هەرێم و بەغداد دوانەی ژانێك

16-03-2020 03:24


شیعەكانی عێراق سەركەوتو نەبوون لە پشتیوانی كاندیدەكەی پێشویان (محەمەد تۆفیق عەلاوی)، ئەمەش بوە زەنگێكی ئاگاداریی بۆ ھێزە شیعەكان كە بگوترێت تەبایی نێوانتان لە خراپ خراپترە، ئەو ناڕەزایەتییەی لەشەقامدایە زۆربەی ناڕەزایی خەڵكی شیعەیە لە ڕۆڵی حكومەت و لایەنەكانی خۆیان، چونكە باش دەزانن ئەوەی حوكمڕانی عێراقە شیعەیە بەهاوبەشی ئەوانی تر، لەئێستاشدا شیعەكان بەشوێن كاندیدێكی نوێوەن، بەڵام میكانیزمەكەی ئەمجارەیان جیاوازە، لیژنەیەكی حەوت كەسییان لە ھێزە جیاوازەكانی شیعە پێكھێناوە بۆ بڕیاردان لە دیاریكردنی كاندیدەكەیان. بەڵام بەوحاڵەشەوە هێشتا خاڵی نەبوونەتەوە لە شەحنەی حیزبیی و كێشە كۆنەكانی نێوانیان.

پرسیارە گرنگەكە بۆ ئێمەی كورد ئەوەیە، ئایا ھێزە سیاسیەكان، دەیانەوێت هەر بە میكانیزمە كۆنەكە مامەڵە لەگەڵ دۆخی تازە بكەن، یان ئەوانیش وەك نێوماڵی شیعە لە خراپ خراپترن. لەڕاستیدا دەمێكە باس لەوە دەكرێت پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، دەستەی ڕاوێژكاری بە پشتیوانی لایەنە سیاسییەكان، لەكەسانی پسپۆڕو شایستە دروست بكەن، زۆرجار باسی ئەوە كراوە كە بۆ هەر هەنگاوێكی گرنگ پشت بە نوێنەرەكانی كورد لەبەغداد ببەسترێت و بەشدارییان پێبكرێت، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی حیزبگەرایی ئەوەشی حەپەلوش كردوە و ئەوەی كە گرنگیی پێنادرێت نوێنەرانی كوردە لە بەغداد، ئەگەر دژایەتیشیان نەكرێت.

ھەموو حیزبە سیاسیەكانی ھەرێم بەتایبەت حیزبە حوكمڕانەكان ئەندام پەرلەمان و هەندێكیشیان پۆستی وەزیری و بەرپرسیارێتی تریان لەبەغداد ھەیە، ئەمانە وەك نوێنەری ھەرێم وان لەبەغداد كە پێویستە حیزبەكانیان ھێزی ئەوەیان بدەنێ كە ھەندێك بڕیار لای ئەوان بێت، كەچی بەداخەوە نەك هەر لە كوردستان ئاڕاستە دەكرێن و ڕێگەیان پێنادرێ لەگەڵ واقعی ڕوداوە سیاسیەكانی عێراق مامەڵە بكەن، تەنانەت هەندێك جار بۆ مەرامی حیزبی و سیاسی، بێدەنگیش دەكرێن و ڕێگەیان پێنادەن تێبینی و سەرنجەكانیان بۆ خەڵكی كوردستان بگوێزنەوە، ئەمەش وایكردوە لەژێر پەردەی كوردایەتی و یەك گوتاریدا، چەند گوتاری و تەنانەت دژبەیەكیش بەرهەمبهێنرێت.

ئەوەی لەئێستادا پێویستە كاری لەسەر بكرێت، دروستكردنی دەستەیەك(هەیئەتێكی) دانوستكارە، ئەم دەستەیەش لەكەسانی شارەزا پێكبھێنرێت، نەك ئەوەی كێ لە سەرۆكی حیزبەوە نزیكە، یان گوێڕایەڵە و یان ئەمڕۆ بەسوتفە میوانی بوە و ناوی بچێتە لیستەكەوە، دیارە چۆن حیزبی بوون نابێتە ڕێگر كە لەم دەستەیەدا بێت، ئەبێت ناحیزبی بوونیش ڕێگر نەبێت تا كەسانی شارەزا لەم دەستەیەدا بوونیان هەبێت. كورد بۆ ئەوەی لە میزاجیەتی شەخسی و حیزبی ڕزگاری بێت، پێویستی بە بەرچاو ڕوونی سیاسی هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد، پێوستە دوای ڕووداوەكان نەكەوێت و خوێندنەوەی پێشوەختی هەبێت و توانای جوڵاندنی پرسەكانی هەبێت، ڕاستە ئێستا كورد بەگەمە سیاسییەكانی ئەتوانێت زۆر شت لە بەغداد تێكبدات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەیتوانیوە، شتێك بینا بكات بە قازانجی هەرێم بێت، هەربۆیە ئەوەی خۆی تیا بە سەركەوتوو زانیوە، تێكدان بووە نەك دروستكردن و ئاڕاستە كردن، دیارە لەم گەمەیەشدا ئەوەی بەدەستیش هاتوە زیاتر بەقازانجی حیزبیی پێوانە كراوە نەك پرسی نەتەوەیی، بۆیە ئاڕاستەی حوكمڕانی و سیاسی هەرێم و بەغداد، لەزۆر شتدا لەیەك دەچن وەك دوانەیەكی یەك ژان، ئازارو خۆشییان تەواو تێكەڵ بووە، هەر هیچ نەبێت قووتیان وەك سفرەی یەك خێزانە.