سەربازی ون... شایەتییەك بۆ مێژوو!

17-03-2020 11:01


ماوەیەك بوو دەمویست سەربازێكی ونتان پێ بناسێنم كە نزیكەی مانگ و نیوێكە لە سەنگەری پێشی پێشەوەی شەڕی ڤایرۆسی كۆرۆنایە لە سلێمانی. بەڵام ویستم پێش نووسین قسەیەك لەگەڵ ئەو سەربازە ونەدا بكەم تا هەم هەندێ پرسیاری لێبكەم و هەم ڕوخسەتی لێبخوازم بۆ باسكردنی هەندێك وردەكاری ژیانی.

دوێنێ(12-3)، دوای سەعات ١٠ی شەو بەكاتی كوردستان، ئەو دەرفەتە ڕەخسا. ئەو بە حوكمی لە نزیكەوە كاركردن لەسەر ڤایرۆسەكە، ڕۆژانە بۆ چەندین سەعات، دوو كەمامە دەبەستێت. ئەوكاتەی قسەم لەگەڵ كرد، تازە لە دەوام تەواو بوو بوو. وەكو دكتۆرە چینییەكان، شوێنی دەمامكەكان لەسەر دەموچاوی دیاربوون!

ئەو سەربازە ونە، مرۆڤێكی هێمن و لەسەرخۆ و ڕووخۆشە، زیرەك و ورد و بە توانا. ئەو دكتۆرێكی ڤێتێرنەرییە كە دكتۆراكەی لە بەشی ڤێتێرنەری زانكۆی لیڤەرپوڵ لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا نووسی. لەوكاتەی كە كۆرۆنا تازە لە چین بڵاوبووبووەوە، كۆمەڵێك زانیاری وردی بۆ باسكردم كە ئیتر هەر زوو تێگەیشتم جیهان لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدایە. ئەو دكتۆرە، ڕۆژی ٣١/١/٢٠٢٠ لە بەریتانیاوە گەڕایەوە كوردستان. ئەو كاتەی كە باس باسی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ترسی بڵاوبوونەوەیەتی لە جیهاندا، ڕێك لە كاتی خۆیدا!

لە سەرەتای مانگی دوو، كۆبوونەوەیەكی گرنگ و فراوان ئەنجامدەدرێ لە شاری سلێمانی بۆ چۆنێتی خۆ ئامادەكردن بۆ ڕووبەڕووبوونەی كۆرۆنا. شپرزەیی و جۆرێك لە ترس و حەپەسان باڵی بەسەر كۆبوونەوەكەدا كێشاوە، نازانن چۆن خۆیان بۆ ئەم هەڕەشە ئامادە بكەن، بەڵام پێشبینی دەكەن درەنگ یان زوو ڤایرۆسەكە دەگاتە كوردستانیش. لەوكاتەدا، كەسێك بەناوی دكتۆر ئاری تەلەفۆن بۆ سەربازە ونەكەمان دەكات، دەڵێت تۆ لە كوێیت؟ نەگەڕایتەوە؟ دەڵێ بەڵێ گەڕاومەتەوە و لە سلێمانیم، دەڵێ بە زووی خۆت بگەینە ئەو كۆبوونەوەیە، دەبێت تۆ لەوێ بیت.

كە دەگاتە ئەوێ، دیارە هێشتا گفتوگۆ گەرمە و بەڵام ئامادەبووان نەگەیشتونەتە هیچ دەرەنجامێكی دیاریكراو. ئیتر لەوێدا سەربازە ونەكە (د.زانا) وەكو زانایەكی بواری ڤایرۆسی كۆرۆنا و وەكو فریادڕەسێك، بە چەند سەرنجێكی كورت و پوخت بەڵام گرنگ و پڕ بایەخ بەشداری دەكات و بە ئامادەبوان دەڵێت: هاوڕێیان بەپێی ئەو ئەزموون و شارەزاییەی كە من هەمە، هەنگاوی یەكەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە بریتییە لە دامەزراندنی تاقیگەیەك بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە زووترین كات. بەبێ بوونی تاقیگەیەك، هیچی ئەوتۆمان پێناكرێت و ئەگەری هەیە ڤایرۆسەكە زۆر بە خێرایی بڵاوبێتەوە و لە كۆنترۆڵ دەرچێ.

