دەستە دۆڕاوەکان

12-09-2020 11:07

نووسینی: رێبوار کەریم وەلی

شانۆگەریی ھاتنی مستەفا کازمی، لە نووسین و دەرھێنانی دکتۆر بەرھەم ساڵح و، بە بەشداریی ژمارەیەک سیاسی و خەڵکی رەشوڕووت، نیشانەی قوڵایی ئیفلاسی سیاسییە.

*

(دەست)ەکانی مستەفا لەسەر سینگ بۆ سەرکردە و سیاسییەکان، خەڵکیش (دەست)لەسەر سینگ بۆ مستەفا! مستەفا دەیزانی بۆ چی ھاتووە، چی (دەست) کەوتبێ قازانجە. خەڵکەکە وەک فریادڕەس بینیان. (دەست)ەکانی مستەفا دەرەکی نەبوون، خۆماڵی بوون. باش سریواندییە بناگوێیان!

*

بەرھەم ساڵح وەک باوکی مەعنەویی مستەفا کازمی، (دەست)ی لە پشت دا و ئەو پیاوەی بۆ مەرامی شەخسیی خۆی ھێنایە کوردستان. لە لایەک بای خستە بن ھەنگڵی کازمی و، لە لایەکی دیکەوە ویستی لە شانۆگەرییەکەیدا، رۆڵی مام جەلالیش ببینێ. نەیتوانی. پەیامی ئەوەشی دایە بەرپرسانی کورد کە کۆنتڕۆڵی بەسەر ھەموو شتێکەوە ھەیە.

*

فەخامەت و دەوڵەتمەدار لە دوایین پەردەی شانۆکەیان لە مێرگەپان.بە جوڵەی(دەست)ەکانیان کۆمەڵێک پەیامیان پێ بوو...... فەخامەت دەتوانێ ھەموو لایەنەکان (دەست) لەناو(دەست) لەسەر مێزێک کۆبکاتەوە! ئەگەر بافڵ تاڵەبانیش(دەست)ی نەھێشابایە، مێرگەپان دەبووە ماڵی(دەست)ی دووی مام جەلال. بەڵام...

-دەبینن لەگەڵ کازمی چۆنین، ئەگەر ئەمجارەش نەمکەنەوە بەسەرۆک، لیست درووست دەکەم و بەو مستەفایەی کوڕم تەپڵتان پێ لێدەدەم.

-لە ناو یەکێتی و سنوورەکەیدا، دەتوانم ببم بە مەرجەعی سیاسی و دەمڕاستیان. کێتان پێ کۆنتڕۆڵ نەکرا(مەبەست یەکێک لە ھاوسەرۆکەکانە) بیدەنە (دەست)خۆم، چۆنتان دەوێ وایلێدەکەم.

-لەکاتێکدا کە خۆشی وەک کاراکتەرێکی سیاسیی دۆڕاو و لاواز، کراوە بەسەرۆکی عێراق و، ئەمیش جورئەتی چوونە ناو خەڵکی نییە، دەیەوێ راددەی بێزاریی خەڵک و بێدەرەتانییان نیشانی شەقامی عێراقی بدات. ئەویش سیاسەت بە قوتی خەڵکەوە دەکات و لەئاوی لێڵدا ماسی دەگرێت.

*
ھاتنی کازمی دەبێ زەنگێکی وشیار کەرەوە بێت بۆ ئەوانەی ئەو میللەتە دەچەوسێننەوە و دەبێ بزانن ئەوە بەڕێوەبردن نییە. رێگاکانی ھەستانەوەی میللەتێکی تێکشکاو بەو گەمە سیاسیانەی کە سەرێکی پەتەکەی بە بژێوی و ژیانی خەڵکەوە بەستراوەتەوە، جگە لە دۆڕانی زیاتر ھیچی دیکەی لێ شین نابێ.

*

وە ئاخیر (دەست)!
(دەست)ی ماڵومنداڵ و کەسوکارتان لە تیجارەت و قۆرخکاریی ئەو وڵاتە کورت بکەنەوە، ھەمووتان دۆڕاوی ئەو (دەست)انەن. (دەست)ێکی دیکەش بدۆڕێن رەنگبێ دەربکرێن.