کۆرۆنا ڤایرۆس وەک ئەسپی تەڕوادە بەرەو دونیایەکی بایۆ-پۆلەتیکی

03-04-2020 10:14


وادەردەکەوێت خەونی جڵەوگرتنی مرۆڤایەتی فێڵی خۆی دۆزیبێتەوە بۆ ئەوەی ئەو شورایە تێکبشکێنیت کە ساڵەهایە لەمپەرە لە بەردەمیدا، غەریزەی "مانەوە" وەکو یەکەم تەقەلای مرۆڤ بۆ مانەوەی لە ژیاندا پێش هەموو غەریزەکانی تر دەکەوێت، ململانێ لە پێناو مانەوەو ترس لە ناوچوون خاڵە لاوازەکەی مرۆڤە کە بە ئاسانی لە رێگایەوە دەتوانی ئەجێنداکانی تری بەسەردا بسەپێنێ، ماسلۆ لە هەرەمەکەیدا پێداویستییەکانی مرۆڤی پۆلێنبەندکردووە، ماسلۆ پێی وەهایە مرۆڤ بە درێژایی ژیانی بە شێوەی هەرەمێک هەوڵ بۆ دەستخستنی ئەو پێداویستیانە دەدات، لە هەرە پێداویستییە بنچینەییەکانەوە لە چەشنی خۆراک و ئاو و خەوتن کە بنچینەی ژیانن بۆ پێداویستییە رەفاهییەکان، ئەوەی ماسلۆ پۆلێنبەندیکردووە بۆ مرۆڤێکە کە وجوودی هەبێت و لە ژیاندا بێت، واتە مانەوەی ئینسان لە ژیاندا پێشمەرجی پێداویستییە بنەڕەتی و رەفاهییەکانە، یەکەم جار هەوڵدان لە پێناو مانەوە و دواتر پێداویستییەکانی مانەوەو ئینجا شکۆ و مافەکانی تر، کاتیک مۆتەکە و ترسەکانی تر لە چەشنی هەڕەشەی دەرەکی و تیرۆر ئەو تەلیسمەی جارانی نامێنێ و مرۆڤایەتی بەرگری بەرانبەر پەیداکرد، ترسی کرۆناڤایرۆس لە سەردەمی پێشکەوتنە دیجیتاڵییەکان و زانیارییە ئەلیکترۆنییەکاندا پێدراوێکی خراپ نییە بۆ ئەوەی ئیرادەی مرۆڤ لە بەردەمیدا بێتەچۆک و شکۆو مافەکانی مرۆڤ دووبارە پێناس بکرێتەوە.

گریکەکان بۆ ماوەی دە ساڵ گەمارۆی شاری تەڕوادەیانداو نەیانتوانی تێکیبشکێنن، ئەوان بێهیوابوون لە شکستپێهێنانی تەروادە، ناچاربوون لە رێگەی هێمای خوداوەندەکانەوە دزەبکەنە ناوشارەکە، ئەسپێکی گەوەریان دروستکردو سەدان جەنگاوەر خۆیان تێدا مەڵاسدا، پاشان تەڕوادەیەکان بەهۆی رێزگرتنیان لە خووداوەندەکان بە دەستی خۆیان ئەسپە زەبەلاحە پڕ لە جەنگاوەرەکەیان بردە ناو قەڵاکەو هەرکە شەو داهات دەستیان بەسەر شاردا گرت، رەنگە جارێک زووبێت بڕیاربدەین کە کۆڤید نۆزدە دەستکردو مەرامدارە یان خۆڕسک و سروشتی، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە پێویست زیاتر بەڵگەمان لەبەردەستە کە چۆن هەر لایەنەو بۆ مەرامێک کردوویەتی بە ئەسپەکە.