گەرچی ئامادەبووان هاوڕا بوون، بەڵام هەندێكیان پێیانوابوو كە چین بەو زەبەلاحی و بەو توانا گەورەیەی خۆیەوە دۆشداماوە بە دەست ئەم ڤایرۆسەوە، ئەبێ هەرێمی كوردستان چیی پێبكرێت؟ پرسیاری سەرەكی ئامادەبوان ئەوەبوو، ئاخر چۆن تاقیگەیەكی لەو شێوەیە دروستكەین؟ د.زانا دەزانێت كارەكە قورسە، بەڵام ئەستەم نییە. دەشزانێت هەرچۆنێك بووە دەبێت شتێك بكەن، ئەگەرنا هەڕەشەكە لە بەردەم دەرگایە و هاكا خۆی كرد بە ژوورا. بۆیە جگە لە ڕووە زانستییەكە، كار لەسەر دروستكردنی متمانە و بڕوابەخۆبوون و ئومێد دروستكردن دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە خۆیان بە كەم نەزانن.

بە ئامادەبووان دەڵێت كە ئەگەر هەموو لایەك هاوكاری یەكتری بكەین، دڵنیام دەتوانین لە ماوەیەكی كەمدا ئەو تاقیگەیە دروستكەین. ئیتر هەم شارەزایی و هەم متمانە وبڕوابەخۆبوونی د.زانا گۆڕانكاری بەسەر كەشی كۆبوونەوەكەدا دێنێت و ئاهێك بە بەر ئامادەبواندا دێتەوە. د.زانا پرۆپۆزەڵێك ئامادە دەكات و لە ژێر سەرپەرشتی تەندروستی سلێمانی و پاش دابینكردنی چەند ئامێر و پێداویستییەك لە لایەن 'نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشخانەی شار و سەنتەری هەست و جگەر و مختبر مركزی'، لەگەڵ د.پێشنیاری هاوڕێی و كاك مازنی بەرپرسی تاقیگەكانی سلێمانی و ستافێكدا شەو و ڕۆژ دەخەنە سەر یەك، تا لە پاش نزیكەی ٢٢ ڕۆژ، دەتوانن تاقیگەكە ئامادە بكەن. دامەزراندنی تاقیگەكە لە ماوەیەكی قیاسی كەمدا هیوا و ورەیەكی زۆر بۆ هەرێمی كوردستان بەگشتی و دەڤەری سلێمانی بەتایبەتی دروست دەكات. لە سەرجەم هەنگاوەكانیشدا، د.صباحی بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، هاوكارێكی دلسۆزو جدییان دەبێت.

‌بەوجۆرە تاقیگەكە دەكەوێتە كار. د.زانا دەڵێت ئێستا ئیتر كاتی كاركردن و عەمەلە، نەك قسەكردن. ئیتر دوور لە خۆ نواندن و هەرای میدیا و فەیسبوك، لە گەڵ هاوكارەكانی ورد ورد خەریكی كاركردنن لە سەنگەری پێشی پێشەوەی شەڕی بەگژاچوونەوەی كۆرۆنا. ئەگەر زوو فریای تەشخیصكردنی ئەو چەند حاڵەتەی نەكەوتنایە، ئەوا ڤایرۆسەكە تا ئێستا سەدان كەسی دیكەی تووشكردبوو.هەوڵ و ماندووبوونی دكتۆر زانا و ستافە هاوكارەكەی وایانكرد كە بۆ یەكەمینجار هەرێمی كوردستان بكەوێتە پێش چەندین وڵاتی ئەوروپی، لانی كەم تا ئەم چركە ساتە.

ئەوەی كراوە تا ئێستا سەركەوتنێكی گەورەیە، بەڵام ئیتر حەسادەت و حەساسیەت بە سەركەوتنی بەرانبەر وەكو دوو نەخۆشی گەورە، ڕەگی لە ناو كۆمەڵگەی كوردیدا هەیە. لاتان سەیر نەبێت ئەگەر بڵێم، هێشتا كەسانێك هەن هەر لە ناو كەرتی تەندروستی، حەساسیەتیان بەم سەركەوتنەی د.زانا هەیە و پێیان ناخۆشە ئەگەر لە تەلەفیزیۆن دەركەوێ یان كەسانێك لە فەیسبوك هەوڵ وماندووبوونەكەی بنرخێنن! ئەمە لەكاتێكدا ئەوەی لە نزیكەوە د.زانا بناسێت، دەزانێت كە چەندە كەسێكی خاكی و لە خۆبوردووە وچەندە تەركیزی لەسەر زانست و ئیشكردنە نەك لێدوان وخۆدەرخستن.

