كۆتایی دیاردەیەك

03-01-2020 10:53


كوشتنی قاسم سلێمانی لە فڕۆكەخانەی بەغدا، لە ڕێگای فڕۆكەی بێفڕۆكەوان(درۆنەوە)، كۆتایی دیاردەیەكە، كە بە دیاردەی قاسم سلێمانی ناسراوە. قاسم سلێمانی زیاتر لە دەیەیەكە دروست دەكرێت، لە پڕۆسەیەكدا كە بە ئەفسانەسازیی كەسێتی ناسراوە. خەڵكان و وڵاتانی تریش هەوڵی دوبارەكردنەوەی ئەم دیاردەیەیان دا، ماوەیەك برێت مەكگۆرك ڕكەبەری بوو، سعودییەكانیش كابرایەكیان هەبوو، بەڵام هیچكامیان وەك قاسم سلێمانی نەبوو.

ئەم ئەفسانەسازییە بەشێكبوو لە پڕۆسەی ئیدارەدانی ئەو دۆخەی كە هەبوو، سەپاندنی هەژمۆنییەت بە سەر خەڵك و خاكێكدا كە لە دەرەوی سنور و خاكی وڵاتە. بە جۆرێك دەتوانین بڵێین لە تارانەوە هەتا بەیروت سەرزەمینێكی شل هەبوو، گونجاو بوو بۆ مەلەكردن تیایدا.

ئێران پێویستی بەم كەسایەتیە بوو هەتا دوو پێكهاتەی تیادا بەرجەستە بكات: یەكەم، ئێران، دوەم ئەوانیتر. بە جۆرێك، وەك چۆن لە سەردەمی برێت مەكگۆركدا ئەو لە هەر كوێ بوایە، ئاماژە بوو بۆ بونی ئەمریكا لەوێ، بە هەمانشێوە بۆ قاسم سلێمانی و ئێرانیش. لە هەمانكاتدا، بۆ ئێران ئەو هەموو ئەو وردە كەسایەتیانەی بەرجەستە دەكرد یان نوێنەرایەتی دەكرد كە لە دەرەوەی سنوری ئێراندا بون و بەشێك بوون لە پڕۆسەی هەژمۆنییەتەكە. تەنها بۆ نمونە وێنەكەی موقتەدا سەدر و ئەو و خامنەیی بێنە بەرچاوی خۆت. وێنەیەك كە تیایدا ئەم پڕۆسە و ئەفسانەسازییەی تیادا بەرجەستە بوبو.

ئایا ئەمە چی دەگەیەنێت؟

یەكەم، كوشتنی قاسم سلێمانی بە ئاسانی جێگای ناگیرێتەوە.

دوەم، هەوڵی دروستكردنی كەسێكی تری هاوشێوە، بەو هەمو ئەفسانانەوە، ئاسان نیە و كاتی دەوێت.

سێیەم، ئێمە لە سەردەمێكی تردا دەژین.

ئایا سەردەمی قارەمانەكان و ئەفسانەسازیی بەسەرچوو؟

قاسم سلێمانی و ئەوانیتر لە قایمترین جێگادا كە فڕۆكەخانەی بەغدایە دەكوژرێن، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان. ئەمریكا دەتوانێت ئەمە بكات. لە ڕاستیدا لە زووەوە دەیتوانی ئەمە بكات. بەڵام ئەنجامدانی لە ئێستادا یانی چی؟

یەكەم، درۆن یان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان سروشتی ململانێی گۆڕی.

دوەم، پێشتر ئەمریكا ئەمەی ئەنجام نەداوە، چونكە ناوچەكەی بەلاوە گرنگ بوو، بەڵام ئێستا ناوچەكە گرنگ نیە، هیچ نەبێت وەك جاران.

سێیەم، هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكی، هێرش بوو بۆ سەر ئەمریكا، ئەمە هاوشێوەی كۆمەڵێك ڕوداوی تر بوو، گرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریكی لە ١٩٧٩، هەروەها كوشتنی باڵیۆزی ئەمریكی لە بەنغازی لیبیا. هەردوو ترەمپ و پۆمپیۆ، زۆر هەستیار بوون بەرامبەر ئەم ڕوداوە، چونكە ئەوەی بە سەر هیلاری كلینتۆندا هات لە ڕوداوی بەنغازی ئەمانی زۆر هەستیار كردبوو. بە تایبەتی كە پۆمپیۆ بە هیوایە كە خۆی بۆ سێنات كاندید بكات.

چوارهەم، ئێران بژاردەی ئاسانی نیە، نە لە دەرەوە و نە لە ناوەوە.