بۆ حەرباكان

01-02-2020 11:03


(۱)

‫پارتی لە دەسەڵاتدا نەبوایە، بۆ نمونە وەك كۆمەڵ یا یەكگرتو بوایە هەرگیز وەك ئێستا ڕەخنەم لێنەدەگرت، لە هەمو دونیادا ئۆپۆزسیۆن، ڕۆشنبیران، میدیا، خەڵك بەگشتی ڕەخنە لەو هێزە دەگرن كە لە دەسەڵاتدایە، هەمان شت بە حەجمی خۆیان بۆ یەكێتی و گۆڕانیش ڕاستە، دەسەڵاتێك نیە لە دونیادا بێ ڕەخنە!‬

(۲)
‫كۆمەڵێك حەرباو هەڵگەڕاوە پەیدابون پاكانە بۆ پارتی دەكەن، ڕەخنە لە پارتی دەبەنەوە سەر پرسی ئایدۆلۆژیا لە كاتێكدا(بەشێك) لە كادیرەكانی پارتی خۆیان ڕەخنەكان لەو بەناو سیاسیە ئەكادیمیانە سروشتی تر وەردەگرن، هەن بەڕادەیەك خۆیان و فكری دوێنێیان بیرچۆتەوە دەڵێن؛ ڕەخنە سودی بۆ خەڵك چیە؟!‬

(۳)
‫هەن هێندە هەڵگەڕاونەتەوە! ئۆباڵێ هەمو كەموكوڕییەكی هەرێم دەخەنە ئەستۆی گۆڕان، لەولاشەوە دەڵێن گۆڕان تەواو بوە و نەماوە! من هێشتا بێهیوا نیم لە گۆڕان بۆیە ڕەخنەشی لێدەگرم، سبەی وازیش بێنم هیوای سەركەوتن بۆ ئەو هاوڕێیانەم دەخوازم كە دەمێننەوە، گەڕ گەڕ ناكەومە وێرانكردنی ماڵەكەی دوێنێم!؟‬

(٤)
‫قەناعەتم بە دو بۆچون زۆرە، یەكیان، دەڵێ؛ لەگەڵ كەسێك مەكەوە بەرخورد كە هیچی نیە لە دەستی بدات، یەكێكیش كە دایم فكری لای پارە و دەسكەوتی ماددی بێ، چونكە تۆ هەرچیەك بكەی ئەو هەر دژتە، چونكە فكری لای گرێ دەرونییەكەی خۆیەتی؛ بۆچی تۆ بویتە پەرلەمانتار و ئەو نەبو؟! بۆچی تۆ هەیت و ئەو نیە؟!‬

(٥)
‫گەر تەنها هەڵسوڕاوی گۆڕان بومایە و بەدەنگی خەڵك نوێنەر نەبومایە، مەجبور نەبوم بەردەوام بدوێم. دەشتوانم دەست بەكڵاوەكەمەوە بگرم با نەیبا، ئەگەر وەفا بۆ فكری گۆڕانخوازی نەبێت پەرلەمانتاریش نەبوایە دەمتوانی میدیاكارێكی بەناز یا وەك زۆرێك لە بری ڕەخنە خەریكی ڕازیكردن و مەرایی دەسەڵاتبم!‬