دیموكراسیەت و كودەتا لە دیدی ڕاوێژكارێكی بارزانییەوە

05-03-2020 12:12


لە پاش ئەوەی محەمەد تۆفیق عەللاوی نەیتوانی كابینەكەی پێكبهێنێ، دەهۆڵی یەكڕیزی و فرۆشتنەوەی كوردایەتی لێرەو لەوێ لێدرایەوەو لایەنگرانیش وەك پیشەی هەمیشەییان كەوتنە هۆنینەوەی چیرۆك و بارزانیش وەك پاڵەوانی تێكدانی ئەم پێكهاتنە وێنا كرا؛ ئەمەش هەمووی بەهۆی ئەوەی گوایە گەورەترین پلانی دژی ئەزمونی هەرێمی كوردستان شكست پێ هێناوە.

من لێرەدا نامەوێ فاڵ بۆ ئەوە بگرمەوە، دژ بونەكەی بارزانی لە ئایندەدا دەچێتە بەرژەوەندی نەتەوەییەوە یاخود حیزبی و شەخسییەوە‌، یان بێ بەڵگە ناتوانم بڵێم ئەوەی ڕوویدا بەڕاستی ئاكامەكەی باش ئەبێت بۆ كورد یان بەپێچەوانەوە، چونكە زۆرجار شایی و لۆغان بۆ شتێك كراوە كە دواتر سەرلەبەری بە زیان بەسەر خەڵكدا شكاوەتەوە.

ئەوەی جێگای سەرنجی من بوو، تازە ڕاوێژكارێكی كۆنە نەیاری بارزانی لە بارەی پێكنەهاتنی ئەم حكومەتەوە، هەم وەك مێژوونوسێك و هەم شیكاركارێك و هەم وەك فاڵگەرەوەیەك بەناو كەوتوەو لە مێژووی دێرێنی عێراقەوە هێناویەتی تاكو ئەم شازدە ساڵەی دوایی و هەر هەمووانی وەبەر تەشەر داوەو پێی وایە هیچ یەكێك لە عێراقدا دیموكراسی نیە و وەك بەرگریكارێك هاتۆتە مەیدان و شیوەن بۆ خەڵكی سەر جادە دەكات، دیارە ئێمە شاهیدی ئەوەین كە خەڵك و خوێنی ڕژاوی سەر سەرشەقامی سلێمانی ئەوی كرد بەدەم سپی و لەو ڕێگایەوە گەیشت بەو مەرامەی كە ئێستا ئەو دەیەوێ و لە مونتەڵەقی هێزەوە خۆی نمایش دەكات (ئەمەیان هەڵئەگرم بۆ دەنگدەرانی فەقیرو هەژاری گۆڕان كە بەسەر پشتی ئەواندا ڕۆشتوەو ئێستا لە ئەمانێكی بێ سنوردایە و ڕۆڵی ڕاوێژكاری ڕوقایم دەبینێ‌).

ڕاوێژكارەكەی بارزانی لە بەشێكی قسەكانیدا هاتۆتە گۆو دكتۆر بەرهەم ساڵحی خزاندۆتە بەناو پیلانێك كە بەخەیاڵی ئەو باس دەكرێت كە بۆ لەباربردنی كورد دروست ‌ببوو، كاكی ڕاوێژكار زۆر بێویژدانانە دەیەوێ وێنای سەرۆك كۆمار بە پلانگێڕ دژی گەلەكەی بكات و لە هەمان كاتدا ژەهری دووبەرەكی بە قوڕگی هاوڕێكانیدا بكات و دەڵێ: ویستویەتی تۆڵە لە هاوڕێكانی نێو یەكێتی بكاتەوە بەوەی نەكراوە بە سكرتێر.

