کێ بەرپرسیارە؟

13-08-2020 06:46


دوێنێ ١٢/ ٨/ ٢٠٢٠ هەر یەکە لە دەسەڵاتی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق لە دو بەیانی جیاوازدا بەرپرسیاریی ڕێکنەکەوتن و وەستانی دانوستانەکان و بەردەوامیی بڕینی بەشە بودجەی هەريمیان خستە ئەستۆی یەکتری. فەرمون با بە کورتی موراجەعەی ئەو هەنگاوانەی ماوەی کەمی ڕابردو بکەین کە بەمڕۆیان گەیاندوین:

• پارتی لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، هەمو دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەکەی د. محەمەد عەللاویی بەستەوە بە دانانەوەی د. فواد حسەین لە پۆستی وەزارەتی دارایی. هەر ئەوکات لە وتارێکدا "گرێی (شەخس) لە نێوان هەرێم و بەغدا" مەترسیی ئەمەمان خستەڕو. سەرەنجام بە هۆی ئەوەی عەللاوی ئامادە نەبو وەزیری حزبی دابنێ دانوستانەکان پەکخران، لە کاتێکدا ئەو ئامادە بو بەردەوام بێ لە ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و، بڕینی موچەی بە هێڵی سور ئەزانی!


• متمانە نەدان بە د. محەمەد عەللاوی، سەدرییەکان و بەشێک لە هيزە سیاسییەکانی تری عێراقی توڕە کرد و، فشاریان لە د. عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشو دەکرد بۆ بڕینی بەشە بودجەی هەرێم. دواتریش هەرێم لە مانگی نیسان خۆی کردە تەرەفی یەکلا کردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ مستەفا کازمی و، کەوتنە هەلهەلە کێشان بۆی تەنانەت پێش ڕاسپاردنی. ئەمەش بویە هۆی نیگەرانیی د. عادل عەبدولمەهدی کە باجی نەرمی نواندنی ئەدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان. هەربۆیەش هەر لەو مانگەدا بەشە بودجەی هەرێمی بڕی. بڕواننە باس کردنی ئەم بابەتە هەر ئەو کات لە چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ دەنگی ئەمریکا.


دوبارە هەمو دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەکەی مستەفا کازمی بەسترایەوە بە مسەوگەر کردنی پۆستی وەزارەتەکان و، ڕێکەوتن لەسەر سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە تایبەت پرسی نەوت و بودجە و موچە، ناوچە جێناکۆکەکان، شایستە داراییەکانی جوتیاران و .. تاد فەرامۆش کران. هەڵبەت ئەمە دڵخوازی هێزە عێراقییەکانە کە بەشداریی کورد لە حکومەت ببەسترێتەوە بە دانانی کەسەکان بۆ وەزارەتەکان و، پرسە چارەنوسسازەکانی تر وەلا بنرێن. هەر بۆیەش کازمی لەگەڵ ئەوان ڕێککەوت و پۆستەکانی پێدان و، ئاو بێنە و دەست بشۆ! هەر لەبەر ئەوە ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان دەنگمان بە کابینەکەی نەدا و، هەر ئەوکات ڕامانگەیاند کە "بە توندی دژی ئەو نەریتە سیاسیەی بەشێک لە هێزە سیاسیە کوردستانیەکان دەوەستینەوە کە پرسی بەشداریکردن لە حکومەتی فیدراڵی عێراق لە مەسەلەیەکی نشتیمانیی فراوانەوە بۆ ویستیكی حزبی و لەناو حزبیشدا بۆ ئەجێندایەکی تاکە کەسی بچوک دەکەنەوە و هەمو داواکارییان دەبێتە ئەوەی کەسێک وەک تاکە کاندید دەبێ بکرێتە وەزیر و لەو پێناوەشدا سازش لەسەر تێکرای مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن و ناچار بە چەندین رێکەوتن و بەندوباوی ژێر بەژێر دەبن بۆ تێپەراندی کاندیدە کەسی و حزبیەکانیان". بڕواننە راگەیەنراوی فراکسیۆن لەم بارەیەوە.

• ئاغایان، ئێوە ئامادە نین دەستبەرداری هەڵە سیاسییەکانتان بن لە شێوازی مامەڵە لەگەڵ بەغدا لە ماوەی پانزە ساڵی ڕابردو و، بە بەردەوامی بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبییەکانتان کردۆتە ئەولەوییەتی کارتان لە بەغدا. دەرەنجامی ئەمەش هیچ یەکێک لە پرسە نیشتیمانییەکانی هەرێم لە بەغدا یەکلا نەبونەتەوە. لە هەمان کاتدا ئێوە کە بۆ نزیکەی سی ساڵە حاکمی هەرێمن، بە کردە سیاسی و ئابوری و چەکدارییە هەڵەکانتان، هەرێمتان گەیاندۆتە لێواری ئیفلاس بونی سیاسی و ئابوری و، لە بەرامبەر عێراق و دەرەوە تا ئاستی پاشکۆیەتی لاوازتان کردوە. هەربۆیەش بەرپرسیاری سەرەکی ئێوەن نەک خەڵکی تر و، هاونیشتیمانییانی هەرێمتان کردۆتە بارمتەی کار و هەنگاوە چەوت و شکستخواردوەکانتان و، بەردەوامی دان بەم حوکڕانییە شکستخواردوە و، درێژەدان بە گەندەڵی.

پرسی کۆنترۆڵ کردنی دەروازە سنورییەکان بۆ حکومەتی عێراق ئێستا بوەتە پرسێکی هەرەگرنگ و، ڕەنگە تەنها هەنگاوی کردەیی ئەم حکومەتە تا ئێستا هەر ئەمە بێ. کازمی لەم پرسەدا ناتوانێ هیچ نەرمییەک بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم بنوێنێ، چونکە هەر نەرمی نواندنێک لەم ڕوەوە لە شوێنەکانی تریش ڕیسەکەی ئەکاتەوە بە خوری. بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێم گەر بە تەنگی ژیانی هاونیشتیمانییانی هەرێمەوەن، ئەوا پێویستە واز لە تاڵانی و قاچاخچێتیی دەروازە سنورییەکان بهێنن و، بۆ ئیدارەدانی ئەم دەروازانە و چاودێری کردنی داهاتەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێکبکەون، وەگەرنا خراپتر بەڕێوەیە.