خۆزگەخواستن بە داگیركەران؛ لە چاوەڕوانیی بەربەرییەكاندا

07-08-2020 01:55

نووسینی: مەریوان وریا قانع

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاد لە ٤٤ ھەزار لوبنانی كەمپینێكی ئۆن لاینیان لە سۆشیال میدیادا ئیمزاكردوە و تیایدا داوای ئەوە دەكەن فەڕەنسا بگەڕێتەوە و وڵاتەكەیان سەرلەنوێ داگیربكاتەوە. كەمپینەكە ئەم ناونیشانەی ھەیە: ”لوبنان بۆ ماوەی دە ساڵ بخرێتە ژێر ئینتیدابی فەڕەنساوە“. ئەم كەمپینە دوای سەردانەكەی دوێنێی ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا بۆ لوبنان بڵاوبوتەوە. ئەوانەی لە پشتی كەمپینەكەوەن باس لەوە دەكەن كە لوبنانیەكان ڕێگاچارەی ڕیفۆرم و دەسكاریكردنی سیستمە سیاسیی و ئابوورییە حوكمڕانییەكەیان لەبەردەمدا نەماوە و ئەوان دەرەقەتی ھێزە بنەماڵە حوكمڕانەكان و میلیشیاكانیان و دەوڵەتە ئیقلیمییەكانی پشتی ئەو بنەماڵە و میلیشیایانە نایەن.

ڕادەی نائومێدبوون لە دەسكاریكردن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دۆخەكە وایكردوە ئەو ژمارە زۆرەی خەڵك پەنا بۆ سەرۆكی فەڕەنسا ببەن و داوای لێبكەن فەڕەنسا بگەڕێتەوە و وڵاتەكەیان داگیربكاتەوە.

ئەو سیستمە حوكمڕانییەی لە لوبناندا دروستكراوە سیستمێكی تائیفیی میلیشیایی داخراوە كە سەرجەمی دەسەڵاتەكانی ئەو وڵاتەی لە دەستی كۆمەڵێك خێزان و بنەماڵەی سیاسیی و دینیدا كۆكردۆتەوە و شتێك لەو وڵاتەدا نەماوە لۆژیكی تائیفیەت بەشینەكردبێت. گەندەڵیی و دزیی و جەردەییەكی سیستماتیك، باڵادەستیی ڕەھای مەحسوبیەت و دابەشكردنی پۆست و پلە سیاسی و ئابوریی و بیرۆكراسییەكانی وڵاتەكە لە ڕێگای مەحسوبیەتەوە، بەربڵاویی دیاردەی میلیشیاو بوونی چەكدار و سوپای خێزانیی و تائیفیی تایبەت، ئامادەگی خەستی ھێزە ئیقلیمییەكان لەو وڵاتەدا و لەدەستدانی تەواوەتی سەروەری وەك دەرئەنجامی تەراتێنكردنی ھێزە ئیقلیمیەكان لەناویدا، بەرفراوانی دیاردەی بێئیشیی و نەبوونی خزمەرگوزارییە سەرەتاییەكان، بڵاوبوونەوەی ھەژارییەكی گەورە بەناو بەشێكی گەورەی دانیشتواندا، ئاكارەكانی ئەو سیستمەیە كە دروستكراوە.

لە ھەموو ئەمانەش ترسناكتر بێئەنجامیی و بێكاریگەربوونی سەرجەمی ئەو ناڕەزاییدەربڕین و خۆپیشاندانانەیە كە لوبنانییەكان بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی دوایی پەنایان بۆبردوە بۆ گۆڕین و دەسكاریكردنی ئەو دۆخە. ئەوانەی كەمپینەكەیان ئیمزاكردوە بە ھەمووان پێیانوایە دەسەڵاتدارانی لوبنان بەھەموو جیھانیانا نیشانداوە كە ناتوانن وڵاتەكە بەڕێوەببەن و لوبنانیان لە لێواری مردن و وێرانبوونی تەواوەتی نزیككردۆتەوە.

