باوکە گیان سڵاو...

03-10-2020 12:26


چەند رۆژێکە بیر لەوە دەکەمەوە هاتمە خزمەتت چیت پێ بڵێم و چیت بۆ باس بکەم! کوردستان وەک سەردەمی تۆ نەماوە؛ بارودۆخ خراپە و گوزەرانی خەڵك باش نییە.

ئەم بەیانییە تەماشای هەندێک لە وێنەکانتم دەکرد لە هەموویاندا گەشبین و دەم بە پێکەنین بووی، بیرم لەوە دەکردەوە سیحری ئەوە لە چیدایە کە لە ساتە ناخۆش و تاریكەکانیشدا هەر بە هیوا و ئومێدەوە دەتڕوانییە داهاتوو؟ بیرم لەوە دەکردەوە بۆچی بەر لەوەی نەخۆشی بە یەکجاری لە سیاسەت دوورت بخاتەوە، نەک تۆ، بەڵکو هەموو کورد بە هیوا و بە گەشبینییەوە ئەیانڕوانییە ئایندە؟

پێموایە هۆکارەکەی ئەوەبوو؛ تۆ لە ڕێبازی خۆت دڵنیابووی، گەلیش متمانەیان پێت هەبوو. ڕێبازی تۆ هەوڵدان و لێبڕان و ماندوو نەناسی بوو لەپێناو ئازادی و بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەر لەبەر ئەمەش بوو هەر کاتێک کێشە و قەیرانێک هەبوایە چارەسەرێکت پێ بوو كە هەمیشە لە بەرژەوەندی گشتیدا بوو نەک لە بەرژەوەندی تایبەتی هیچ كەس و لایەنێك.

ڕێگای تۆ رێزگرتنە لە بیرکردنەوە و بۆچوونی جیاواز. ئەوانەی ڕەخنە قبوڵ ناکەن و پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی و هەڕەشە و سوکایەتیکردن بە دڵنیاییەوە دوورن لەبیر و بۆچوونی ئازادیخوازانەی تۆ.

میراتی تۆ كێبەركێی تەندروستیی سیاسییە، رێزگرتنە لە نەیار و ڕكابەر، هەوڵدانە بۆ یەکێتی و یەکڕیزی گەلی کورد، كۆكردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان، رێز گرتنە‌ لە‌ سیمبولە‌كانی نیشتمان، بەڵام بە داخەوە لەو کاتەوە تۆ جێتهێشتووین زیاتر پەرش و بڵاوین و وەك جاران یە‌كڕیز نین.

ئێستا کە سێ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی تۆدا تێپەڕدەبێت بەڵێنت پێ دەدەم تا مردن لەسەر رێبازی تۆ بەردەوام دەبم. هەرچەندە لەلایەن خەڵکانێکی مافیا ئاسا و پیسخۆر و گەندەڵەوە رێگری زۆر دەخرێتە بەردەمم، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە بە هەموو توانامەوە هەوڵ دەدەم خزمەت بەخەڵكی كوردستان بكەم.

باوکە گیان..

بەڵێنت پێدەدەم وەک تۆ شەڕ لەپێناو ئازادی گشتی و ئازادی بیروڕا دەکەم. وەک تۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووس و رەخنەگران و نووسەران دەکەم و بەرگریكاری مافی ژنان دەبم.

دڵنیابە لەگەڵ دڵسۆزانی راستەقینەت لە ئێستا بە دواوە بە گوڕوتینی زیاترەوە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئامۆژگارییەکانت تێدەکۆشین بۆ چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی و یەکێتی ناو ریزەکانی یەکێتی و یەکێتی ریزەکانی کورد. دەزانم لەم ڕێگەیەدا تووشی ڕێگری و ناخۆشی و کۆسپی زۆر دەبین، بەڵام بە شانازییەوە هەرچی ناخۆشی و سەختییە قبوڵی دەکەین و چی لە بەرژەوەندی گشتی دا بێت ئەوە دەکەین.

کوڕی خۆت
قوباد