دەرونشیکاری بە رەگەز جولەکە "ڤیکتۆر فرانکل" پاش ئەوەی نازییەکان دەستگیریدەکەن و لەگەڵ هەزاران جولەکەی تردا دەیگوازنەوە بۆ یەکێک لە کامپەکانی کارکردن، لەوێدا پۆلێنیان دەکەن بەسەر دوو گروپدا، گروپی یەکەم ئەوانەی توانای کاریان نییە راستەوخۆ دەکوژرێن، گروپی دووەم ئەوانەی دەتوانن کار بکەن رەوانەی کارگەکانیان دەکەن بۆ کارکردن، ئەو لە کتێبەکەیدا "گەڕانی مرۆڤ بەدوای مانادا" کە ناونیشانی چاپە ئینگلیزییەکەیەتی بەڵام کتێبەکە لە ساڵی 1946 بە زمانی ئەڵمانی نوسراوەو ناونیشانەکەی "هەرچۆنێک بێت دەڵێیت بەڵێ بۆ ژیان" کە ئەم ناونیشانە زیاتر لە ناوەرۆکەوە نزیکترە، لە رووی دەرونشیکارییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ژیانی ناو کامپی نازییەکان دەکات، ئەو لە سەرەتادا سەرجەم شت و جلوبەرگەکانی لێ دەسێننەوە و جلێکی تری دەدەنێ، پاشان شوناسیشی لێ دەسێننەوەو لە بری ناوی سیانی و نازناو و پیشە تەنها ژمارەیەکی پێ دەبەخشن "119-104"، فرانکل باسی ئەوە دەکات مرۆڤ هەمیشە هەوڵی مانەوە دەدات، لە کاتێکدا کە مرۆڤ ترسی لە ناوچوونی هەیە ئەوا ژیانی بە سێ قۆناغدا تێپەردەبێت، قۆناغی یەکەم توشی شۆک دەبێت و ترسێکی زۆری بەرانبەر مردن بۆ دروست دەبێت ، لە قۆناغی دووەمدا بێدەربەست دەبیێت و لە پێناومانەوەدا هەرشتێکی بەسەردا بسەپێنن قبوڵی دەکات، قۆناغی سێهەم ئەو ژیانەی بۆی دروستکراوە دەبێتە ژیانێکی ئاسایی و لەگەڵی رادێت، باش تێپەربوون بەو پرۆسەیەدا ئیدی ژیانە نوێیەکە هەر ئەوەیە کە پێشتر لێی دەترسا تێیدا بژێت بەڵام ئەمجارە لەگەڵی ڕاهاتووەو بووە بە ئاسایی، کچە نوسەری کەنەدی "نوامی کلەین" لە کتێبی "شۆک دۆکتەرین"دا لە رووی ئابووریەوە باسی ئەوەدەکات چۆن لە رێگەی تێکچوونی ئارامی و ئاسایش و بە شۆک و تۆقاندن (کە زۆرجار دەستکردو کاتی بووە) کۆمپانیاکان سەرجەم سێکتەرە گشتیەکانیان گۆری بۆ سێکتەری تایبەت و قەیرانەکانیان لەبەرژەوەندی سەرمایەی تایبەتدا قۆزتووەتەوە، ئەمەریکای باشوور بە پرۆسەیەکی درێژخایەنی قەیرانی دروستکراودا تێپەری و سەرجەم میراتی سۆشیالیزم تێیدا گۆڕا بۆ بازاری ئازاد.

کاتێک کرۆناڤایرۆس لەگەڵ خۆیدا ترس و شۆکی هێنا، هێزەکان بە پێی ئەجێندای خۆیان مامەڵەیان لەگەڵکرد، بەشێکی زۆری مافەکانی مرۆڤ کەوتنە بەرمەترسی، راسیستەکان وەبەرهێنانیان تێداکردو دەنگیان بڵندتر بوو دژی بێگانەکان "زێنەڤۆبیا" بە تایبەت خەڵکی چینی و ئاسیاییەکان، ماڵپەری ویکیپیدیا پەیجێکی تایبەتکردووە بۆ تۆمارکردنی ئەوکەسانەی رووبەرووی ئەم جیاکارییە دەبنەوەو ترەمپیش ڤایرۆسەکەی بە "ڤایرۆسی چینی" ناوبرد، لە کوردستانیش وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیانراوێکدا جیاکاریکرد بەرانبەر ئەوانەی کەنارگیردەکرێن (کەرەنتینە) وەکو یەک مامەلەی لەگەڵ نەکردن، بۆ بەشێکیان بە تەنهاو لە هوتێلی پینج ئەستێرەی و هەندێکیان لە ماڵەکەی خوێاندا بە بیانووی وەزیفەی حکومی و حیزبی و سەرمایەداری و کەسایەتی کۆمەڵایەتی، بەڵام بۆ هاوڵاتی ئاسایی بە سەدانیان لە یەک هوتێل و بە دەیانیان لە یەک ژووردا خەواند، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا هەرەشەی کرۆناڤیرۆس و هەڕەشەی پەنابەر وەکوو یەک دەبینێت و دەڵێ "ئێمە رووبەرووی دوو هەڕەشەی جددی بووینەوتەوە کە وەکوویەک هەمان سروشتیان هەیەو دژی ئێمەن"، مافی دەستڕاگەشتن بە خزمەتگوزاری تەندروستی جەدەلێکی جددی گفتوگۆکانی مافەکانی مرۆڤە، بە تەنها لە شاری نیۆرک دەیان هەزار کەسی "بێلانە" هەن و لەسەر شەقامەکان دەخەون و بیمەی تەندروستیان نییەو ژیانیان بەدەر لە کرۆناڤایرۆسیش لەمەترسیدایە، کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە بەیانێکدا داوا لە دەوڵەتەکان دەکات بە لەبەرچاوگرتنی مافەکانی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەکان بکرێت، سیستمی "تریاژ" ئەوەی ئیتالیا بەکاریهێناو دواتر بەریتانیاو ئێستاش ئەمەریکا تەبەنی دەکات کە بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ نەخۆشدا ناکات و وەکویەک چانسی ژیان بەنەخۆش نابەخشێت، یەکێکی ترە لە کێشە هەرەجدییەکانی تایبەت بە یەکسانی مرۆڤ، ئازادی و مافی جوڵەو ئازادی ڕادەربرین بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە تەواو سنووردارکراوەو لە زۆر شوێنیش کرۆنا کراوە بە بیانوویەک بۆ بێدەنگکردن و کپکردنی دەنگی نەیارەکان، ئەوەی لێرەدا من دەمەوێ باسی بکەم دەسەڵاتی دەوڵەت و موتوربەکردنی سیاسەتە بە تەکنۆلۆژیای بایۆلۆجی لەسەردەمی کرۆنادا.

