
ئەم پیاوە، كە باشترین و شارەزاترینی ناو دەستەبژێرە سیاسیەكەی بەغدایە، بۆتە كۆڵەكەی ڕاگرتنی تەبەقەی حاكمی عێراق و كوردستان. زۆر بەسادەیی ٩٥%ی خەڵكی عێراق و كوردستان بەلای زۆرەوە قازانج دەكات لە گۆڕینی ئەم تەبەقە حاكمانە، بە سەركردەو پەرلەمانتار و بازرگان و چەتەو خانەنشینەكانیانەوە. ئەو ٥%ەی كە ماوە دەیانەوێت عادل بمێنێتەوەو بەرژەوەندیەكانی ئەوانیش پارێزراوبێت.
عادل تەنها بەنجی سڕكردنی كێشەو ئازارەكانی پێ پەیدا دەكرێت؛ نەك چارەسەری ڕاستەقینە. لە ڕاستیدا چارەسەریەكانی ٣ حەفتەی پێشووی ئەوەندە ناكۆك بوون بە بنەما زانستیە سیاسی و ئابوریەكان هێندەی تر عێراق غەرقی قەیران و نەهامەتی و هەژاری دەكات.
هەربۆیە مانەوەی حكومەتەكەی بۆ كەس و بۆ هیچ باش نیە. ئەم پیاوە بۆتە چەتری میلیشیا و گەندەڵەكانی عێراق، لە كوردستانیشدا تەنها بۆ ڕاگرتنی ئەم دۆخەی ئێستا باشە. كەس چاوەڕێی ئەوەی لێ ناكات ١٠%ی ئەو چاكسازیانەش بكات كە بەڵێنی ئەنجامدانی داوە.
باشە ئیتر مانەوەی بۆ چی و بۆ كێ باشە؟ بۆ ٩٥%ی خەڵكی عێراق و كوردستان خراپە، هۆكارە بۆ بەردەوامیی ئەو نەزیفی گەندەڵی و ئابوریەی كە ١٧ ساڵە ژمارەی هەژارو ئاوارەو دەربەدەرەكان زیاترو گەورەتر دەكات بۆ ئەوەی كەمینەیەكی ملیۆنێر دەوڵەمەندتر بكات.
ئەم حكومەتە بۆ موچەخۆرە پلەتایبەتەكان، پەرلەمانتارە بەركارو موتەقاعیدەكان، ئەو سیاسی و بازرگانانەی بە نانی گەندەڵی دەژین باشە. ئێستا ئەم ٩٥%ی خەڵكە مافی خۆیانە بێن ئەم وەزعە تێكبدەن. هەموو شۆڕش و ڕوداوە سیاسیە گەورەكانی دنیا هەر لەبەر ئەم جیاوازی و ناعەدالەتیانە دەستی پێكردووە.
پێویستمان بە فەوزای خەلاقە
عێراق پێویستی بە فەوزایەكی خەلاقە بۆ ئەوەی سەرەتا بیلەرزێنێت و بیشەڵەقێنێت، ئینجا دواتر لەسەر بنەمایەكی دروست ڕێكیبخاتەوە. زۆربەی ئەزموونە سیاسی و ئابوریە سەركەوتووەكانی دنیا بەرهەمی ئەم جۆرە فەوزا خەلاقەن. سەرەڕای ڕیسك و مەترسیەكانی، فەوزایەكی لەمجۆرە تەنها ڕێگایە بۆ دەربازبوون لە دەستە ئاسنینەكانی میلیشیاو مافیا سیاسیە گەندەڵەكانی عێراق و كوردستانیش.
ئەمڕۆ بێ یان سبەی، دەبێت ئەم دۆخە بتەقێتەوە. تا ساڵێك زووتر بتەقێتەوە لەوسەرەوە ڕێكخستنەوەی ئاسانتر دەبێت. هەربۆیە تا ڕۆژێك زووتر ئەم حكومەتە بڕوخێنرێت، ئەگەری چاكسازی و چارەسەركردنی گرفتەكان زیاتر و نزیكتر دەبێتەوە. بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستیانە ناگۆڕێت كە فەوزاو شەڕی ناوخۆ هەمیشە دێوەزمەی ترسناكی پشت هەر گۆڕانكاریەكن لە عێراقدا.