هێرشی توركیا بۆسەر كورد

17-06-2020 08:00

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا. 

 نووسینی: مەریوان وریا قانع

كە وەك كورد پەلاماردرایت پێویستە وەك كود بەرگریی لەخۆت بكەیت.

لە چاوپێكەوتنێكدا لە ساڵی ١٩٦٤، ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانیی-ئەمریكیی ھانا ئارێنت سەبارەت بە ھێرشكردنە سەر جولەكە وەك جولەكە دەڵێت: ”ئەگەر كەسێك وەك جولەكە ھێرشی كرایەسەر پێویستە ئەو كەسە وەك جولەكە بەرگریی لەخۆی بكات، نەك وەك ئەڵمانییەك، نەك وەك ھاوڵاتییەكی جیھانیی، نەك وەك ھەڵگری مافەكانی مرۆڤ، یاخود ھەر شتێكی تر“. ھەروەھا دەنووسێت ”كەسێك وەك جولەكە ھێرشی بكرێتەسەر ناتوانێت وەك ئینگلیزێك یان فەڕەنسییەك بەرگریی لەخۆی بكات“.

ئەوەی ھانا ئارێنت لێرەدا پێی لەسەر دادەگرێت بەرگریكردنی مرۆڤە لە خۆی وەك مرۆڤێكی كۆنكرێتیی ناو ژینگەیەكی كۆنكرێت بە بوونێكی كۆنكرێتەوە. وەك كەسێك ھەڵگری شوناسێكی تایبەت، وەك فۆرمێك لە ئینسانبوون خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆی. بەرگیركردن لە مرۆڤایەتی ئەبستراكت، لە مرۆڤ بە مانا موجەرەدەكەی، ناتوانێت ئەو فۆرمانەی ژیان و ئەو فۆرمانەی شوناس بپارێزێت كە ھەڵگری خەسڵەتی تایبەتن و ئەو خەسڵەتەش وایان لێدەكات پەلامار بدرێن.

لەو دیدەی سەرەوەدا ھانا ئارێنت ڕەخنە لەو دیدە مرۆڤدۆست، ھیومانیستییە، موجەڕەدە دەگرێت كە بە ئەزموون دەركەوتوە ناتوانێت فریای ئەوانە بكەوێت كە لەبەر فۆرمێكی تایبەتی شوناس و فۆرمێكی تایبەتی مرۆڤبوونیان، پەلامارئەدرێن. ھەروەھا بەرگریی لەوەش دەكات كە نابێت مرۆڤ تەسلیم بە خواست و فشار و پەلاماریی ئەو سیستمە باڵادەستانەبێت، كە كەسەكانیان بەو شێوەیە قبووڵ نییە كە ھەن و كە دەیانەوێت ھەبن.

كەسێك وەك ڕەشپێست ھێرشی بكرێتەسەر پێویستە وەك ڕەشپێست بەرگریی لەخۆی بكات، كەسێك وەك ژن ھێرشی بكرێتەسەر پێویستە وەك ژن بەرگریی لەخۆی بكات، كەسێكیش وەك مەسیحیی یان موسڵمان یان عەلمانی یان بێدین، ھێرشی بكرێتەسەر پێویستە وەك مەسیحی وەك موسڵمان وەك عەلمانیی و وەك بێدین بەرگریی لەخۆی بكات. ژیانی ئینسانەكان لە جیھاندا ژیانێكی فرەڕەنگ و پلورالە، ئەوەی پێویستە ئەنجامبدرێت پاراستنی ئەم پلورالبوون و فرەڕەنگییەیە نەك سەپاندنی ئەم یان ئەو فۆرمی مرۆڤبوون بەسەر ئەوانیتریاندا. بەرگریی ڕاستەقینەی كەسێك، كۆمەڵەیەك، میلەتێك ئەوەیە بەرگرییەك بێت بەناوی ئەو كەس و كۆمەڵە و میللەتەوە.

ئێستا لەبەردەمی ھێرشی سوپای توركیادا بۆسەر كوردانی باكور و ھاتنی ئەم سوپایە بۆ ھەرێم، بەرگریی ڕاستەقینە بەرگرییە بەناوی كوردبوونەوە، بەناوی شوناسێكەوە كە بە میلەتێكی چەند ملیۆنی‌و بوونێكی تایبەت و پێگەیەكی تایبەت لەناو جیھانی ئەمڕۆدا دەبەخشێت. توركیا كە توانای قبووڵكرنی ھیچ فۆرمێكی كوردبوونی نییە، مەگەر ئەو فۆرمانە نەبێت كە خۆی بەسەریدا دەسەپێنێت، بەرگریكردن بەناوی كوردبوونەوە فۆرمی سەرەكیی و ڕاستەقینەی بەرگرییكردنە. كە وەك كورد پەلاماردرایت پێویستە وەك كود بەرگریی لەخۆت بكەیت.