یه‌كێك له خه‌ون و ئامانجه باڵاكانمان كه هه‌ڵبژێردراین بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وه بوو كه بتوانین خزمه‌تێكی زیاتر و نه‌هامه‌تییه‌ك كه‌م بكه‌ینه‌وه و پاشه‌كه‌وتی مووچه بگه‌ڕێنه‌وه و شه‌فافیه‌ت بچه‌سپێنین، له ڕێگه‌ی پرۆژه‌یی چاكسازی. به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی جێگای دڵخۆشی بوو، هه‌ر سێ لایه‌نی سه‌ره‌كیی پارتی و گۆڕان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كه پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كیی كابینه‌ی حكوومه‌تن، له كارنامه‌ی حكوومه‌ت و هێڵهگشتییهكان، ئاماژه‌ی پێ كرا پرۆژه‌ی چاكسازی زوو بێته په‌رله‌مانی كوردستان و زوو ده‌نگی پێ بده‌ین، به جۆرێك بێت چاكسازی له داهات و خه‌رجییه‌كان بكرێیت. پرۆژه‌كه گشتگیر بێت و هه‌موو سێكتهركان بگرێته‌وه، به تایبه‌ت ئه‌و سێكته‌رانه‌ی كه له ڕابردوو و ئێستاش زۆرترین گه‌نده‌ڵییان تێدا ده‌كرێت. هه‌وڵ بدرێت شه‌فافیه‌ت له نه‌وت و چاكسازی له خاڵه گومرگییه‌كان و پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و پرۆژه‌كانی ئاودانكردنه‌وه و ڕێگاوبان و ڕێگریكردن له سپیكردنه‌وه‌ی پاره، به دادگایی گه‌یاندنی ئه‌وانه‌ی چه‌كی پاره‌یان له مقاوله‌كان ئهكڕییهوه به نیوه‌ی نرخه‌كه‌ی له حكوومه‌ت پاره‌كه‌یان به ته‌واوتی وه‌رده‌گرت و چه‌ندین ملیۆن دۆلاریان قازانج كرد، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌مه چاكسازی له سێكته‌ری سیسته‌می بانكی بكرێت.
ده‌بێت پڕۆژه‌ی چاكسازی له خه‌رجیی سه‌فه‌ره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تدا بكرێت. په‌رله‌مانتاران و خه‌ڵك بزانن خه‌رجیی یه‌ك سه‌فه‌ریان بۆ فه‌ره‌نسا و قه‌ته‌ر چه‌ندێك له سه‌ر بودجه‌ی گشتی ده‌كه‌وێت؟ ده‌بوو پرۆژه چاكسازییه پێشبینیكراوه‌كه بوودجه زه‌به‌لاحه‌كانی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه نه‌هێڵێت، یان بكرێت به نیوه‌ی ئێستا. هه‌روه‌ها خه‌رجیی مانگانه‌ی میوانخانه‌كان كه‌م بكرێته‌وه. ئه‌مانه هه‌موو به‌شێك بوون له‌و گه‌نده‌ڵخانه‌ی كه له پێشوودا ده‌سه‌ڵاتدارانی حكوومه‌تی هه‌رێم كردبوویان به كه‌لتوور. خه‌ڵكی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه و پۆلیس و ئاسایش و ناوخۆ و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانی حكوومی، پێویسته داوای دادپه‌روه‌ری له خانه‌نشینییان بۆ بكرێت، كه هیچ نه‌بێت وه‌ك به‌غدا كه‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشینی ٤٥٠ بۆ٦٠٠ هه‌زار دینار بێت و خانه‌نشینیی پله باڵاكان بۆ نیوه دابه‌زێت، یان هه‌ر نه‌مێنیت وه‌ك یاسای خانه‌نشینیی یه‌كگرتووی عێراقی لێ بكرێیت، بۆ ئه‌وه‌ی دادگه‌ری بگه‌ڕێته‌وه بۆ خانه‌نشی.