ترەمپ و بایدن: یەكەم شەڕ

30-09-2020 01:21

نووسینی: د.سەردار عەزیز

كاتژمێر چواری بەیانی بە كاتی كوردستان، لە شاری كلیڤلاند بۆ یەكەمجار ترەمپ و بایدن ڕوبەڕو دیبەتیانكرد. هەرچەندە ڕۆژی هەڵبژاردن نزیكەی مانگێكی ماوەم، بەڵام خەڵكێكی زۆر لە ئەمریكا دەنگیان داوە و دەنگدەدەن. چونكە ئەمساڵ بە هۆی نەخۆشی كۆرۆناوە دەنگدان بە پۆستە.

لە دیبەیتەكەدا چەند بابەتێك مشتومڕی لە سەر كرا: دەستنیشانكردنی دادوەر بۆ دادگای باڵا؛ ترەمپ دەیەوێت ئامی بارێت دابنێت و دیموكراتەكان دژن، داوا دەكەن پاش هەڵبژاردن ئەو پۆستە یەكلایی بكرێتەوە.

پرسی دووەم كۆرۆنابوو. دیموكرات ترەمپ بە شكستخواردو دادەنێن لە پرسی كۆرۆنادا، بەڵام ترەمپ خۆی بە سەركەتو دەزانێت.

پرسی سێیەم، ئابوری بوو، كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە كۆرۆناوە هەیە. ئێستا ئابوری ئەمریكا خراپە، بەڵام پێش كۆرۆنا باش بوو. پرسی چوارهەم، ڕەگەز یان ڕەگەزپەرستی بوو. لێرەدا ترەمپ ئامادەنەبوو دژایەتی میلیشا سپی پێستە توندڕەوەكان بكات كە خۆیان بە باڵاتر لە ئەوانیتر دەزانن. بایدنیش هێندە گەرم نەبوو لە پشتیوانی گروپی ڕەشپێستەكان، black life matter، پاشان مێژوی هەردوو كاندید، ژینگە لە گەڵ پرسی ئەوەی ئایا ئەم هەڵبژاردنە بێكێشەیە. ترەمپ بڕوای وەهایە براوەیە، ئەگەر بدۆرێت ئەوا گزی لێكراوە. بۆیە هەر لە ئێستاوە پرسی چونە دادگا لە ئارادایە.

بە گشتی دیبەیتەكە لاواز و خراپ و پڕ لە قسەی ناشیرین و یەكتربڕین بوو. ترەمپ بەتایبەتی ڕێگەی نەدەدا بایدن قسە بكات و هەركە قسەی دەكرد ئەویش لە هەمانكاتدا قسەی دەكرد. ترەمپ سڵی لە وتنی هیچ شتێك نەدەكردەوە. كاتێك بایدن باسی كوڕەكەی كرد كە لە خزمەتی سەربازیدا كوژراوە، ترەمپ قسەكانی پێبڕیی و پرسی ئەو كوڕەی هێنایە ئاراوە كە ئالودەیە بە دەرمان. بە گشتی ئاستی دیبەیتەكە لاوازبوو، ترەمپ بێ ڕێز بوو، پڕ بوو لە بێزاریی. بایدن خاو و بێگیان و لاواز بوو.

بایدن هەوڵی دەدا بۆ خەڵكی ئەمریكی قسە بكات. بەڵام ترەمپ بۆ بایدن قسەی دەكرد. چاودێران دەڵێن ئافرەتان بە تایبەتی زیاتر دژ بە ترەمپ دەبن لە پاش ئەم دیدارە.

ترەمپ بێ پلان و بێ بەرنامە دەردەكەوت. لە ڕاستیدا شەڕی ڕاستەقینەی ئەو دژ بە چەپی توندڕەبوو، كە لە ساندەرسدا خۆی دەبینێتەوە، بۆیە ساندەرس ئامادەیی زۆربوو لە دیبەیتەكەدا. چونكە چەپی توندڕەو جەمسەری بەرامبەری ڕاستی توندڕەوە.

سەرەتا گومانی ئەوە هێنرایە ئاراوە كە ڕەنگە جارێكی تر دیبەیت نەكەن، بەڵام ئەگەری زۆرە بكرێت، چونكە ئەگەر بایدن بكشێتەوە ئەوا ترەمپ بە دۆڕاو و شكستخواردوو ناوی دەبات. دیبەیتەكە، كە نزیكەی ١٠٠ ملیۆن كەس لە ئەمریكا تەماشای كرد، ڕوداوێكی ناشیرین بوو لە مێژوی دیموكراسی ئەمریكیدا و نمونەیەكی ناشیرینە بۆ دونیا، كە زۆرجار بە ئاگایی و بێئاگایی لاسایی ئەمریكا دەكاتەوە.