هەرچەندە من و زۆركەسی تر هیچ سەرمان لەم هاوكێشەیە دەرناچێت كە ڕاوێژكار بۆی چووە، چونكە كاك بەرهەم بە ئاشكرا و بە نوێژی نیوەڕۆ لە سیستمی هاوسەرۆكی كشاوەتەوەو بەڵێنی پشتیوانیشی بە هاوسەرۆكان داوە. دەربارەی ئەوەشی ویستویەتی تۆڵە لە پارتی بكاتەوە، دیسان جەنابی ڕاوێژكار دەیەوێ دووبەرەكی لە نێو ناوەندی دەسەڵاتی پارتیدا دروست بكات، چونكە كاك بەرهەم غەیری ئەوەی لە پڕۆسەیەكی دیموكراتیدا لەنێو پەرلەمان بردویەتییەوە و پاشانیش پارتی پێشوازی لێ كردوەو پشتیوانی بۆ هەوڵەكانی دەربڕیوە؛ هیچ ڕەفتاریكی تری نەكردوە جێگای نیگەرانیی بێت.. ئیتر نازانم پارتی لە پای چی لە ڕووی سیاسییەوە پشتیوانی ناكات. ڕەنگە ئەم قسەی پشتیوانی نەكردنە لە گۆشەیەكەوە زۆر ڕاست و دروست بێت، چونكە بەرهەم ساڵح خاوەنی خۆیەتی و ڕقی لە تەبەعیەتە جا لە هەر بوارێكی تریشدا بێت.

ئەوەشی پێویستە ڕاوێژكارەكەی بارزانی لێی تێبگات ئەوەیە، دەبێت ڕاستگۆیانە ئەوە باس بكات، كە شەقام خەڵكی حیزبیی ناوێت، ئێوەش باس لە پشتیوانی شەقام دەكەن و شەڕەكەشتان لەسەر ئەوەیە وەزیرە دوبارەكراوەكان دابنرێنەوە یان هیچ نەبێت وەزیری حیزبیی بسەپێنن، پاشان شاندی هەرێم هاتونەتە بەغداد و خۆیان دانوستاندنیان لەگەڵ عەلاوی كردوە بەسەرۆكایەتی كاك نێچیرڤان، نەك كاك بەرهەم، ئەوان تاڕادەیەكیش ڕەزامەند بوون، بەڵام دواتر لەپشتی دامەزراوەكانی هەرێمەوە كاك مەسعود ڕێككەوتنی لەگەڵ هەندێك هێز كرد، كە پێشتر بە دوژمنی كورد ناسێنرابوون، بۆ تێكدانی ڕێككەوتنی شاندە كوردییەكە نەك ناڕەزایەتی لەدژی پیلانگێرییەك كە وەك ئێوە باسی ئەكەن، بۆیە لەڕاستیدا ئەوەی ڕویدا، كودەتا بوو بەسەر دامەزراوەكانی هەرێم بەناوی دژایەتیكردنی پیلانگێرییەوە، هەربۆیە دواتر كاك مەسعودیش لەباتی هەمووان دەستخۆشی لەهاوبەشەكانی كرد، نەك پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم.

دوا قسەش ئەوەیە ئەگەر كاكی ڕاوێژكار بەمەبەست سەر لە خۆی نەشێوێنێ دەزانێ سەرۆك كۆمار لەسەر ئەو ڕێسایە كاری كردوە كە شەقام و كەس و كاری خوێنڕژاوان داوای دەكەن، خۆ گەر ئێوەش ئەوەنە خەمخۆری داخوازیی شەقامن و باكتان بە دەنگی شەقام هەیە باجارێ واز بێنین لەشەقامی عەرەبی، باشترە خەمێك لەداخوازیەكانی شەقامی كوردی بخۆین خۆ لەهەرێم هەموو دەسەڵاتەكان لای بارەگای بارزانیە و بفەرموو پێی بڵێن، ئاوڕێكیش لەوخەڵكە داماوەی خۆمان بدەنەوە نەبا جارێكی تریش بەداخوازیی و ناڕەزایەتییەكانیان بوترێتەوە هەڵپەڕین و داپەڕین.