یەکێتی بڕیاری چی دەدات؟!

06-02-2020 07:37

 

لەسەردەمى تاڵەبانیدا، هیچ شتێک لەبریاردان و دابەشکردنى پۆستەکان ئاسان تر نەبوو، بەشێک لەوەى وایکرد شتەکان ئاوا ئاسان بیدات بەدەستەوە، جگە لەکاریزماى تاڵەبانى خۆى، بەدەنگەوەهاتنى هەموو کوتلەو باڵەکانى ناو حزبەکە بوو، چونکە هەموویان لە رابەرایەتى ئەو هیچ گرفتێکیان نەبوو.

تاڵەبانى لەهەموو کەس باشتر سەرکردەو کادرى باڵەکانى ناو حزبەکەى ئەناسى، بەڵام تا ئەوکاتەى حزبەکەى بەیەکجارى بەجێهێشت، بەڵیبراوەیى و یەکجارى پشتى لایەکى نەگرت لەدژى لایەکى تر، تەنانەت لەوکاتانەش کە یەکێتى لەچەند رێکخراوێک پێکهاتبوو ئەو دەیویست رابەرى هەمووی بێت نەک بەشێکى.

ئێستا سکرتێرى تازە ئەتوانێت چى بکات؟ ئایا رێگەى پێدەدرێت بەشێک لە دەسەڵاتەکانى تاڵەبانى پیادە بکات؟ ئایا سەرکردایەتییەکەىپاسى ئەدەنێ تا گۆڵى سەرکەوتن بۆ حزبەکەیان تۆمار بکات.

ئاخر کارى حزبایەتى پێش ئەوەى جێگەى گەمەى سەرکردەى سەرکەوتوو بێت کارى تیمى سەرکەوتوە تیمى سەرکەوتوش پێویستى بە بەرچاوروونى و بەرنامەیە، بۆیە بەرنامەى لایەنى کەمى سکرتێرى یەکێتى پێش ئەوەى هەنگاو لە دەرەوەى حزبەکەى بنێت پێویستى بەرێکخستنى تیمى ناو حزبەکەیەتى.

ئاشکرایە یاریزانى باش لەناو تیمى خراپ رەنگە بەس ماندوبوون و دۆرانى بۆ بمێنێتەوە، بۆیە پێویستە یەکێتى پێش ئەوەى چاوى لەوە بێت بە نەقڵە شەترەنجیەکەى روو لەکش مات بکات، ئەبێت ئاگاى لەپاراستنى مەلیکەکەى خۆى بێت.

یەکێتى چى بکات باشە؟

گۆڕانکارییەکانى ناو دواین کۆنگرە گرنگ و باش بوون، بەڵام ئەگەر جەولەیەکى ترى باڵ باڵێن گەرم نەکاتەوە، ئەوەى کە گرنتى نەگەڕانەوەئەکات بۆ باڵ باڵێن براوەکانن، نەک ئەوانەى چونەتە دواوە.

گەر سەرکەوتوەکان مەبەستیانە حزبەکەیان پاکەنەوە لە پەتا و دەردەکانى پێشوو، ئەبێت لەپێشا خۆیان بە دژە پەتاکە بکوتن نەک گوشارلەسەر ئەوانى دى توند بکەن.

دەرکەوت زۆرینەى یەکێتیەکان لەگەڵ سەربەخۆیى حزبەکەیانن نەک پاشکۆیەتى، ئەوەى یەکێتى لەپاشکۆیەتى ئەپارێزێت و بەسەربەخۆیىوەک حزبێکى سەرکەوتوو ئەهێڵێتەوە شەڕەنگێزى نییە لەگەڵ ئەوى دی، بەڵکو پێداگرییە لەسەر دنیابینى خۆى و بەکردەوە نیشاندانىجیاوازییەکانیەتى و پێداگرییە لەسەر ئیستحقاقى پێگە و مێژوەکەى.

هەموو ئەوانەش بەندن بەوەى ئایا یەکێتى دواى کۆنگرە دەتوانێت ببێتەوە بەخاوەن قەزیە و خاوەن جوڵەى کاریگەرى کردارىی، یان هەر لەپەراوێزى  پەرچەکدارى ئەوى دى ئەمێنێتەوە، یەکێتى دواى گۆنگرە چەند پێویستىبەئاشتکردنەوەو تەبایى ناوخۆی هەیە دوو هێندە پێویستى بەئاشتکردنەوەى جەماوەرە، بۆ ئەوەش پێویستى ڕوخاندنى هەموو ئەو دیوارولەمپەرانەیە کە پێشتر دروستى کردبوون، بەپێچەوانەوە پێویستى بەدروستکردنى ئەو پردو رایەڵانەیە کە دەیگەیەنێت بە وزەو توناکانى دەرەوەىخۆى.

هەموو ئەوانەش ئەوکاتە کردارى دەبن کە یەکێتى بەتەنها لەچاوى بەرژەوەندیی شەخسى و حزبیەوە سەیرى پرسەکان نەکات، بەتایبەت بۆئەو ناوچانەى کە بەناوچە نفوزى خۆى دەزانێت لەئاستى پێویست بەرپرسیارێتیەکەشى لە ئەستۆ بگرێت، خۆ گەر یەکێتى رێزى پەیام وبەڵێنەکانى خۆى نەگرێت، گەر سیاسەت و بازرگانى لەیەکتر جیانەکاتەوە، ناکرێت چاوەڕێى رێزو خۆشەویستى خەڵکیش بکات، گەر رێزلەسەرکردایەتى و سەرۆک و بریارەکانى نەگرێت، گەر تواناى لێپرسینەوە و پاداشتى نەبێت، لەچاوەڕوانى فریادڕەسێکى خەیاڵىی مردارئەبێتەوە.

گەر توانا میدیایى و هێزە جەماوەرییەکەى رێکنەخاتەوە، گەر دەستبەردارى مەحسوبیەت و قۆرغکارى بازاڕ نەبێت، گەر پەیوەندیە کوردستانىو ئەقلیمى و جیهانیەکەى رێکنەخاتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە، یەکێتى پێش کۆنگرەو دواى کۆنگرە تەنها ئەو جیاوازییەى ئەبێت ئەوسا باڵ باڵینى تیابووە، ئەم جارە ماڵ ماڵێنیشى بۆ زیاد دەبێت.