ململانێی زلهێزەکان و مەترسی و لێکەوتەکانی لەسەر کوردستانی عێراق

27-08-2020 09:09


بەشی یەکەم


بەهۆی شوێنی گرنگ و پڕ بایەخی کوردستان لە ڕووی ئابوری، و سیاسی، و بەهۆی داگیرکردنی کوردستان و چەوساندنەوەی نەتەوەیی، و بە حوکمی جوگرافیای سیاسی کوردستان، کە دەکەوێتە نێوان دەوڵەتە زلهێزەکانی ناوچەکە، کوردستان بەسەدان ساڵە بووە بە ناوەندی ململانێی و شەڕی نێوان کورد و دەوڵەتانی ناوچەکە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە بووە بە ناوەندی ململانێی و شەڕی زلهێزەکانی دونیاو دەوڵەتانی ناوچەکە.

لەدوای خەباتێکی دوورو درێژی سیاسی و جەماوەری و چەکداری لە کوردستانی عێراق، و قوربانییەکی زۆری گیانی، ئابوری، کۆمەڵایەتی،... هەرێمێکی سیاسی و دەستوری هاتۆتە بەرهەم، لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا، بە ناوی هەرێمی کوردستان- عێراق.

ئەم هەرێمە لە ماوەی (29) ساڵی حوکمڕانی خۆیدا، ئارامی وسەقامگیری تەواوی بەخۆیەوە نەبینیوە، چ بەهۆی ململانێی و شەڕ هێزو لایەنە چەکدارەکان (پارتی و یەکێتی) لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، چ بەهۆی سیاسەتی پاوانخوازی دەوڵەتە زلهێزەکانی دونیاو ناوچەکە.

ئەمرۆش هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کەوتۆتە بەردەم ئەگەری گۆڕانکاری، و هەڕەشە و مەترسی، بەهۆی ئەگەری شەڕو ململانێی توندی نێوان زلهێزەکانی دونیاو ناوچەکە لە لایەک، ولە لایەکی تریشەوە بەهۆی شەڕی جوڵانەوەی چەکداری لە کوردستان لە دژی دەوڵەتانی ناوچەکە، و مەترسی دروستبونی شەڕی کورد و کورد، وهەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان.

لێرەدا هەوڵ ئەدەین بە کورتی باسی بەشێک لە هەڕەشەکانی ناوخۆیی و دەرەکی سەر هەرێمی کوردستان و کوردستانی عێراق بکەین :

یەکەم : هەڕەشەو مەترسیەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان

١- هەڕەشەی گەندەڵی لە سەر هەرێمی کوردستان

گەندەڵی سیاسی، یاسایی، ئابوری، دارایی، کۆمەلایەتی،فەرهەنگی، کارگێری، ئەمنی وسەربازی،... زۆر بە فراوانی تەشەنەی کردووە و شۆڕ بۆتەوە بۆ ناو هەموو جومگە ودەسەڵات و دامەزراوەکانی هەرێم، تەنانەت وەک درم بەشێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگاشی گرتووەتەوە.

لەبەرئەوە، ئەمڕۆ گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان بووە بە ھەڕەشەیەکی گەورە وترسناک لەسەر ژیانی سیاسی، ئابوری ودارایی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری وئاسایشی ووڵات و میللەتەکەمان. بۆ بەرچاوروونی زیاتر لەسەر ھەڵکشان وپەرەسەندنی گەندەڵی ومەترسیەکانی لەھەرێم، لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە بەشێک لە بوارەکانی گەندەڵی ئەدەین، و لەم چەند خاڵەدا کورتیان دەکەینە:

گەندەڵی سیاسی

- هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوری و یاساییە بەپێی مادەکانی (117، 118 119،) لە دەستوری عێراق، بەڵام ئەوەی لە ئارادایە هەرێمەکە، هەرێمێکی یەکگرتوو نیە، هەرێمەکە تا ڕادەیەکی زۆر، شوێنەواری دوو ئیدارەیی زۆر بە زەقی پێوە دیارە، و بەتەواوی لە ژێر دەسەڵاتی حیزبدایە، ولەلایەن حیزبەوە ئیدارە ئەدرێن.

