ئافەرین مەسعود بارزانی

05-11-2019 02:37

 

لەو مەراسیمەی كە بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی ڕێكخرابوو، مەسعود بارزانی بەڵێنی هەموو پشتیوانییەكی پێدا، كەچی دوو جارە ئامادەی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم نابێت لەگەڵ حیزبەكان، ئاماژەكانی ئامادەنەبوونی بارزانی هەر ئەوە نییە بڵێ سەرۆكی حیزبەكانی تر بە شایستە و هاوشانی خۆم نابینم، بەڵكو ئاماژەشە كە نایەوێ پشتیوانییەكی مەعنەویی ئاسایی برازاكەشی بكات كە ئامادەبوونە لە كۆبوونەوەكانیدا.

وا وتمان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بارزانی خۆی پێ لە سەرووی دامەزراوەكانی هەرێمدایە و بارەگاكەی خۆی پێ دامەزراوەیەكە لە سەرووی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت، لەگەڵ سەرۆكی كۆماریش هەمان شتی كرد و دەكات. بەرهەم ساڵح ڕۆژی سیشەممە بەر لە كۆبوونەوەی حیزبەكان لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێم ڕۆیشتووە بۆ لای بارزانی. بە مانایەكی دی، حیساب بۆ سەرۆكی كۆماریش ناكات، یان كۆبوونەوەیەك سەرۆككۆماریشی تێدا بێت، ئەو لای نەنگییە بەشدار بێت.

بارزانی كە حیساب بۆ سەرۆكی كۆمار و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی هیچ حیزبێكی كوردستانی ناكات، دەستی خۆش بێت، حەقیەتی خۆی بكاتە مەرجەعی هەموویان، دەزانن بۆ؟! چونكە كێ لەسەر حیزبەكانی تر، بە تایبەت یەكێتی و گۆڕانی فەرز كردووە، قبووڵی بكەن؟! بارزانی بۆ وا نەكات؟! دەزانێ لەو بەرپرسە كوردانەی لەناو هاوكێشە سیاسییەكەی عێراق و هەرێم شتیان بەدەستە و كەسی یەكەمی حیزبی و حكوومین، كەسی تیا نەماوە و نییە پێی بڵێ تۆ سەرۆكی پارتێكی سیاسیت و بەس، حیزبەكەی تۆ چەند گەورە بێت یان نا، دواجار سەرۆكی حیزبێكیت نەك هەمووان.

كەسێك نییە لەوانە بڵێ: پارتی كە سەری زمان و بنی زمانی یەكڕیزی و یەكڕیزی و یەكڕیزییە، بۆچی سەرۆكەكەتان نایەتە ڕیزەوە و بە تەنها خۆی ڕیزێكی جیایە؟!

با واش تەفسیر نەكرێت كە من كۆبوونەوەكانم زۆر لا گرنگن بۆیە باسی ئامادەبوون و نەبوونی بارزانی دەكەم، بە پێچەوانەوە نە ئومێدم بەو كۆبوونەوانە هەیە و نە كاستە سیاسییە بڕیار بە دەستەكەی هەرێم، بەڵام قسەكە لەسەر ئەو ئاماژانەیە كە لە خۆبەزلبینینی بارزانی دەخوێندرێنەوە.

مێژووی ئەو خۆ بە پڵنگكردنەی بارزانی لە ناوخۆی هەرێمدا، لە ئێستاوە دەست پێناكات و ڕەهەندی زۆری هەیە و قسەی زیاتر هەڵدەگرێت، بەڵام هێندە هەیە لە غیابی جورئەتی ئەوانی تردا، هەر دەبێ بڵیین وەڵا ئافەرین بارزانی و دەستت خۆش بێت.

داخی ئەوەمە كە هەن زوو زوو لێیان دەبیستم دەڵێن لەسەر ڕێبازەكەی كاكە نەوە و مام بەردەوامین!؟