پەنابردن بۆ فەڕەنسا، بۆ ھێزێك كە بەرپرسی ژمارە یەكە لە دروستبوونی نەخشەی سیاسیی ناوچەكە بەگشتیی و چۆنیەتی دروستكردنی لوبنان وەك وڵاتێك لەسەر بنەمای تائیفیەت، بەتایبەتیی، ھێما بۆ ئەو دۆخی نائومێدبوونە سەرتاسەرییە دەكات كە ئیمزاكەرانی ئەو كەمپینە تێیكەوتون. دۆخی ئەم چالاكەوانانە لە دۆخی ئەو كەسانە دەچێت كە خەریكە لە دەریادا نووقمدەبن و پەنا بۆ پوشێك دەبەن خۆیانی پێبگرنەوە. خۆزگەخواستن بە داگیركەران بۆ ڕزگاربوون ھێمایەكی گەورەیە بۆ تاریكیی دۆخی ئێستا و داخرانی ئەگەرەكانی گۆڕانی ئەو ئێستایە. حوكمڕانانی ئەم ناوچەیە بە ڕادەیەك نابەرپرسیار و تاوانبار و موجریمن، خەڵكی ناوچەكە ھەمووشتێكی لەوان پێ باشتربێت.

دۆخی عێراق بە گشتیی و دۆخی ھەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە دۆخی لوبنان باشتر نییە. دەسەڵاتدارانی عێراق و دەسەڵاتدارانی كوردستان لە ھەمان مەعدەنی بۆگەنی ئەوانەی لوبنان دروستكراون و سیستمی حوكمڕانییەكەشیان لەھەمان قوڕ و لیتە و پۆخڵەوات دروستكراوە. ئەوەی لەمڕۆدا جارنەجار ھەم لە ھەرێم و ھەم لە عێراقدا گوێمان لێدەبێت كە خەڵك تەمەنای گەڕاندنەوەی سەدام حوسەین دەكەن، ھەمان لۆژیكی نائومێدبوون و وەڕسبوونی لەم دەسەڵاتدارانەی لەپشتەوەیە. ھەمان ڕەشبینیی بەرامبەر بە چاكسازییكردن و دەسكاریكردنی سیستمە حوكمڕانییە خێڵەكیی و بنەماڵەیی و خێزانی و تائیفی و سوڵتانییەكە، خواستەكانی خەڵك دادەڕێژێت. ئەگەر لوبنانییەكان ماكرۆنیان ھەبێت پەنای بۆببەن، ئەوا عێراقییەكان، بە كوردیشەوە، تەنھا وێنەكانی سەدام حوسەینیان ھەیە تەماناكانی خۆیانی پیاھەڵواسن.

ئەو دۆخەی ئەمڕۆكە لە ناوچەكەدا باڵادەستە لەو دۆخە دەچێت كە شاعیری یۆنانی بەناوبانگ كۆستەنتین كاڤافی لە شیعری ”لە چاوەڕوانی بەربەریەكاندا“ باسیدەكات. لەو شیعرەدا كاڤافی باس لە شارێك دەكات كە لەناوەوەی خۆیدا تەواو بۆگەن و بێمانا و بێھیوا و بێئومێد بووە، دانیشتوانەكەی بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە تەمەنا و چاوەڕێی ھاتنی بەربەرییەكان دەكەن. ئەوان ڕۆژانە خۆیان دەگۆڕن و جلە جوانەكانیان لەبەردەكەن و دەچنە بەردەرگای شارەكەیان و چاوەڕوانی ھاتنی بەربەرییەكان دەكەن. ئەوان ھاتنی بەربەرییەكان وەك ھاتنی ڕزگاركەرێك دەبینن. پێدەچێت میللەت و كۆمەڵگا جیاوازەكانی ئەم ناوچەیە، ھەریەكە و بەجۆرێك چاوەڕوانی بەربەرییە ڕزگاركەرەكانی خۆیان بكەن.