- ساختە وتەزویر ودەسکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، و ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵانی رابردوو، بووە بە کەلتوری لایەنە چەکدارەکانی ھەرێم و عێراق، لەبەر ئەوە گەندەڵی لە ھەڵبژاردنەکاندا، بووە بە دایکی هەموو گەندەڵییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

- شەڕی ناوخۆ و لێکەوتە سیاسیەکانی، و ئەو شێوازە لە هەڵبژاردنەکان، بوون بە ڕێگر لەبەردەم دروست بوونی دام و دەزگای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان. لەبەرئەوە لە ئێستادا، لە هەرێمی کوردستان حکومەتی نیشتمانی، هێزی چەکداری نیشتمانی، ئابووری نیشتمانی، پەروەردەو خوێندنی نیشتمانی و پەیوەندی نیشتمانی تەواو و ڕاسەقینەمان نیە، هەموو ئەو دەسەڵات و دامەزراوانەی ھەیە، لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە هەڵدەسوڕێن، وبۆ بەرژەوەندی هێزو لایەنە چەکدارەکان ئاڕاستە دەکرێن.

ئەنجام : هەرێمی کوردستان بەم جۆرەی ئەمڕۆ هەیە، نە هەرێمێکی دەستوری تەواوە، و نە هەرێمێکی سیاسی و یەکگرتووی تەواوە، لە سایەی شەڕو ململانێی هێزو لایەنە چەکدارەکان لە کوردستانی عێراق، ونە ھەرێمێکی شەرعی ویاسایی تەواوە بە ھۆی ئەو ھەموو ساختە وتەزویرەی دەکرێ لە ھەڵبژاردنەکاندا.

گەندەڵی یاسایی

لە سەردەمی دوو- ئیدارەییدا، هەردوو ئیدارە (هەولێر، سلێمانی) کۆمەڵێک یاسا و بڕیاریان دەرکرد، زیاتر مۆرک و بەرژەوەندی حیزبی پێوەیە.دواتریش هەر یاساو بڕیارێکیش دەرکرا بێت، جێبەجێ نەکراوە گەر لە بەرژەوەندی هەردوو لا نەبوو بێت، بۆ نموونە :

1/ لە ساڵی (2007)ەوە یاسای ژمارە (22) ی، ساڵی (2007) ی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەرچووە، (13) ساڵە ئەو یاسایە هەیە، بەڵام تا ئەمڕۆ دام و دەزگاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دروست نەکراوە بە تەواوی، بگرە بەشی هەرە زۆری ئەو وەزارەتە بوونی نیە، و کارو بەرنامەکانیشیان دیار وشەفاف نیە بۆ پەرلەمان و حکومەت و جەماوەر.

2/ لە ساڵی (2014)ەوە، یاسای ژمارە (5)ی، ساڵی (2014)ی پێدانی بودجەی حیزبەکان دەرچووە، بەڵام کاری پێنەکراوە، هەر بۆ ئەوەیە، حیزبەکانی تری کوردستان چاویان لە دەستی پارتی و یەکێتی بێت.

3/ لە ساڵی (2015)ەوە، یاسای ژمارە (2)ی ساڵی (2015)ی، سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەکان دەرچووە، بەڵام نە دامەزراوەکانی دروست کراوە، نە دەستەکەش پێکهاتووە.

4/ لە ساڵی (2013)ەوە، یاسای ژمارە (3)ی، ساڵی (2013)ی، کێبڕکێ و قەدەغە کردنی قۆرخ کاری لە هەرێمی کوردستان دەرچووە و هەیە، بەڵام کاری پێناکرێت، بۆ ئەوەی هەردوولا درێژە بە قۆرخکاری بدەن.