ماشێنە زیرەکەکان، دیجیتاڵیزەبوون، هۆشمەندی دەستکرد، بانکی داتاکان، زانیاریسازی و تەکنۆلۆجیای بایۆلۆجی، ئەمانە کۆمەڵێک چەمکی نوێن کە لە دوو دەیەی رابروودا زۆرترین کاریگەریان لەسەر مرۆڤ دروستکردووە، بە شێوەیەک لایەنگرانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ وەکو دێوێک لێی دەڕوانن و بە سەدان یاسا هەرچوارپەلیان بەستووەتەوەو لە هەوڵی ڕامکردنیدان، گەر پێشتر شۆرشی کشتۆکاڵی و دواتر شۆرشی پیشەسازی فۆرمی ژیان و مرۆڤایەتی گۆریبێت، ئێستا شۆرشی زانیاری هەمان رۆڵدەگێرێت.

یاساکانی مافی پاراستنی زانیاری (data privacy) بۆ پاراستنی زانیارییە کەسێتی و ئەلیکترۆنییەکان لە زۆرێک لە یاساکانی دەوڵەتە پێشکەوتووەکاندا جێگیرکراوەو لە سەرووی هەموویانەوە لە مادەی هەشتی "یەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەورپا" کە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای لەسەر دامەزراوەو بە وردی چاودێری پاراستنی ئەم مافە دەکات لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەك، ژمارەیەکی زۆری کەیسی یاسایی لەسەر ئاشكراكردنی زانیارییەکان لەم دادگایەدا یەکلاکراوەتەوە و بەناوبانگترینیان کەیسی گروپی (big brother watch ) گروپێکی چالاکی بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤە دژی چاودێری دەوڵەت لە بەریتانیا کاردەکات و بەریتانیایان دابەدادگا بەرانبەر ئەو پێشێلکاریانەی لە رێگەی داتاکانی زانیاری و تەکنۆلۆژیاوە چاودێری هاوڵاتیان دەکات و ئازادییەکانیانی پێشێل و سنووربەندکردووە.

کۆمپانیای "کامبریج ئەنالتیکا" کە کۆمپانیایەکی بەریتانی تایبەت بە راوێژکاری سیاسی بوو لە ساڵی 2013 دامەزراو پاش ئاشكرابوونی بە تێوەگلانی کۆکردنەوەی نزیکەی هەشتاهەزار راژەی بەشداربوانی فەیسبووک بەبێ ئەوەی پرس بە خاوەن راژەکان بکات، پاشان بەکارهێنانی ئەو زانیاریانە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە خولیا کەسایەتی و تایبەتییەکانیان چین و بیروباوەری سیاسیان چۆنە، پاشتر لە رێگەی ئەپلیکەشنیێکەوە ئەو جۆرە ریکلامەیان بۆ دەنێریت کە بە پێی زیانیارییە کەسییەکانی خۆی وەها دەردەکەوێت کە بتوانێت بروایان پێبێهنن و ئاراستەی بیرکردنەوەی سیاسیان بگۆرن، گوایە لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی ترەمپدا رۆڵی سەرەکی گێراوە و پاش ئاشکرابوونی لە بەریتانیا درایە دادگاو کۆمپانیاکە هەڵوەشایەوە. سیستمی کووکیز "cookies" بە هەمان شێوە کاردەکات، بەڵام ئەم پێشتر لارینەبوونی پێشوەختەت لێ وەردەگرێت، کاتێک کە بۆ یەکەمجار ماڵپەرێک دەکەیتەوە ئەم کووکیزە لەبەشی خوارەوەی شاشەکەت دێت و تۆش کلیک لەسەر بەڵێ دەکەیت بێ ئەوەی بزانیت چۆن کاردەکات، بەشێک لە کارەکانی ئەم سیستمە چاودێری کلیکەکانی تۆ دەکات و لە بانکی داتاکاندا دەیپارێزیت و دواتر بە پێی ئەوە ریکلامت بۆ دەنێرێت بۆ ئەوەی کەمترین تێچوو بکەوێتە سەر ئەو لایەنەی کە ریکلام دەکەن، بۆ نموونە گەر تۆ لە ماوەی داهاتوودا بەدوای شتێکدا گەرابێتیت لە عەلی باباو ئەمازۆن و ئیبەی ئەوە کاتێک مالپەرێک یان یەکێک لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیالمیدیا دەکەیتەوە دەبینیت هەمان ریکلامت بۆ هاتووە.

