بۆ حكومەتی هەرێم؛ مەترسییەكە لێرەیە!

24-03-2020 10:30


دوكانەكان زۆربەیان داخراون، بەڵام بەقاڵەكان سەوزەو میوەكانیان لە قەراغی شەقامەكە داناوەو دەیان كەسیان لە خۆیان كۆكردووەتەوە، خەڵكەكە دوو دوو و سێ سێ شانیان بە شانی یەكەوەیەو یەكێك سەرقاڵی تێكردنی تەماتەیەو ئەويتر لیمۆ هەڵدەبژێرێ و یەكێكی دیكەش باقیی پارەكەی وەردەگرێتەوە، تا كەسێك دەبینیت دەستكێش‌و دەمامكی بەستبێت، پێنجی دیكە دەبینیت كە ئیمانی بەو شتانە نییە، ئەمە دیمەنی ئێوارەی ئەمڕۆی شەقامی سی مەترییەكەی سلێمانییە لە گەڕەكی ئازادی.

بە گوزەرێكی خێرای ئەم ئێوارەیە بەناو شاری سلێمانیدا وەك ڕۆژنامەنووسێك، تێبینیی چەند خاڵێكم كرد كە مەترسیی جددین‌و ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت، ئەگەری بەهێز ئەوەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دۆخەكە لەدەست دەربچێت‌و ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەم شارە پەرێشان بكات، ئەوش هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان‌و تووندتر بوونی هۆشدارییەكانی بەرپرسانی تەندروستیی.

هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم هەر لەسەرەتاوە باش‌و گرنگ بوون، 10 ڕۆژی قەدەغەی هاتووچۆمان تێپەڕاندووەو هێشتا زۆر وڵات ئەم ڕێوشوێنانەی نەگرتووەتەبەر، بەڵام بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لەم هەڕەشە مەترسیدارە، هەنگاوی تووندتر پێویستە، كۆبوونەوەی خەڵك‌و قەرەباڵغیی‌و بەریەككەوتن لە دوكانێكدا بێت یاخود لەسەر شەقام‌و ناو مۆڵێكدا، هەر یەك شتە.

ئەوەی هەستی پێدەكرێت؛

1- بڕیارەكانی قەدەغەی هاتووچۆ لە ناوەوەی شەقامی شەست مەتریی سلێمانی لە گەڕەكە میللییەكان وەك پێویست جێبەجێ ناكرێن و خەڵكيش پابەندیان نییە، بە ئۆتۆمبێل‌و بە پیادە! مەترسییەكە لەوەدایە لەو گەڕەكانە چڕیی دانیشتووان زۆرەو ژمارەی ئەندامانی خێزانیش بەهەمانشێوە زۆرە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەم گەڕەكانە تەشەنەسەندنی فراوان‌و خێرای لێدەكەوێتەوە، هەرچەندە گوزەرانی زۆربەی خەڵكی ئەو گەڕەكانە باش نییە‌و پێویستیان بە كاركردنی ڕۆژانە هەیە، بەڵام تەندروستی خۆیان‌و تەندروستی گشتیی لەم دۆخەدا گرنگترەو پێویستە حكومەت ئەم ماوەیە جددیتر لەو ناوچانە بڕیارەكان جێبەجێ بكات ‌و میكانیزمی وردو خێرای هەبێت بۆ هاوكارییكردنی ئەو خێزانانەی پێویستیان بە هاوكارییە.

2- لە دەرەوەی شەقامی شەست مەتریی لە سلێمانی؛ بازگەی كاتیی هێزە ئەمنییەكان زۆر دەبینرێن، بەڵام وەك پێویست كاریگەریی نەبووە لەسەر جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتووچۆو دروست نەبوونی قەرەباڵغیی، بەگشتیی لە گەڕەك‌و بازاڕە لاوەكییەكانی دەرەوەی شەست مەتریی(ئیبراهیم ئەحمەدو كەنەسوورە بە نمونە) قەرەباڵغیی‌و بەریەككەوتنی خەڵك بەردەوامەو كەمێك لە پێشووتر جیاوازە، ئەمەش مەترسیدارەو دۆخ‌و ئەنجامی خاڵی سەرەوەی هەیە.

3- هێشتا زۆر ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامن‌و پابەندی قەدەغەی هاتووچۆ نین، بەڵام خراپتر ئەوەیە خەڵكێكی زۆر بەپیادە لە دەرەوەیە، ئەمڕۆ چەندین گروپ خەڵكم بینیوە لە 5 كەس‌و بۆ سەرووتر بەیەكەوە كۆبوونەتەوە‌و هیچیان زیاتر لە مەترێك لە یەكتر دوور نەبوون، بەتایبەت لەسەر شەقامی شەست مەتریی لە خۆرهەڵاتی سلێمانی.

ئەو كەسانەی كە لە دەرەوەن بە ئۆتۆمبێل یاخود پیادە، بەگشتیی یان بۆ لای كەسێكی دیكە دەچن، یاخود لای كەسێكەوە دەگەڕێنەوەو دەچنەوە ناو خێزانەكانیان، لێرەشدا واتە بەریەككەوتن بەردەوامە، ئەگەر لە خێزانێكی هەشت كەسیی تەنها كەسێكیش بچێتە دەرەوەو ڤایرۆسەكە لەگەڵ خۆیدا بهێنێتەوە بۆ ماڵەوە، ئایا وەك ئەوە وانییە هەر هەشت كەسەكە لە دەرەوە بووبن؟.

پێویستە حكومەت قەدەغەی تەواوەتیی ڕابگەیەنێت‌و ئامادەكاریی بكات لە ماوەی یەك دوو ڕۆژی داهاتوودا خەڵك بۆ هیچ شتێك نەیەتە دەرەوەی ماڵەكەی، هەرچی دەوێت بە گەیاندن بۆی ببرێت، ئەی لەسەرەتاوە پارێزگاری سلێمانی نەیگوت چەند كۆمپانیایەك ئامادەن‌و كاربۆئەوە دەكەن هەموو شتێك بە گەیاندن ببەنە بەردەم ماڵ‌و كۆڵانەكان لەژێر چاودێریی تەندروستیدا، ئەی كوا؟ ناكرێت ئەو خەڵكە بۆ كیلۆیەك تەماتەو لیمۆ بچێتە دەرەوەو قەرەباڵغیی دروست بكات.

تێبینی: پرسیارم لە هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەكانم كردووەو ئەوان دەڵێن لە شارو ناوچەكانی دیكە بە هەولێری پایتەختیشەوە، دۆخەكە هەروەك سلێمانییەو هێشتا كەموكورتیی لە چەند گەڕەك‌و ناوچەیەك(بەتایبەت میللیی‌و دوور لە ناوەندی شارەكان) هەیەو وەك پێویست بڕیارەكانی قەدەغەی هاتووچۆو دروست نەبوونی قەرەباڵغیی جێبەجێ نەكراون.