لیستە ڕەشەكەی پارتی

03-02-2020 12:13

(1)
ئەوەی ئێستا و دوای بەستنی كۆنگرە لەناو یەكێتیدا روودەدات، شتێكی هێندەش ناسرووشتی نییە، پارتیش كە كۆنگرەی 13ی بەست، چەندین هەفتەی پێچوو تا توانی مەكتەبی سیاسی دابنێتەوە و جەدەل و مشتومڕێكی زۆریشی تێكەوت. گرفتی سەرەكی لەناو هەردوو حزب ئەوەیە كە كۆنگرە ناتوانێ كێشە بنچینەییەكانی ناوخۆی حزب چارەسەر بكات، بگرە هەندێك جار پەرەشیان پێ دەدات.

یەكێتی لە كۆنگرەی چواردا بە پەلەپڕوزێ هەندێك شتیان تێپەڕاند و نەپەرژانە سەر كێشە ئەزەلییەكانی ناو ئەو حزبە كە لە رۆژی درووستبوونییەوە بەدەستیانەوە دەناڵێنێ، خۆ ئەگەر ئەو كێشانەی نەبووایە ناوی (یەكێتی) نەدەبوو! بەڵام ئێستا یەكێتی لە بەردەم دووڕیانێكی سەختدایە و بە تاقیكردنەوەیەكی گەورەشدا تێپەڕ دەبێت كە ئەویش بریتییە لەوەی ئایا یەكێتی لە ژینگەی سیاسی و حوكمڕانیی ئێستای كوردستاندا، دەبێ لەسەر چ مەبنایەك خۆی پێناسە بكاتەوە؟ ئەگەر جاران فاكتەری قاسم سولەیمانی رۆڵی یەكلاكەرەوەی هەبووبێت، ئەمجارەیان یەكێتی دەبێ هەڵبژێرێت كە دەیەوێ حزبێك بێت بەدڵی پارتی بێت یان نا؟ ئەگەرچی پارتی بۆی گرنگ نییە ئەوانی دیكە لەسەر ئەو چی دەڵێن، بەڵام پارتی بە ئاسانی دەتوانێ بلاك لیستی خۆی بۆ هەموو حزبەكان هەبێت. ئەو ساردی و سڕییەش كە ئێستا لەسەر ئاستی حزبی لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە، دەلالەت لەوە دەكات كە بەشێكی زۆری بڕیاربەدەستانی ئێستای یەكێتی كەوتوونەتە ناو ئەو لیستە رەشەی پارتییەوە.

هەر بۆیەشە كە تا ئێستاش بەشێكی زۆری سەركردایەتی یەكێتی، پتر لەوەی بەتەنگ رێكخستنەوەی ناو ماڵی خۆیانەوە بن، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەوە دەكەن پەیامێكیان لە پارتییەوە پێ بگات، لە پارتیشەوە دوو پەیامی جیاوازیان بۆ دەچێ، هەندێك لەوانەی باریان لەنگە، لای بەشێكی پارتی مەقبولن و هەندێك لەوانەیش كە ئێستا داشیان سوارە، لای بەشێكی دیكەی پارتی وەك ئەمری واقیعێك قەبوڵ كراون.

زوو یان درەنگ و هەرچۆنێك بێت، یەكێتی لە پێناو مانەوەی خۆیدا لەسەر سیغەیەكی بەڕێوەبردن رێكدەكەوێ، بەڵام ئیشی پارتی قورس دەبێ ئەگەر دان بە واقیعی كۆنگرەدا نەنێت، چونكە بە هەر شێوازێك رێككەوتن بكرێت، هەر ئەوانە یەكێتی هەڵدەسوڕێنن كە بە كوتەك كۆنگرەیان كرد.

باشترینی خراپەكان
(2)
باڵەكانی یەكێتی بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی حزبەكەیان لە دكتۆر بەرهەم ساڵح باشتریان دەستناكەوێ؛ لەگەڵ هەموویانە و لەگەڵ هیچیشیان نییە تا سەر. پارتیش تا راددەیەك موبارەكەی كردووە و رەنگبێ پۆستەكەشی لە بەغدا، فاكتەرێكی گرنگ بێت هەم بۆ پارتی و هەم بۆ ناوخۆی یەكێتیش. بۆیە هەرچەندە بەدڵی پارتیش نەبێ، دژی نین. هەر بۆیە رەنگبێ لە ناو ئەو بژارانەی كە شانسیان هەیە، لە خراپەكانی دیكە (بە نسبەت پارتییەوە) باشتر بێت. بەڵام هاوكێشەكانی ناو یەكێتی بە جۆرێكن كە باڵەكان سەعات بە سەعات یان رۆژ بە رۆژ حەملەی تاكتیكی لە دژی یەكتری دەكەن و بەوەش تێگەیشتن لە هاوكێشەكان زۆر قورس دەبێ.