د.زانا دەڵێت هەتا ئەم ساتە لە قۆناغی كۆنترۆڵ كردنداین (لەكاتێكدا چەندین وڵاتی پێشكەوتوو خۆیان دان بەوەدا دەنێن كە ڤایرۆسەكە لە كۆنترۆڵدا نەماوە و بە خێرایی بڵاودەبێتەوە). لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە باری تەندروستی هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی، تا ئێستا زۆر جێگیرە. پەیامی د.زانا ئەوەیە كە دەبێت هەموو لایەك هەوڵدەین لەم قۆناغەدا بمێنینەوە، ئەوەش تەنها بە خۆ پاراستن و پابەندبوون دەبێت بە ڕێنماییەكان.

پەیامی ئەو ئەوەیە كە ئەم ماوەیە ئارام بگرین، كەرەنتینە زیندان نییە بۆ كەسێك كە پێویستی پێی بێت، بەڵكو بۆ پاراستنی خۆیان و كۆمەڵگەیە لە ڤایرۆسەكە (گەرچی دانی بەوەدا نا كە هەڵەیەكی ئیداری لەو بارەیەوە كرا، دیارە بێ ئاگاداری ئەو). د.زاناش دووپاتی دەكاتەوە كە 'خۆ پاراستن باشترە لە چارەسەر'. دەڵێ ئامانجمان ئەوەیە كە بتوانین لەم قۆناغەدا بمێنینەوە، ئەگەر بەو جۆرە بمێنینەوە ئەوا دواجار هەموومان پێكەوە ئاهەنگی سەركەوتن دەگێرین و بۆ یەكجاریش بووبێت ئەو شانازییەمان پێدەبڕێ كە لە وێستگەیەكی گرنگی مێژوویدا، بووینە پێشەنگ و پێش چەندین وڵاتی پێشكەتوو كەوتین.

ڕاستە كە د.زانا و هاوكارەكانی لە تاقیگەی پشكنین و بەشەكانی تر، بەوپەڕی جدیەت و لێبڕانەوە لە كاركردندان، بەڵام دواجار توانای ئەوانیش سنوردارە و ئەگەر خەڵك پابەندی رێنماییەكان نەبێت، ئیشەكە لە دەستی ئەوانیش دەردەچێت.

فەرموون لەگەڵ هەندێ وردەكاریی دیكە:

1- گەرچی د.زانا یەكێك بوو لە تەلەبە هەرە زیرەك و جدییەكان لە بوارەكەی خۆیدا، كە بەشی پزیشكی ڤێتێرنەرییە، كەچی لە جیاتی پاداشت، دەیانجار دژایەتیكراوە. خۆ ئەگەر تواناسازی نەبوایە، ڕەنگە هەرگیز لەو كوردستانە بۆ دكتۆرا وەرنەگیرایە!

2- لە چوارچێوەی بەرنامەی تواناسازیدا، دكتۆرای لە بەشی ڤێتێرنەری زانكۆی لیڤەرپوڵ خوێند. وەكو هەمووان دەزانین، پاش نزیكەی دوو ساڵ، چەندین بەربەست بۆ بەرنامەكە دروستكرا. بەهۆی دواكەوتنی كرێی خوێندنەوە، ٣ جار زانكۆی لیڤەرپوڵ ئەكاونتەكەی د.زانای وەستاند، ئەگەر سەرپەرشتیارە ئینگلیزەكەی نەبوایە، ڕەنگە ئیتر لەم سەردەمی ڤایرۆسەدا، د.زانایەكمان نەبوایە!

3- د.زانا لەگەڵ تیمێكی توێژەرانی زانكۆی لیڤەرپوڵ دوو جار نێردرا بۆ سعودیە، جارێك وەكو توێژەر و جارێك وەكو ڕاهێنەر تا ڕاهێنان بە توێژەرانی سعودیە بكات. بەڵێ لەناو كورددا زۆر كەسی وەكو د.زانا هەن كە ئەگەر لە شوێنی شیاوی خۆیان دابنرین، ئەوا هەریەكە و لە بوارەكەی خۆاندا دەتوانن ببنە پیشەنگ نەك هەر لە ناو كۆمەڵگەی كوردیدا، بەڵكو لە دەرەوەش.

4- سەرپەرشتیارە ئینگلیزەكەی لە زانكۆی لیڤەرپوڵ، هێندە سەرسامی توانای زانستی و ئەخلاقی بەرزی د.زانا دەبێت كە نەك زۆرجار مەوادەكانی تاقیگەكەی خۆی دەداتێ تا كاری لەسەر بكات، بەڵكو دوای تەواوكردنی دكتۆراكەی پێیدەلێت: سەرەڕای ئەو هەموو بەربەستەی كە لە ماوەی خوێندنی دكتۆراكەتدا رووبەڕووت بوویەوە، بەلام تۆ هەر كۆڵت نەدا و سەركەوتوو بوویت، بۆیە پێویستت بەوەیە كە ئیتر پشوویەك وەرگریت. پێموایە باشترین پشوو ئەوەیە كە گەشتێكی ڕوحی بكەیت! هەربۆیە لەسەر حسابی خۆی دەینێرێت بۆ حەج!