5/ ژمارەیەک یاسا هەیە، بە نیوە ناچڵی کاری پێدەکرێت، وەک یاسای ژمارە (34)ی ساڵی (1986)ی فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکی دەوڵەت، یاسای کارگێڕی دارایی فیدرالی ژمارە (6)ی ساڵی (2019).بێگومان نمونەی یاسای وبڕیاری لەم جۆرە زۆرن.

گەندەڵی ئابوری و دارایی

گەندەڵی ئابوری و دارایی و لێکەوتەکانی، ڕووبەرێکی زۆر و پان و بەرین و فراوان و بەرچاو دەگرێتەوە، لە گەندەڵی گشتی.

لەبەرئەوە بە کورتی ئاماژە ئەدەین، بە هێڵە گشتییەکانی ئەم بوارە :

1/ پاوانکردن و دەست بەسەردا گرتنی دامەزراو و پرۆژە پیشەسازیەکان، وسەرچاوە سەرەکیەکانی داهات، لە نەوت و غاز و گومرگ لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە.

2/ داگیرکردن و دەست بەسەردا گرتنی زەوی و کارگە و پرۆژەکانی حکومەت، بە نرخی زۆر رەمزی، لە لایەن کۆمپانیاکانی نۆکان، قەیوان، کار و ستێر،...

3/ قۆرخ کردنی پرۆژە جۆراو جۆرەکانی پیشەسازی، بازرگانی، گواستنەوە و گەیاندن، بیناو نیشتەجێکردن ڕێگاوبان، نەخۆشخانە و دەرمان، پەروەردە وزانکۆ، سوتەمەنی، وەبەرهێنان، سیکیوریتی،... لەلایەن کۆمپانیاکانی کارگروپ و ستێرگروپ، نۆکان گروپ و قەیوان گروپ، ودەسەڵاتدارانی ھەردوولا.

4/ پشتگوێ خستنی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی کوردستان، و بوارەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری و ئاژەڵداری لە هەرێم، و بە تاڵانبردنی زەوی کشتوکاڵی لە هەرێم، بەناوی جۆراوجۆر و ئامانجی تایبەت.

5/ لە بواری داراییشدا: دامەزراندن لە هەرێم لەسەر بنەمای میلاک، و پێویستی هەرێم و دامەزراوەکانی نەبووە :

- لە هەرێم نزیکی(1،500،000) یەک ملیۆن و پێنچ سەد هەزار موچە خۆر هەیە، بە تەقدیر نزیکی یەک ملیون چوارسەد ھەزاری لە میلاکاتی ھەرێم زیادە، وبۆ ئامانجی کەسیەتی وحیزبی دامەزراون.

- لەم یەک ملیۆن و پێنچ سەد هەزارە، بە ئیعترافی حکومەتی هەرێم زیاتر لە (650،000) شەش سەدو پەنجا هەزار موچە خۆری بندیوارە، و موچەی مانگانەیان نزیکی چوارسەدو پەنجا ملیۆن دۆلارە.

- خەرجی دارایی بۆ دامەزراوەکانی هەرێم : بە تەقدیر زیاتر لە یەک لەسەر سێی خەرجی دارایی ئەو دامەزراوانە زیادەیە وبەھەدەر دەچێ، چونکە بۆ رازیکردن و ئامانجی حیزبی و کەسی دروست کراوە، بێگومان ئەویش مانگانە خەرجیەکی زۆری دارایی لێدەکرێت.

6/ لێکەوتەکانی گەندەڵی و ئابووری:

- بەپێی زانیاری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان (27) ملیار دۆلار قەرزارە، گەر ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، (5،000،000) پێنج ملیۆن کەس بێت، بەو پێیە، هەر تاکێکی کۆمەڵ زیاتر لە (5000) پێنج هەزار دۆلار قەرزی دەکەوێتە سەر.

- بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری لە کوردستان، بەشێوەیەکی بەرچاو،...
- بەرزبونەوەی ڕێژەی بێ کاری لە کوردستان،..
- بەرزبونەوەی ڕێژەی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، و ڕێژەی تاوانی کوشتن و دزین،...
- بەرزبوونەوەی ئاستی بێ بڕوایی جەماوەر بە ھەرێم ودەسەڵاتەکان وپرسی کورد، ودابەزینی ئاستی ئینتماووەلائیان بۆ خاک و نەتەوە، لە بەرامبەر ئەو ھەموو زوڵم وبێدادیەی ھەیە لە کوردستان بەھۆی ئەو گەندەڵیە بەربڵاوەی زیانی ھەمەلایەنەی بە ھەموو تاکێکی کۆمەڵگا گەیاندوە.
- دابەزینی ئاستی پەروەردەو خوێندن، بەشێوەیەکی بەرچاو ،لە قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆکان،...
- پشتگوێ خستنی بواری تەندروستی بە گشتی، ودابەزینی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی لە دۆخی ئێستادا، کە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بە فراوانی بڵاوبۆتەو لە عێراق وھەرێم وناوچەکە وجیھان.
- کێشەی هەمیشەیی کارەبا، ئاو، لە زیاد بوندایە لە زۆربەی هەرە زۆری شارو شارۆچکەو گوندەکان.

گەندەڵی کارگێری

- دروست کردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، و دامەزراندنی فەرمانبەر و کارمەندەکانی لەسەر بنچینەی پێویستی و میلاکاتی ھەرێمی کوردستان نەبووە.

- زیاتر لە (1/3) دامودەزگاکانی هەرێم، ئەوانەی ئەکەوێتە خوارەوەی هەر سێ دەسەڵاتەکە (یاسا دانان،جێبەجێکردن، دادوەریی)، دامودەزگای زیادن، دەسەڵاتدارانی هەرێم دروستیان کردووە، بۆ رازی کردن و کڕینی دەنگ، وبەدەست هێنانی پشتگیری دانیشتوان، و بۆ ئامانج ودەستکەوتی حیزبی. لە هەرێمی کوردستان بە دەیان دەستە و بەرێوەبەرایەتی گشتی و فەرمانگە، و قەزاو ناحیە و یەکەی ئیداری بەبێ پلان دروست کراوە، کە تێچووی دروست کردن، و خەرجی ساڵانەی بە سەدان ملیار دینارە.

- لە هەرێمی کوردستان، نزیکی یەک ملیۆن و نیو موچە خۆر هەیە، بەڵام ئەم هەرێمە سەرلەبەری بە سەد هەزار فەرمانبەرو کارمەندی کارا بەڕێوە دەچێت، کە خەرجی وموچەی مانگانەی ئەم ژمارە زۆرە لە موچە خۆر، نزیکی یەک هەزار ملیار دینارە.

- بە حیزبی کردنی دامودەزگاکانی هەرێم، هەر لە بەڕێوەبەری قوتابخانە، و فەرمانگە، ڕاگری کۆلێجەکان، سەرۆکی زانکۆکان،...، لە لایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە دادەنرێت، و دەست تێوەردانی تێدا دەکرێت.

- سەرەڕای هەموو ئەمانەش، دیاردەکانی بەرتیل (بەرتیل دان و وەرگرتن)، مەحسوبیەت و مەنسوبیەت، خزمایەتی و حیزبایەتی، بە شێوازێکی زۆر فراوان بڵاو بۆتەوە لەناو سەرجەم دامو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان.

سیاسەتی کارگێری لە هەرێمی کوردستان، فەوزاو پاشاگەردانی بەرهەمهێنا، لە جێگای سەروەری یاسا و کاری دامەزراوەیی، لە هەرێمی کوردستان فەوزا بە جۆرێک باڵا دەستە لە داگیرکردن و دەست بەسەردا گرتنی داهاتەکانی نەوت و غازو گومرگ، هیچ دەزگایەکی چاودێری ھەرێم (پەرلەمان، داواکاری گشتی، نەزاهە، دیوانی چاودێری دارایی) ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات، لە لایەکی تریشەوە، سیاسەتی کارگێری سوپایەکی زۆر گەورەو پڕ خەرجی دروست کردوە لە موچە خۆری مەدەنی وسەربازی، و بە شێوەیەک باری ئابوری و دارایی هەرێمی ئەوەندەی تر گرانکردووە.