بەرەی كۆسرەت رەسوڵ و كەركووكییەكان داوای فرە جێگری (تا پێنج جێگر) دەكەن، بەرەی تاڵەبانییەكان داوای یەك یان دوو جێگر دەكەن. بۆ بەرهەم ساڵح زۆر باشە ئەگەر فرەجێگری هەبێت، چونكە ئەوە وادەكات كۆنسەیەك درووست بكات و خۆی سەرپەرشتییان بكات، بەڵام بە حوكمی ئەوەی كە هیچ نفووزێكی ئەوتۆی لەناو سەركردایەتیی تازەی یەكێتیدا نییە و هەڵبژاردنەكانیش دەنگێكی زۆری دەوێ، تا ئێستا هیچ هەڵوێستێكی لەوبارەیەوە نییە و، دەشزانێ ئەگەر یەك یان دوو جێگر هەبێت، ئەوا دەسەڵاتی فیعلی لە بڕیاردان لای ئەو جێگرە یان دوو جێگرەكەیە و پۆستەكەی تەشریفاتییە!

لەبەرامبەر ئەوەشدا، ئێستا باڵی كۆسرەت رەسوڵ و كەركووكییەكان، كارتێكی دیكەی گوشاریان دەرهێناوە كە ئەویش بەخشینی دەسەڵاتی یەكلاكەرەوەیە بە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و سەرۆكەكەی بەسەر هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا و، بڕیاری كۆتاییش هەر لای ئەوان بێت. بەوەش سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرەكانی (جا هەر چەندێك بن) بایەخیان نامێنێ. ئەم حەملە تازەیە بەشی زۆری رووی لە بەرهەم ساڵحە تا خۆی یەكلایی بكاتەوە و پەیامێكیشە بۆ پارتی كە گرەو لەسەر باڵەكانی نەكات.

خۆی خنكاند، بەڵام چۆن؟
(3)
هەفتەی رابردوو، سەبارەت بە(خۆكوشتنی) پێشمەرگەیەك بەناوی مەجید ئیبراهیم، شەش روونكردنەوە و بەیاننامەی جیاواز لەلایەن پەرلەمانەوە بڵاوكرانەوە، هەمووشی دژی یەك. پوخت و موختەسەر هەموو ئامانجەكە ئەوەیە كەیسێك كە هێشتا نەچووبووە بەردەمی دادوەر و تاوانی تێدا ساغ نەببووەوە، بكرێتە سیاسی. جارێ رەهەندە سیاسییەكەی هەر ئەوەندە بڕی كرد كە هەندێك كەس نان و پیازی پێوە بخوات، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەوەیە كە بۆ دەبێ نەتوانرێ لە دەرەوەی سیاسەت پرسیارگەلێك بەرەوڕووی دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەكانی كوردستان بكرێتەوە؟ ئەوە گریمان ئەو كەسە سەر بە هیچ لایەنێكی سیاسی نەبوو، ئایا رای گشتی و میدیا دەیانزانی حاڵەتێكی وا روویداوە؟ ئایا میدیای كوردستان جورئەتی ئەوەیان هەیە بپرسن كە چۆن دەبێ كەسێك لە بەندیخانەی ئاسایش راگیرابێت و كەرەستەی خۆكوشتنی لەبەردەست بێت؟ ئایا لەسەر ئەم بابەتە كە ئیهمال و كەمتەرخەمییە، هیچ كەسێك لە ئاسایش سزا دراوە؟ ئایا ئەو كەسەی كە ئەو كەمتەرخەمییەی كردووە، بەو كارەی یارمەتیی هیچ كەس و لایەنێكی داوە كە دۆسییەی بازرگانیكردنی بە ماددەی هۆشبەرەوە داپۆشرێت؟ ئەوە بابەتێكی زۆر هەستیارە و بە سیاسیكردنیشی وا دەكات زۆر پرسیار بێ وەڵام بمێنن.