من تا ئەم ساتە شتی وام لە هیچ شوێنێك نەبیستووە، بەڵام ئەوەتا ئاستی زانستی و ئەخلاقی بەرزی كوردێك، پرۆفیسۆرێكی ئینگلیز هاندەدات كە بەو جۆرە ڕێزی لێبگرێت. با قەدری مرۆڤە جوانەكانی خۆمان بگرین.

5- ئەو كاتەی كە فەتوا سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا درا، من زۆر دژی بووم، چونكە پێموابوو لە مەسەلەی فەتوادا دەبێت پرس بە كەسانی پسپۆر بكرێت 'فاسالوا اهل الژكر ان كنتم لا تعلمون'. من دەمزانی ئەهلی ژیكر لەم بابەتەدا، د.زانایە نەك چەند مەلا و مامۆستایەكی ئاینی كە ڕەنگە تا ٢ مانگ لەمەوبەر وشەی كۆرۆنایان نەبیستبێت!

6- بەڵام لەگەڵ ڕەخنەگرتن لە بیركردنەوە و هەڵسوكەتی نا بەرپرسانەی هەندێك موسوڵمانی موتەدەین، ئەوە بزانن كە د.زانا وەكو زانایەكی موتەدەین و بە ئەخلاق ڕۆژانە چەندین سەعات لە ناو تاقیگەیەكدا لەگەڵ ئەو ڤایرۆسەدا دەژی و ژیانی خۆی كردۆتە بەردەم مەترسییەكی گەورە (كە ئەگەر بیویستایە دەیتوانی ببێتە ئەستێرەی سەر شاشەكان لەم كاتەدا، چونكە لە هەموان شارەزاترە. یان لانی كەم دەیتوانی لە ئەوروپا بمێنێتەوە و خۆی تووشی ئەو مەترسییە نەكات).

ئەو دەیوت ئەو جارەی كە لە یەك ڕۆژدا تێستم بۆ سامپڵەكانی ١١٦ كەس كرد كە لە كەرەنتینەدا بوون، سەرەڕای شەكەتبوونێكی ئێجگار زۆر، بەڵام هێندەی ١٠ حەج دڵم بەو كارە خۆشبوو. بۆیە ئەگەر لە هەڵسوكەوتی هەندێك موسوڵمانی موتەدەین توڕەین، بەڵام دەبێت ئەم دیوەش ببینین. ئاخر تۆ ئەگەر مولحید و بێدینیش بیت، لەمكاتەدا بە واقیعی دەبێت لە دڵەوە هیوای سەركەوتن بۆ حاجی دكتۆر زانا و هاورێكانی بخوازیت، چونكە ڕەنگە خۆت یان كەسوكارەكەت دواجار پێویستتان پێیبێت.

كە قسەم لەگەڵ كرد و گوتم دەمەوێت شتێكت لەسەر بنووسم، چەندینجار تەئكیدی كردەوە كە حەزی لە مەدح و پیاهەڵدان نییە، منیش سووربووم لەسەر ئەوەی كە هەر دەبێت شتێك بنووسم. لەلایەكەوە وەكو هاوڕێیەك و ئەرك و پێزانینێك بۆ هەوڵ و ماندووبوونەكانی. لە لایەكی دیكەشەوە، بۆ ئەوەی كە ئەگەر خوایكرد بە سەر كۆرۆنادا سەركەوتین، ئیتر وەكو ڕاپەڕینەكەی ساڵی ١٩٩١ سەد خاوەنی بۆ دروست نەبێت.

با لە ئێستاوە هەموو كەسێك بزانێت كە ئەندازیار و بڕبڕەی پشتی شەڕی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەتایبەتی لە سلێمانیدا، د.زانا حەمید مەحمودە. ئەو سەربازە ونەی كە نابێت ناوی بە ونی بمێنێتەوە!

* هەڵبەتە ئەم نووسینە بە هیچ جۆرێك لە هەوڵ و هیممەت و كار و ماندووبوونی هیچ كەس و لایەنێك كەمناكاتەوە كە بە جۆرێك لە جۆرەكان لە سەنگەری بەگژاچوونەوەی كۆرۆنا و لە خزمەتی هاوڵاتیاندان. پێش من، ئەمە خواستی خودی د.زانایە.