دۆخەکە مەدەنە دەست خەڵک

11-03-2020 09:37


بەشێک فشەی پێ دێ! بەشێکی دیکەش پاساوی لابەلای بۆ ھەمووشت حازرە و ھەندێکیش وەک ھەمیشە داویانەتە دەست خواو دەڵێن "خوا گەورەیە"، مەترسییەکە ئەوەیە زەرەری ئەمانە لەخۆیاندا ڕاناوەستێ و دەگوازرێتەوە بۆ چواردەورەکانیان، تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەش لە كۆمەڵگەدا ھەر بەم جۆرەیە.

بۆیە، پێویستە حکومەت بە زۆر بیانھێنێتە سەر ڕێی ڕاست، تا وەک ئێران و ئیتاڵیای لێنەھاتووەو کۆرۆنا پەرێشانی نەکردووین؛

1- ھاتووچۆ لە سەرتاسەری ھەرێم بە تەواوی سنوردار بکرێ بە ئاڕاستەی کەرەنتینەکردنی تەواوی کوردستان لە ماوەی یەک دوو ڕۆژی داھاتوودا.

2- دووکان و بازاڕ و ھەرشوێنێک خەڵک ڕووی تێدەکات و دەبێتەھۆی کۆبوونەوە، بە تەواوەتی دابخرێ تا ئەوکاتەی تەندروستیی بە گونجاوی دەزانێت.

ئەم دۆخە نابێت بدرێتەدەست خەڵک، خۆپارێزیی بە تکاوڕجا و پاڕانەوە ناچێتەسەر، بڕیاری دروستیش لە کات و ساتی خۆیدا نەدرێت ئامانجەکە ناپێکێت، ناکرێت ھەڵەو ئەزموونی ئیتاڵیا دووبارە بکرێتەوە، ئاگادارن خەڵکی ئەو وڵاتە ئێستا چۆن دان بە کەمتەرخەمیی و بەجددی وەرنەگرتنی مەترسییەکاندا دەنێن؟ بەڵام پاش چیی؟ لەوێ کار لەکار ترازاوە. بۆئێرەش ئێستا کاتە گونجاوەکەیەو دەبێت بڕیار بدرێ، ئەگەر درەنگیش نەبووبێت!

ھەر بەپێی لۆژیکی داخستنی مزگەوت کە زۆرترین قسەو باسی بەدوای خۆیدا ھێنا، جیاوازی چییە لە نێوان مزگەوت و چایخانە؟ ئەی مارکێت و مۆڵەگەورەکان و ڕیزی بەردەم کاشێرەکان؟ ٢٠ کەس لە پاسدا نووساون بە یەکەوە ماوەی ١٥ بۆ ٣٠ خولەک، ئەمەش مەترسی نییە وەک ڕیزی نوێژی جەماعەت کە ٥-٦ خولەکە؟ بێگومان هەردووكیان بۆ ئەم دۆخە مەترسیین. تۆ پشووت ڕاگەیاندووەو پشوو وەرگر لە بازاڕە، لەبری مێزی فەرمانگە لە دەوری مێزی دۆمینە كۆبوونەتەوە! ئەمە سەرباری كۆنتڕۆڵ نەكردنی تەواوەتیی سنورەكان‌و ئەو كەسانەی لە ئێران دێنەوە.

نمونەی دیکە زۆرەو پێویست بە ھێنانەوەیان ناکات، ئێوە دەزانن شارێکی وەکو سلێمانی کە لەڕووی تەندروستییەوە لەسەر ئاستی عێراق پێشەنگە، بەشی سەرنشینانی ٤ پاس، ئامێری ھەناسەدانی دەستکردی تێدانییە! لە کاتێکدا بەشێکی ئەوانەی تووشی کۆرۆنا دەبن بەتایبەت بەتەمەنەکان ئەو ئامێرەیان پێویستە.

ئەگەر باش لێی وردببیتەوە، سەرباری ھەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام، بەڵام ھەنگاوەکانی تا ئێستای حکومەت لەئاستی مەترسییەكەدا نییە، حکومەت کونێکی گرتووەو دەیانی دیکەی سەرئاوەڵا ھێشتووەتەوە کە دەکرێت کۆرۆنا لێیانەوە تەشەنە بکات، تائێرەو بەس، دواتر پەنجەی پەشیمانیی گەستن دادمان نادات.