یوڤال نوح هەراری لە ووتارێکدا لە ژێر ناوی "دونیای پاش کرۆناڤایرۆس" باسی مەترسیەکانی تەکنۆلۆژیا دەکات و دەڵێ چیتر تەنها لە رێگەی کلیکەکانەوە کەسایەتی و خولیاو ویست و بیروباوەرت نازانرێت بەڵکو کارەکە قوڵتربووەتەوە لە چاودێری سەرپێستەوە بۆ چاودێری ژێر پێست و ئییدی رەنگە بە کلیکێک بزانرێت تۆ پەستانی خوێن و پلەی گەرمی لەشت و ژمارەی ترپەی دڵەکانت چەندە.

لە پێناو کۆنترۆڵکردنی ئەم ڤایرۆسەدا وڵاتی چین و کۆریاو سەنگافورە ئەپڵیکەیشنێکیان بەرهەمهێنا کە چاودێری تەندروستیت دەکات و تراکینی ئەوەدەکات تۆ کاتژمێر چەند و لە کوێ و لەگەڵ کێدا بوویت و بەرکێ کەوتوویت، لە مۆڵ و باڵەخانەکاندا لە رێگەی سکانی "QR"ێکەوە مۆبایلەکەی دەستت دەبێت بە چاو و گوێی دەوڵەت و هەموو شتێکی تۆ تۆماردەکات، کۆمپانیاکانی کۆمینیکەیشن داتاكان هەڵدەسەنگێنێت و سیگناڵی ئەوە دەنێرێت کە کێ بەرکێ کەوتووە، ئەمە بۆ سیستمەکانی ولاتانی چین و ئاسیای دوور کاردەکات، بەڵام بەهۆی ئەو هەموو یاسایەی بۆ بەرگری مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپادا وا دیارە ئەم بیرۆکەیە ماویەتی بە تەواوی برواتە بواری جێبەجێکردنەوە سەرەڕای هەرەشەی جددی ئەم ڤایرۆسە، لە ولاتی ئیتاڵیاو فەرەنسادا لە بری بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا لە رێگەی پرکردنەوەی فۆرمێکەوە ئەم کارە دەکەن، لە فۆرمەکەدا ئەوەدەنوسیت کاتژمێر چەند و بۆچی و بەرەو کوێ دەروێت و پاشان ئەو فۆرمە کۆدەکرێتەوەو هەڵسەنگاندنی ئەوەی بۆدەکرێت کە چەندکەس لە هەمان کاتژمێرو شوێندا پێکەوە بوون بۆ زانینی ئەگەری ئەوکەسانەی کە گۆمانی بەرکەوتنی ڤایرۆسەکەیان لێدەکرێت، ئەڵمانیا ئەم هەفتەیە لە رێگەی بەرپرسی "دۆیچە تیلیکۆمەوە" پێشنیاری بەکارهێنانی بانکی داتاکانیکرد بۆ رێگریکردن لە فایرۆسەکە، ئیسرایل و بەلجیکاو ئەرمینیا لە پرۆسەی لێکۆلێنەوەن کە بۆ ماوەیەکی کاتی یاساکانی پاراستنی مافی زانیاری پەکبخرێت و سوود لە توانای دێوەکە ببینن بۆ کۆنترۆڵکردن، رەنگە ئەو گۆمانەی یوڤال حەراری ببێت بە راستی کە لە سەردەمی ئاوارتەدا هەندێ یاسا دەردەکرێت و بۆ هەمیشە جێگردەبێت.