كۆرۆنا چۆن دەمانگۆڕێت؟

04-05-2020 01:21


لێرەدا تەنها باسی ئەو گفتوگۆیانە دەكەم كە لە ئاستی دونیادا هەیە لەم بارەوە. ئەوەی كوردستان بۆ ئێوەی خوێنەر بەجێدەهێڵم. گفتوگۆیەكی چڕ لە ئاستی دونیادا لە ئارادایە دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئەم ڤایرۆسی كۆرۆنایە و بڵاوبونەوەی پەتا لە دونیادا، چۆن كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەگۆڕێت؟ گفتوگۆكان بە گشتی لە چەند ئاستێكدا چڕ بونەتەوە:

یەكەم، دونیا ئاسایی دەبێتەوە. بەو مانایە دونیا دەگەڕێتەوە باری پێش هاتنی پەتاكە. ئەم دیدە، هەندێك پێی گەشبینن و هەندێكی تر زۆر پێی نیگەرانن. گەشبینەكان وەها دەبینن كە دونیای پێش كۆرۆنا دونیایەكی باش بوو، ڕەشبینەكان وەها دەبینن كە دونیای پێش كۆرۆنا دونیایەكی زۆر پڕ لە قەیران بوو، لە ئاستی كۆمەڵایەتی و ژینگە و حوكمداری و دادپەروەرییدا، بۆیە گەڕانەوە بۆی تراژیدیایە. ئەوانەی ترسیان لە گەڕانەوە هەیە بۆ دۆخی پێشووتر، قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ بە نمونە دەهێننەوە كە چۆن هەوڵدرا سیستمی ئابوری و دارایی، كە سیستمێك‌و خراپ بوو، بگەڕێنرێتەوە بۆ دۆخی جارانی. چەپەكانی دونیا كە بە هاتنی ئۆباما دڵخۆش بون، لەم ڕوداوەدا زۆر لێی نیگەرانن. لیبراڵ و نیولیبراڵەكان بە تایبەتی، سوپاسگوزاریین.

دووەم تێز ئەوەیە كە لە مێژوی نوێی مرۆڤایەتیدا هەركاتێك پەتایەك یان ڕوداوێكی جیهانی هاتبێت، لە پاش خۆی دەزگا و ئاگایی باشی بەرهەمهێناوە. بۆ نمونە هەڵامەتی ئیسپانی بوە هۆكاری ئەوەی كە سیستمی تەندروستی لە دونیادا بێتە ئاراوە. جەنگی جیهانی دووەم بوە هۆكاری ئەوەی كە سۆشیال وێڵفێر و بیمەی كۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە. ئەم ڕوداوەش بە هەمان شێوە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە گۆڕانكاری بهێنێتە ئاراوە.

سێیەم، ڕەنگە ئەم ڕوداوە گۆڕانكاری بهێنێتە ئاراوە، بەڵام گۆڕانكاری خراپ دەهێنێت لە بری باش. ئەوانەی سەر بەم قوتابخانەیەن بە گشتی گومانكارەكانن لە دەوڵەت. ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت دۆخێكە هەتا ئەوپەڕی فۆكۆیانەیە بە تایبەت لە پەیوەست بە بایو پۆلەتیك. ئەگەر لە میتۆدی فۆكۆ بنواڕێت، بە تایبەتی لە ڕوانگەی جینالۆجیا و ئاركەلۆژیاوە، دەبینیت هەمیشە شتێك، دیاردەیەك، دەزگایەك، ئاگاییەك، چەمكێك، لە سەرەتادا بە ئامانجێكی تایبەت هاتوەتە ئاراوە، پاشان بەردەوامی پێدراوە، بەڵام لە بواری تردا. هەڵگرانی ئەم دیدە زۆر دەترسن لەو دەسەڵاتەی كە دەوڵەت بە دەستی هێناوە لە چاودێریكردنی خەڵك و بە دەستهێنانی زانیاری و بەكاربردنی ئامێرە تەكنەلۆجییەكان لەو بوارەدا. لەم ڕوەوە وەها دەبینن كە دەوڵەت دەستبەرداری ئەم دەستكەوتانە نابێت و بۆ ئامانجی تری دژە دیموكراسی و مافەكان بەكاری دەهێنێت. دەكرێت بوترێت لە ئاستی تیۆریدا ئەگامبین پێشڕەوەی ئەم تێزە ئەكات.

چوارهەم، هەر پەیوەست بە خاڵی سێیەمەوە، گفتوگۆیەكی چڕ هەیە لە دونیادا كە ئایا ململانێی دەوڵەت نەتەوەو جیهانگیریی لە پاش كۆرۆنا چی لێدێت؟ ئایا جیهانگیریی بەهێز دەبێت یان دەوڵەت نەتەوە؟ هەردوولا ئارگومێنتی زۆریان هەیە. بۆ نمونە كۆرۆنا سەلماندی كە چیدی كەس بە دابڕاوی توشی هیچ شتێك نابێت، بۆیە دەبێت هەمومان پێكەوە هاوكاری یەكتربین بەبێ جیاوازی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دیاردە جیهانییەكان. دەمێكە ژیژاك بانگەشەی ئەوە دەكات كە دیاردە جیهانییەكان پێویستی بە هێزی جیهانییە. بەڵام لە لایەكی ترەوە ئەوانیتر ئەم دۆخە تەواو بە پێچەوانەوە دەبینن. لای ناسیونالیستەكان كۆرۆنا دەرخەری ئەوەبوو كە ناتوانرێت هاریكاریی جیهانی و مرۆیی بێتە ئاراوە. بەڵكو پەتاكە جارێكی تر سەلماندی كە دەبێت دەوڵەت دەسەڵاتە تەقلیدیەكانی بگەڕێنێتەوە و سنورەكان قوت بكرێنەوە و دەوڵەت خەمی خەڵكانی خۆی بخوات لە بەردەم مەترسییەكانی جیهاندا.

ئایا كۆرۆنا لە ئاستی كوردیدا چ جۆرە گفتوگۆیەكی بەرهەمهێناوە؟؟