ كێشە و پرسی سیاسیی كورد چارەسەر بكات، ئەو دەیەوێ بەردەوام كێشە هەبێ، بۆ ئەوەی بەردەوام چارەسەری كاتی هەبێ، خۆی گوتەنی "كورد و تورك وەك منداڵ وان و پێویستە جارجارە شەڕ بكەن".

شەش: بەپێی لێدوانی ئەمنست و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانی، بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا هەن كە سوپای توركیا تاوانی جەنگی لە سووریا ئەنجام داوە، كۆمەڵكوژیی كردووە، چەكی كیمایی و قەدەغەكراوی بەكار هێناوە، منداڵ و ژن و پیری كوشتووە، خەڵكی مەدەنیی بە ئامانج گرتووە، نەخۆشخانە و مزگەوت و كەنیسەكانی تەقاندووەتەوە، ئەم مەلەفانە قورس لەسەر توركیا و خودی ئەردۆغان دەكەون. ئەگەرێكی نزیكە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە سزای قورسی جەنگی بەسەردا بدرێ.