وانەكانی ڕێككەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل بۆ كورد

15-08-2020 05:39


نووسینی: د.سەردار عەزیز

ماوەیەكە وڵاتانی كەنداو و ئیسرائیل لە ڕێگای ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیاندان. پاڵنەرەكانی پشت ئەم ئاڕاستە نوێیە زۆرن، هەوڵئەدەین لێرەدا ئەوانەی بەرچاوبخەین كە چەند وانەیەكیان بۆ پرسی كورد و دۆخی كورد تیادایە.

یەكەم، ماندووبونی دونیای عەرەبی لە فەڵەستینیەكان. ئاشتی فەڵەستینی و دەسەڵاتی فەڵەستینی دەرئەنجامی كۆتایی جەنگی سارد و شەڕی كوێتە. هەرێمی كوردستانیش بە هەمانشێوە. كەواتە هەردوو بەرهەمی وەرچەرخانی دۆخی سیستمی جیهانین. لە سی ساڵی ڕابوردودا، فەڵەستینیەكان، سەرباری پشتیوانی زۆر نەیانتوانی سیستمێكی حوكمڕانی خزمەتگوزار بۆ خەڵكەكەیان دابین بكەن، بەڵكو بە پێچەوانەوە، هەموو وزەیان بۆ پەرتی و ململانێی یەكتر تەرخانكردوو هەروەها هەتا ئاستێكی باڵا حكومدارییەكی گەندەڵیان دروستكرد. ئەمە لە زۆر شێوازدا هاوشێوە كوردستانە، پەرتی، گەندەڵی، نەبونی توانای حوكمڕانی باش. بۆیە، ئەگەر ئاشتی ئیماراتی ئیسرائیلی چەندین هۆكاری هەبێت، بە دڵنیاییەوە یەكێك لە هۆكارەكانی ماندوێتی وڵاتانە لە دەسەڵاتی فەڵەستینی. ئەم دیاردەی ماندوبونە، بۆ دۆخی هەرێمی كوردستانیش ڕاستە. كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە چەندین شێوازی جیاواز هاوكاری هەرێمی كوردستان بوە، هەروەها لە هەوڵی ئەوەدایە كە ڕیفۆرمی سەربازی و سیاسی و ئابوری ڕوبدات، بەڵام زۆرێك لە دۆستانی كوردیش توشی ماندوبون بوون لە ئەنجامنەدانی هیچ ڕیفۆرمێك. ئەم ماندوبونە دووركەوتنەوە و پشتتێكردن و گوێپێنەدان ئەنجامی دەبێت.

دووەم، وەرچەرخانی سیستمی جیهانی. وەك چۆن كۆتایی جەنگی سارد و شەڕی كوێت، پرسی فەڵەستینی بە نێودەوڵەتیكرد و هەرێمی كوردستانی بەرهەمهێنا، بە هەمانشێوە، ئێمە لە ساتەوەختەكانی وەرچەرخانی سیستمی جیهانیداین، كە ڕەنگە دونیای نوێ وەك چەند دەیەی ڕابوردوو نەبێت. دونیای نوێ ململانێی زیاتری تیادا دەبێت، پرسە ناسیونالیستییەكان زاڵتر دەبن، هێزە بچوكەكان دۆخیان باش نابێت. ئەم دۆخەیە وەها لە ئیمارات دەكات كە چیدی تەنها خەمی خۆی بخوات، نەك فەڵەستین و خیتابی ئەلتراناسیونالیستی پانعەرەبیزم. ئەم گەڕانەوەیە بۆ دۆخی هێز لە سیستمی نێودەوڵەتیدا. هێز لە قازانجی بەهێزە و وڵاتان بەهاكان وەلادەنێن و خەمی خۆبەهێزكردن دەخۆن، ئەم دۆخە وەك چۆن لە قازانجی فەڵەستینیەكاندا نەبوو، بە هەمانشێوە لە قازانجی كورددا نابێت. كورد وەك فەڵەستینیەكان لە بڕی خۆ بەهێزكردن لە پڕۆسەیەكی زۆر سەركەوتوانەی خۆ لاوازكردندایە لە هەموو ئاستێكدا.

سێیەم، كۆتایی نەوت. هەرچەندە پاڵنەری تر زۆر باسدەكرێت، بەڵام هۆكاری سەرەكی ئاشتی ئیماراتی ئیسرائیلی كۆتایی نەوتە. ئیماراتییەكان پێشەنگی وڵاتانی تری ناوچەكەن لە هەنگاونان بەرەو ئابوری پاش نەوت. كرۆكی ئابوری پاش نەوت تەكنەلۆجیای باڵایە یان ئەوەی كە پێی دەوترێت AI زیرەكی دەستكرد. ئەی ئای ئەو جۆرە ئامێرانەن كە خۆیان توانای ئەوەیان هەیە كە ئەلگۆریزم بۆ خۆیان دابڕێژن. ئیسرائیل پێشەنگی نەك هەر وڵاتانی ناوچەكە، بەڵكو جیهانە لە بواری ئەی ئایدا. ئەم تایبەتمەندییەی ئیسرائیل وەهای لەو وڵاتە كردوە، سەرباری بچوكی، وڵاتە گەورەكانی جیهان كێبڕكێ بكەن بۆ هەبونی پەیوەندی فراوان لە گەڵیدا، چین و هیند بۆ نمونە و وڵاتانی تری زۆر. ئیماراتییەكان دەیانەوێت لە بوارەكانی وزەی نوێبوەوە، ئاودێری و كشتوكاڵ، تەندروستی و دەرمانسازی، سودمەندبن لە توانای ئیسرائیلی، بۆ ئەوەی بتوانن لە دونیای پاش نەوتدا بمێننەوە. هەرێمی كوردستان چیرۆكێكی خەمناكی هەیە لە گەڵ نەوتدا، بەڵام هێشتا توانای بیركردنەوەی پاش نەوتی نیە. ئەگەر تەماشای خیتابی سیاسی و ئابوری و تەنانەت ئیداری و ئەخلاقی كوردی بكەیت هەمووی سەرتاپا نەوتییە.

دیارە وانەی تر زۆرن بۆ ئەوانەی كە بیانەوێت سود لە ئەزمونی دونیا وەربگرن.