موچەی فەرمانبەران لە نێوان داواكاریی خۆپیشاندەرانی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێم

29-11-2019 11:49


پارتی و یەكێتی واپیشانی موچەخۆران و هاوڵاتییان دەدەن كە گۆڕانكاریی لە عێراق مەترسییە لەسەر موچەی فەرمانبەران و لەسەر بودجەی هەرێم، لەكاتێكدا فەرمانبەران دەبێت چاویان لەسەر داهاتی حكومەتی هەرێم بێت پێش بەغداد هەروەك ڕوونە داهاتی ناوخۆ و داهاتی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم نەك بەشی موچەخۆران دەكات، بەڵكو لەوبڕەش زیاترە.

ئەو دوو حیزبە دەیانەوێت بە دوو ڕێگای چەواشەكار واپیشانی هاوڵاتیانی بدەن كە تاكە سەرچاوەی داهات بەغدایە بەم شێوەیە:

یەكەم: ئەو خواستەی هاوڵاتییانی عێراق هەیانە بۆ گۆڕانكاریی و بۆ سزادانی سیاسییە گەندەڵەكان، لە هەرێم هاوڵاتییان هاننەدات وەك خوارووی عێراق بڕژێنە سەرجادە بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆیان.

دووەم: بۆ شاردنەوەی ئەو بەتاڵانبردنەی نەوتی هەرێم و ئەو داهاتانەی ناوخۆ كە بەردەوام لەگیرفانی هاوڵاتیانی هەرێم بەبیانوی باج و غەرامە و گومرگ و وەرگرتنەوەی پێشینەكان دەچێتە باخەڵی حیزب و كۆمەڵێك كەس.

بۆیە ئەو گۆڕانكاریانەی لە عێراق دەستیانپێكردوە پێویستە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە و هاوڵاتییان داوای سزادانی هەموو ئەو بەرپرسانە بكەن كە لەماوەی ۲٨ساڵی حكومڕانییان بونەتە هۆی هەژاری و نەهامەتی بۆ هاوڵاتییان.

ئەوەی كە گرنگە هاوڵاتییان هەستی پێبكەن ئەوەیە واپیشان دەدرێت ئەو گۆڕانكارییانە موئامەرە بێت لە كورد و هەر ئەو سەركردانەی پێشتر داوای جیابوونەوەیان دەكرد ئێستا بە هەموو شێوەیەك لەهەوڵدان بۆ نەكەوتنی ئەو دەوڵەتە و ئەوكاتیش واپیشانی هاوڵاتییان دەدرا كە حكومەتی عێراق بەهێزبێت مەترسییە لەسەر قەوارەی كوردستان.

هاوڵاتییان دەبێت بزانن سیاسەت لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیی كەسی و حیزبی وەك ئێستا، دەبێتە موسیبەت و نەهامەتی بۆ هاوڵاتیان و دەبێت چەقی سیاسەت هاوڵاتیان بن و هێزی سیاسی دەبێت گوێ لە خواستی هاوڵاتی بگرێت و ڕێز لە داواكاریەكانیان بگرێت ئەو سیاسیانەی ئێستا دەسەڵاتدارن لە عێراق و لە هەرێم هیچكامیان هەڵقوڵاوی خواستی هاوڵاتییان نین و نوێنەرایەتی هاوڵاتیان ناكەن هەربۆیە بۆ مانەوەیان دەست دەبەن بۆ هەموو جۆرە توندوتیژیەك بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەوەی ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم لێی تۆقیون گواستنەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەیە بۆ هەرێم و دەیانەوێت بەبیانوی مەترسی لەسەر بودجەی هەرێم هاوڵاتییان چەواشە بكەن.

ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم‌ ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم بەرپرسە لە موچە و بودجەی هاوڵاتییان و هیچ بیانویەك نابێت ببێتە هۆی نەدانی موچەی مانگانەی هاوڵاتیان و دیارنەمانی داهاتەكانی ناوخۆ و داهاتی نەوت.