ئاوڕێكی مێژویی لە ئاڵای كوردستان

17-12-2019 12:58


لە مێژووی هاوچەرخی كورددا چەند ئاڵایەك وەك نیشانە و ئاڵای جوڵانەوەی سیاسی كوردستان هەڵكراون و نمایشكراون. دیارترینیشیان ئاڵاكەی شێخ مەحمود، ئاڵاكەی شۆڕشی ئارارات و خۆییبوون، ئاڵای كۆماری مەهاباد و ئاڵای هەرێمی كوردستانە.

ئاڵای ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان كە پەرلەمان پەسەندی كردووە، نزیكترینە لە ئاڵای كۆمەڵەی خۆییبوون و شۆڕشی ئارارات (١٩٢٧-١٩٣١) و تەنها لە تیشكی خۆرەكەدا نەبێت جیاوازی نییە. كۆمەڵەی خۆییبوون لە ئەنجامی یەكگرتنی چوار رێكخراوی سیاسی كوردستانی پێكهات كە بریتیبوون لە: كۆمەڵەی تەعالی كوردستان، تەشكیلاتی كوردستان، میللیەتی كورد و كۆمیتەی ئیستیقلال، كە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەیاندا و رێكخراوێكتریان بە ناوی كۆمەڵەی خۆیبوون دامەزراند، پاشان لە هەناوی ئەم كۆمەڵەیەشدا شۆڕشی ئارارات [دژی حكومەتی توركیا و ئەتاتورك] هەڵگیرسا.

هەندێ لەو باوەڕەدان لەناو ئەم گروپانەی خۆییبوون _ یشدا ئاڵاكە تایبەت بووە بە باڵی كۆمەڵەی تەعالی كوردستان و لە ساڵی ١٩٢٠ دا كێشراوە و پاشتر بووەتە ئاڵای خۆییبوون.

حكومەتی دووەمی شێخ مەحمود [مەلیكی كوردستان] ئۆكتۆبەری ساڵی 1922 ئاڵای كوردستانی لە شاری سلێمانی هەڵكرد و "حكومەتی خوارووی كوردستان"ی راگەیاند. ئەو ئاڵایەی كە لەلایەن حكومەتی خوارووی كوردستان بە رێبەرایەتی شێخ مەحموود هەڵكرا پێكهاتبوو لە زەمینەیەكی سەوز و مانگێكی سپی لەسەر رەنگی سوور لە ئاڵاكەدا دەبینرا.

كۆماری كوردستانیش لە مەهاباد ئاڵایەكی تایبەت بە خۆی هەبوو كە لە (١٧/كانونی یەكەم/١٩٤٥ز) لە شارەوانی شاری مەهابادی پایتەختی كۆماری كوردستاندا لە جێگەی ئاڵای ئێران هەڵكرا، ئاڵاكەی كۆماریش سێ ڕەنگە و قەڵەمێك و خۆرێك و گولەگەنمێك بە دەوریدا لە ناوەڕاستی ئاڵاكەدا دەبینرێن.

بەڵام ئاڵاكەی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان، سێ رەنگی لە خۆگرتووە، سوور لەسەرەوە و رەنگی سەوز لە خوارەوە و رەنگی سپی لە ناوەڕاستدا، لەسەر زەمینە سپیەكەش خۆرێكی زەرد دەدرەوشێتەوە كە نزیكە لەو ئاڵایەی لە یەكەم كۆبوونەوەی دامەزراندنی رێكخراوی (خۆییبوون) لە ساڵی ١٩٢٧ وەك ئاڵای كوردستان بڕیاری لەسەردراوە.

لە دوای پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان(١٩٩٢)، ئاڵاكە لە لایەن ھەندێك لە رێكخراو و دەزگاكانەوە هەڵدەكرا و بەكاردەهێنرا، بەڵام لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوەو لە ١١\١١\١٩٩٩ بە یاسای ژمارە ١٤ و بڕیاری ژمارە ٢٨، بەفەرمی وەك ئاڵای كوردستان بڕیاری لەسەر درا، دواتریش پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی ١٩-٦-٢٠٠٤ بە بڕیاری ژمارە (٤٨) رۆژی ١٧ ی كانونی یەكەمی هەمو ساڵێكی كردە رۆژی ئاڵای كوردستان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان. هۆكاری دیاریكردنی ئەم رۆژەش ئەوەیە كە ھاوكاتە لەگەڵ رۆژی هەڵكردنی ئاڵای كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە ساڵی ۱۹٤٥، و داگرتنی ئاڵای ڕژێمی ئەوكاتەی ئێران (پەهلەوی) ساڵێك پاش ئەوەو لەهەمان ڕۆژدا.

هەژار موكریانی(١٩٢١-١٩٩١) لەبارەی ئاڵاكەی كۆماری كوردستان (مەهاباد) ئەم شیعرەی نوسیوە:

پارچەكەی سێ رەنگی خۆی دەنوێنێ؛ رەنگی سوور دەڵێ
تا تنۆكێ خوێنی كورد مابێ قەدی من نانەوێ
یان دەڵێ لێم سوورە دێموكراسی لە عالەم سەركەوێ
موستەبید و مورتەجیع كەوتوونە گێژی گێژەوێ
سپیەكەی موژدەی بەیانی بەختی كوردی كرد بەیان
رۆژی بەختی كوردە پەیدا بوو نەما پەردەی شەوێ
دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە رزقی خۆت ببێ
خۆت كە برسی بۆچی دوژمن پێی بژی لێرە و لەوێ
پێت دەڵێ نووكی قەڵەم گەر ژینی خۆشت پێدەوێ
غەیری من دەس ناكەوێ بۆ رێی تەرەقی پێشرەوێ
رەنگی سەوزی یانی دایكی نیشتمان لەورۆكەوە
جوان و سەر سەوزە وەگیری كەوتووە عومری نەوێ

(هەژار موكریانی، ئاڵەكۆك، ئاڵای كوردستان).