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه زانیاریمان هه‌یه له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی چاكسازی، زۆر جیاوازه. له پای بڕینی مووچه و نیو مووچه‌ی، مووچه‌خۆران چاوه‌ڕێی پاداشت بوون!! جگه له گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشكه‌وتی مووچه كه مافێكی ڕه‌وای خۆیانه و لێیان زه‌وت كراوه، پاداشتیان بكرێت به‌وه‌ی پله‌ی وه‌زیفیان به‌رز بكرێیته‌وه، به داخه‌وه ئه‌م حكوومه‌ته به ناو چاكسازخوازه قه‌رزاره، هاتووه به ناوی پڕۆژه‌ی چاكسازییه‌وه بڕیاری داوه به سزادانی كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی كوردستان و مووچه‌خۆرانی كه‌رتی گشتی، له ڕێگه‌ی بڕینی ده‌رماڵه‌ی مامۆستا و كارمه‌ندانی زانكۆ و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی داد و ژمێریاران و وردبینان و تهكنیككاران و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زارتی كاره‌با، له پاڵ ئه‌م توێژانهشدا هه‌وڵێك هه‌یه بۆ بڕینی ده‌رماڵه‌ی خواردنی هێزه‌كانی پۆلیس و وه‌زارتی ناوخۆ. به‌پێی زانیارییه‌كان له كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، سه‌رۆكی یه‌كێك له فراكسوێنهكان بۆ شه‌رعییه‌تدان به گه‌ڕانه‌وه‌ی سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه، به سه‌رۆكی حكوومه‌تی وتبوو "با مووچه‌ی سه‌د هه‌زار كه‌س ببڕێت، كێشه چییه، هیچ نابێت، با عاجز بن".
بۆیه لێره‌وه ده‌ڵێین: ئاخۆ بڕینی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان چاكسازییه، یان شه‌فافیه‌ت له داهاتی نه‌وت كه سێ ساڵه وه‌زارتی سامانه سروشتییه‌كان سه‌ره‌ڕای زیادبوونی هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له ڕۆژێكدا و سه‌ره‌ڕای به‌رزبوونه‌وی نرخی نه‌وت له بازه‌ڕه‌كانی جیهان، به‌ڵام به درێژایی ئه‌م سێ ساڵه ته‌نها ٣٠٠ ملوێن دۆلار بۆ وه‌زارتی دارایی ده‌نێرێت كه بریتییه له داهاتی فرۆشتنی نه‌وت. ده‌كرێ چاكسازی له‌م فه‌زاحه‌ته بكرێت، یان بڕینی ده‌رماڵه‌ی مامۆستا به بیانووی ئه‌وه‌ی ده‌وام كه‌م ده‌كات؟ یان دادگاییكردنی ئه‌وانه‌ی زیاتر له دوو ملیار دۆلاریان دۆڕاند و حكوومه‌ت و خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌یان قه‌رزار كرد، یاخود بڕینی ده‌رماڵه‌ی مه‌ترسیی كارمه‌ندانی پزیشكی و كارمه‌ندانی كاره‌با؟ چاكسازی له كه‌مكردنه‌وه‌ی بوودجه خه‌یاڵییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكرێت، یان بڕینی ده‌رماڵه‌ی خواردنی پۆلیس و بڕینی ده‌رماڵه‌ی مامۆستایانی زانكۆ و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زارتی خوێندنی باڵا؟! نازانم ئه‌مه ناو ده‌نرێیت چاكسازی، یان سزادانی به كۆمه‌ڵی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان؟!!
بۆیه به ده‌نگێكی دلێر له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌بین به داكۆكیكاری هه‌موو مووچه‌خۆرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بین مامۆستایه‌ك و ته‌ندروستكارێك و كرێكارێكی كاره‌با و پۆلیسێك و خانه‌نشینێك كه چاوه‌رێ ده‌كات مووچه‌كه‌ی وه‌ك به‌غدای لێ بكرێت.