ئەم هەڵاوسانە لە کارگێڕی ولە هەردوو بواری کاری شارستانی و سەربازی، دەزگاکانی هەرێمی ئیفلیج کرد،بەم جۆرە سیاسەتی گارگێڕی شکستی تەواوی هێنا لە بەڕێوەبردنی هەرێم و دامەزراوەکان. سەرەنجام کورتهێنان لە بودجەی گشتی ساڵانە دروست دەکات، وتەنانەت یەکێک لە هۆکارەکانی خۆدزینەوەی حکومەتی هەرێم لە ئامادەکردنی بودجەی گشتی ساڵانە(لە چەند ساڵی رابردوو)، ئەو فەوزاو هەڵاوسان و کورتهێنانەیە لە موازەنە، کە ئەوەش بۆ خۆی یەکێکە لە گەندەڵیە قەبە و گەورەکانی هەرێمی کوردستان.

دیارە گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و بەهێزی هەیە بە گەندەڵی عێراقەوە، دەوڵەتی عێراقیش زیاتر لە (15) ساڵە یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە گەندەڵ و فاشیلەکانی جیھان.

لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە گەندەڵی بە شێوازێکی ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت، و ڕەگ و ڕیشەی قوڵ و تەواوی داکوتاوە لە ناو هەموو جومگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەمەش زیاتر، گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی کورستان ڕایەڵە و پەیوەندی زۆر بەهێزی هەیە لەگەڵ گەندەڵی و گەندەڵکارانی دەوڵەتان، بە مانایەکی تر گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە تۆرێکی زۆر بەهێزی گەندەڵی نێودەوڵەتییەوە گرێدراوە.

بۆیە گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە جۆرێک دەوڵەت و هەرێمی کۆنتڕۆڵ کردووە، بە هیچ دەزگایەک چاودێری ناکرێت، چونکە بەشێکی دەزگاکانی چاودێریش بوون بە بەشێک لە سیستمی گەندەڵی.

گومانی تێدا نیە کە بنچینەو دایکی هەموو گەندەڵیەکانیش لە عێراق و هەرێم، ساختەو تەزویر و دەستکاری کردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە، کە لەلایەن حیزب و لایەنە چەکدارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت.

چارەسەری تەندروستیش بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی لەم قۆناغە هەستیارەدا، تەنیا ئەوەیە سەرچاوەی گەندەڵی وشک بکەین، ئەویش بەم هەنگاوانە:-

1- لە عێراق ئامارو سەرژمێرییەکی بێگەرد ئەنجامبدرێ، بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی کۆتایی بێت بەلیستی ناوی مردو و پەناھەندەکانی دەرەوە وئاوارەکانی ناوخۆ، وئاوارەکانی رۆژئاوا لە ھەرێم، کەلایەنە چەکدار ودەسەڵاتدارەکانی عێراق ھەرێم بۆ تەزویر سودی لێوەردەگرن.
2- پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ راستەقینە لە عێراق وھەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی نێودەوڵەتی.
3- هەموارکردنەوەی هەردوو یاسای هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق وھەرێمی کوردستان.
بەم جۆرە دەکرێت پەرلەمانێکی نیشتیمانی ھەڵبژێرین لە ئاستی عێراق وھەرێم، وبکرێن بە بنچینە بۆ دروستکردنی وپێکھێنانی حکومەتێکی نیشتیمانی رەشید لە ھەردوو ئاستدا، کە پرنسیپەکانی دادپەروەری، یەکسانی، شەفافیەت، نەزاھەت، ھاوبەشی، لێپرسینەوە وروبەروبونەوەی گەندەڵی، توانا وپسپۆری وشارەزایی جێبەجێ بکات.