لەبارەی دانوستانەكانەوە

03-03-2020 06:09


لێدوان و قسەی زۆر كرا لەبارەی دانوستان و پێكھێنانی حكومەتەوە. بەندە لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی روداو، ھەروەھا لەگەل سایتی سبەی، بەشی زۆری ھەڵوێست و چۆنێتی گفتوگۆكانم باسكرد، بەڵام وا دیارە ھەندێ راستی بەلاڕێدا براوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم چەند راستیەك وەكو خۆی بۆ مێژو باس بكەم:

یەكەم: لەنێو وەفدەكەی كوردستان جیاوازی لە دەربڕین ھەبو، بەڵام راوێژ و گفتوگۆ لەنێو خۆمان بەردەوام بو، ھەڵوێستیش ھەمیشە یەك بو.

دوەم: كەمترین باسی ژمارە و چۆنێتی وەزیرەكان بو، بەڵكو گرفتمان ئەوە بو كەس خۆی نەدەكرد بە ساحێب لە پێكھێنانی حكومەت، ئەوەی سەرسەختانە بەرگری لە عەلاوی دەكرد سەدر بو، سەدریش دواجار ھەموانی جوێن باران كرد و ھیچی تیا نەھێشتەوە.

سێیەم: عەلاوی بە رونی وتی؛ پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سێ وەزارەت بۆ كوردە، واتە لە سێ وەزیرەوە دەبن بە چوار، ھەر بۆ خۆشتان كاندید بێنن و من یەك كەس دانانێم و ھەر ناوێك دێنن، گرنگ ئێوە پێی رازیبن، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێ ھیچ ناوێك نەنێردرا بۆ ئەوەی ببێ بەوەزیر.

چوارەم: ئەوەی نەیھێشت حكومەت پێكبێت، خودی شیعە بو، لەبەر جیاوازی خۆیان لەسەر ھەڵسوكەوت و بیركردنەوەكانی عەلاوی و پشتیوانی سەدر و چۆنێتی ناوە پێشنیازكراوەكان بۆ كابینەكەی. بە بەڵگەی لەكۆی ١٨٧ ئەندامی شیعە، تەنھا ٩٤ ئەندامیان ئامادەی دانیشتنەكە بون، لەكاتێكدا تەنھا ١٦٥ ئەندام بەسە بۆ بەستنی دانیشتن و متمانەدان بە كابینەكە.
كورد و سونەش مافی خۆیانە ھاوشێوەی نیوەی شیعە كابینەیەك رەتبكەنەوە، كە ناكۆكی زۆری لەسەرە.

پێنجەم: وەفدی كوردستان ھەر لەیەكەم رۆژەوە و لای ھەمو لایەنەكان دوپاتمان دەكردەوە، كە ئێمە پشتیوانین بۆ پرۆسەكە و رێگر نین و نابین، دەمانەوێ سەقامگیری بێتە كایەوە، تێگەیشتوین لە ھەستیاری قۆناغەكە و رەچاوی بارودۆخەكە دەكەین. لەھەمان كاتدا مەلەفە گرنگەكانی كوردستان، بەتایبەت بودجەی ھەرێم، بارودۆخی كەركوك و ناوچەكانی دیكە، مەلەفی ئەمنی، ھەموی بەوردی باس كرا، بەڵام تەنھا بۆ مەلەفی بودجە بەرچاو رونی ھەبو، مەلەفەكانی دیكە نە زانیاری ھەبو نە روئیای ھەبو بۆ چارەسەر نە بەڵێنێكی كۆنكرێتیشی دا، تەنھا ئەوە نەبێ كە ھاوكاربن با چارەسەری ئەو كێشانە بكەین.

شەشەم: خودی بەرێز عەلاوی باش ئیدارەی گفتوگۆكانی نەدا، سەلیقە و كاریزمای وەك پێویست نەبو بۆ ئەو كارە، تیمێكی سیاسی لەگەڵ نەبو راوێژ و كارئاسانی بۆ بكا. پشتی بەھەندێك كەس بەست كەدواجار بەجێیان ھێشت، قورسیی ئەركەكەی باش نەخوێندبوەوە.

بەڵێ عەلاوی وەكو كەسێتی خۆی كێشە نەبو بۆ كورد، بەڵام گرنگترین كێشەی ئێمە و ترسی زۆرمان ئەوە بو كە خاوەنی قورسایی و بڕیار نابێ و دەكەوێتە ژێر كاریگەری چەند كەس و لایەنێك، كە زامن ناكرێن بۆ ئەوەی دژی كورد نەبن. دواجار ئەوە خودی عەلاوی بو كە نەیتوانی زۆرینەی شیعە مسۆگەر بكا، ھەر بۆیە كورد و سونەشی مسۆگەر نەكرد.