بۆچی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناتوانێت كۆنگرە ببەستێت؟

04-12-2019 06:51


یەكێتی نیشتیمانی ماوەی چەند ساڵێكە خەریكی خۆئامادەكردنە بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی تازە بۆ حیزبەكەیان، بەڵام هەرجارە و بە بیانویەك و بۆ هۆكارێك دوادەخرێت و ڕێ لە ڕێكخستنی دەگیرێت. پرسیارەكە ئەوەیە لەبەرچی هێزێكی سیاسیی وەك یەكێتی ناتوانێت كۆنگرە ببەستێت؟ چی وادەكات پارتێكی سیاسیی نەتوانێت كۆنگرەی خۆی بە شێوەیەكی ئاسایی ئەنجامبدات؟

لەڕووی پرنسیپەوە بەستنیی كۆنگرەی حیزب یەكێكە لە كارە ڕۆتینییەكانی ناو ژیانی سیاسیی، وا لە هەر هێزێكی سیاسیی چاوەڕواندەكرێت بتوانێت هەر ٤ تا ٥ ساڵێك كۆنگرەیەك ببەسێت. لەم كۆنگرەیەدا ئەو پارتە باس لە دۆخی گشتیی پارتەكە و باس لە ئیشی ئۆرگانەكانی و سەرچاوە مادییەكانی و بەشدارییان لە ژیانی سیاسیدا دەكرێت. هەروەها پێداچوونەوە بە ئایدیۆلۆژیا و دورشم و بەرنامە و كارەكانی ئەو پارتەدا دەكرێت و لە هەمانكاتدا ئەگەری بەرزبوونەوە بۆ ئۆرگانەكانی سەرەوەی ئەو پارتە لە بەردەم ئەنداماندا واڵا دەكرێت. لەمەشدا ئەو پارتە جگە لە تازەكردنەوەی بەرنامە و دید و دروشم و سیاسەتەكانی، هاوكات سەركردایەتیی و بەڕێوەبەرانی پارتەكەش تازەدەكاتەوە و هەلی دەستگۆڕكێی دەسەڵات لەناو ئەو پارتەدا دەڕەخسێنێت و پیادە دەكات.

ئەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆنگرەیەكی ئاسایی بۆ نابەسترێت و ناتوانێت پێگە و پلە سیاسییەكانی ناو حیزبەكەی تازە بكاتەوە دەلالەت لە پێنج شت دەكات.

یەكەم: ئەم پارتە حیكایەتێكی نەماوە بە كۆمەڵگای ئێمەی ببەخشێت و قسەیەكی نەماوە بیكات و قابیلی باوەڕپێكردن بێت. لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا درۆی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی و ئیعلامیی نەماوە هێزە سیاسییە باڵادەستەكانی كوردستان نەیانكردبێت. بۆیە شتێك بەناوی متمانەكردن بە حیزب، بە تایبەتی بە حیزبێكی حوكمڕان لە كوردستاندا نەماوەتەوە. بێگومان دەشێت ئەم كێشەیە لە ڕێگای ئەو دەیان و سەدان ڕۆژنامەنووس و نیمچەخوێندەوارانەی لەناو دەزگاكانی ئەم پارتەدا وەك موچەخۆر كاردەكەن، چارەسەر بكرێت و كۆمەڵێك قسەی كڵێشەیی و سەدبارە بدەنەوە پاڵ یەك و دڵی خۆیان و پارتەكەیانی پێخۆش بكەن.

دووهەم: گرێدانی پێگە و پۆستە سیاسییە سەرەكییەكانی ناو ئەم پارتەیە بە كۆمەڵێك دەسكەوت و قازانجی ئابوریی و مادیی و بە بڕێكی گەورە لە بازرگانیكردن و میكانیزمەكانی كەڵەكەكردنی سەرمایەوە. بەشێوەیەك هیچ پۆستێكی سیاسیی سەرەكیی لەناو ئەم هێزەدا نەماوەتەوە بە چەند تۆڕێك لە تۆڕەكانی بازرگانیكردن و پارەپەیداكردن و دەوڵەمەندبوونی چاودێری نەكراوەوە گرێنەدرابێت. بەجۆرێك كۆتایی پۆستەكە مانای كۆتایی ئەم كەڵەكەبوونە گەورەیەی پارەو سەرمایەیە. لێرەدا جیاوازییەكی ئەوتۆ لەنێوان ئەم پارتە سیاسییە و كۆمپانیایەكەدا نەماوەتەوە، كە ئەركی یەكەمی بەڕێوەبەرانی كۆمپانیاكە زیاتركردنی قازانج و دەسكەوتی خاوەنی كۆمپانیاكەبێت. بەم مانایە شتێك بەناوی سیاسەتەوە لەناو ئەم هێزە و زۆر هێزی تریش لە كوردستاندا نەماوەتەوە.

سێهەم: بە حوكمی ئەوەی كەڵەكەكردنی سەرمایە لە ڕێگای پێگە سیاسییەكانەوە كارێكی نایاسایی و تاوانبارانەیە، هەموو ئەوانەی لە پێگەی بەرزدان و بەشداربوون لەم شێوازە نایاساییەی پارەكۆكردنەوە و دەوڵەمەندبووندا، دەترسن لەوەی لەدەستدانی پێگە سیاسییەكانیان مانای كردنەوەی دەرگابێت بەڕووی لێپرسینەوە لێیان و لە شێوازی دەوڵەمەندبوونە نایاساییەكانیان. بۆیە ئەمانە ئامادەن هەمووشتێك بكەن تا نەكەونە دۆخێكی لەو بابەتەوە.

چوارهەم: گرێدانی پێگە و پۆستە سەرەكییەكانی ناو ئەم پارتە بە ئەندامانی هەندێك خێزان و بنەماڵەی سیاسییەوە دۆخێكی دروستكردوە هیچ یەكێكیان ئامادەیی ئەوەی تیانەبێت گەر دەسەڵاتی ئەو خێزان و بنەماڵەیە گەورەتر نەكات، ئەوا بچووكی بكاتەوە. ئەمەش نەك تەنها ڕێ لە دەستگۆڕكێی دەسەڵات لەناو ئەو پارتەدا دەگرێت، بەڵكو هەموو هەوڵێكیش پەكدەخات بتوانێت ئەو هاوكێشانەی دەسەڵات كە ئەمڕۆ لەناو ئەو پارەتەدا هەن، تێكبچن.

پێنجەم: تێكەڵبوونی قازانج و مەسڵەحەتی هەندێك لە خاوەن پێگە سیاسییەكانی ناو ئەم هێزە بە مەسڵەحەت و قازانجی هێزەكانی تر، بە تایبەتی پارتی، كە لاچوونیان مانای تێكچوونی پەیوەندیی نێوان ئەم هێزە و هێزە دەرەكییەكانی ترە. بۆیە ئەو هێزە دەرەكییانە هەمووشتێك دەكەن بۆ ئەوەی ئەوانەی هاوقازانج و هاومەسڵەحەتی ئەوانن لە پێگەكانی خۆیاندا بمێننەوە، گەر بە ڕێگەگرتنیش بێت لە بەستنی كۆنگرە.