دۆناڵد ترامپ، لە سەرۆكایەتی ئەمریكا بمێنێتەوە، بۆ كورد باشترە!

02-11-2020 01:59

نووسینی: د. ڕێبین سۆفی

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لە سەر تەواوی گەلانی جیهان و دەوڵەتەكانیان دادەنێ، بۆیە هەرلایەك دەخوازێ كامە كاندید لە بەرژەوەندی ئەوە، ئەو دەربچێ. كوردیش، هەمان خۆزگەی هەیە. من دەرچونەوەی دۆناڵد ترامپ لەو هەڵبژاردنەدا لەبەرژەوەندی كورد دەبینم. سیاسەت و بیركردنەوەی ئەو بە ناڕاستەوخۆ لە خزمەتی هەموو كوردە، چونكە، دژایەتی داگیركەرانی كوردستان و تیرۆری ئیسلامی دەكات.

بە پێشبینی خۆم، دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا لە جۆبایدن دەباتەوە. ترەمپ، لەهەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٦) پشتی بە داتاكانی كۆمپانیای كامبریدجی بەریتانی بەست، بەهەزاران داتای لەسەر هەموو تاكێكی ئەمریكی بە دەست كەوت، ئەو كۆمپانیایە ئەو هەموو داتایانەی لە گەورە كۆمپانیاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كریبوو. بەمجۆرە، ترامپ توانی بیروبۆچونی بەشێكی زۆری ئەمریكیەكان بزانێت خۆی لە گەڵیان هاوڕا بكات و لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاریان بهێنێت. هەروەها، ترامپ لە چوار ساڵی حوكمڕانی خۆیدا، تاڕادەیەك بە كردەوە خزمەتی خەڵكی وڵاتەكەی كردوە. بەتایبەتی، لە ڕووی ئابووری. لەبەرئەوەی، خۆی لەبنەڕەتدا بازرگان بوە، ڕۆڵێكی گرنگی بینی لە بەهێزكردنی ئابووری ئەمەریكا. پێش كۆرۆنا لە چەندین بواری ئابوری ژمارەی پێوانەیی شكاند. هەروەها، هەلی كاری زۆری بۆ خەڵك ڕەخساند. هەروا، پشتیوانی كەرتی تایبەتی كرد و گەلێك شتی تریش. لەگەڵئەوانەشدا، ڕێگری لە هاتنی كۆچبەری نایاسایی بۆ ناو وڵاتەكەیان كرد. لە سیاسەتی دەرەوەش، وا خەریكە پەیوەندی دەوڵەتانی عەرەب- ئیسرائیل ئاسایی دەكاتەوە. بەمەش لۆبی ئیسرائیل و بەشێكی عەرەب لەناو ئەمەریكا لەو هەڵبژاردنە پشتیوانی لێدەكەن. لە مەسەلەی كۆریای باكوور بە ئەرێنی بۆی شكایەوە. لەوانەش گرنگتر، ئەگەر لە كاتێكی زوودا ڤاكسینی (كۆڤید ١٩) ڕابگەیەنێ سەركەوتنێكی تریش بۆ خۆی تۆمار دەكات. لەبەرامبەردا، جۆ بایدن لە ناو حزبی دیموكرات، سیاسەتمەدارێكی كۆنی تەقلیدیە درێژكراوەی سیاسەتی ئۆبامایە، لە حزبەكەی خۆی زیاتر ڕەنگە خەڵكە گشتییەكە كەمتر دەنگی پێبدەن. بەڵام، ترامپ جگە لە حزبی كۆماری، جەماوەری غەیرە حزبیش دەنگی دەدەنێ. كەواتە، بەپێی ئەو فاكتەرانە بێ، ترامپ ئەگەری بردنەوەی لە دۆڕانی زیاترە.

لە ڕاستیدا، ترامپ بۆ كورد باشترە، چونكە دژایەتی ئێران و توركیا و سوریا دەكات. بایدن خراپ نیە، بەڵام وەك ترامپ دژایەتی ئێران و توركیا ناكات. ئەوە ڕاستە بایدن سیاسەتی جێگیرترە، شارەزاییەكی زیاتری لەسەر مەسەلەی كورد هەیە، بەڵام (٣٦) ساڵ سیناتۆر بوە و دوو خول جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بووە، شتێكی بەرچاوی بۆ كورد نەكردوە. ترامپ، ئەگەرچی لەبنەڕەتدا سیاسەتمەدار نیە، كەسێكی دەمدەمیە، ئەوەبوو لەسوریا ماوەیەك پشتی كوردی بەردا و جێیهێشتن، كەچی دواتر هەندێ لە سیناتۆرەكانی دۆستی كورد، بەتایبەتی ئەوانەی حزبی كۆماری لەو سیاسەتەی پاشگەزیان كردەوە، چونكە حزبی كۆماری لە دیموكراتەكان زیاتر دۆستی كوردن. بەكورتی، ئەوەی دەمەوێ بیڵێم: ترامپ، بەكردەوە دژی ئێران و توركیاو سوریایە، كە هیچیان مافەكانی كورد ناسەلمێنن، بۆیە لاوازكردنیان لە ڕێگەی سیاسەتی ترامپەوە، ناڕاستەوخۆ خزمەتی مەسەلەی كورد، لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەتایبەتی و پارچەكانی تری كوردستان بە گشتی دەكات.

جێی باسە، ترامپ لە هەموو جیهاندا بەڕاستی دژایەتی تیرۆری ئیسلامی دەكات، (دیارە مەبەستم لە دژایەتی كردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام نیە). بەڵام جۆبایدن بەوجۆرە نیە. حزبی دیموكرات لە ساڵی ( ١٩٧٩)وە پشتیوانی ئیسلامی توندڕەو دەكات. لەسەردەمی جیمی كارتەر پشتیوانی لە تاڵیبان كرد. ئەوان ئوسامە بن لادنیان دروست كرد، كە پێشتر ئیخوان بوو. تەنانەت ئەو حزبە حەزی دەكرد خیلافەی ئیسلامی لە ناو جیهانی عەرەبی حوكمڕانی بكات. ڕاستە لەسەردەمی ئۆباما ئوسامە بن لادن گیرا، بەڵام ئێستاش نازانرێ كوژراوە یان لە ژیاندایە! ئیخوانەكان كە بنچینەی توندڕەوەكانی ئیسلامین بە پشتیوانی حزبی دیموكراتی ئەمەریكا، بەسەرۆكایەتی ئۆباما، لە بەهاری عەرەبی، كە لە تونس و میسر و یەمەن و سوریا و لیبیا ڕویاندا، جلەوی دەسەڵاتیان كەوتە دەست. توندڕەوەكانی ئیسلامی لە سایەی بەهاری عەرەبیدا لیبیا و یەمەن و سوریایان وێران كرد. لە كاتێكدا، هەموومان دەزانین كورد بەهەموو پێكهاتە ئاینیەكانیەوە لە نیشتمانی خۆیدا قوربانی توندڕەوی ئیسلامیە. ئەنسارولئیسلام و جوندولئیسلام و قاعیدە و بەرەی نوسرە و داعش چ كارەساتێكی مرۆییان بەسەر كورد هێنا. حزبی دیموكراتی ئەمەریكا كە ئەمڕۆ جۆبایدن نوێنەرایەتی دەكات، وەك ترامپ دژایەتی ئیسلامی توندڕەو ناكات، بەفەرمانی ترامپ بوو ئەبوبكر بەغدادی سەركردەی داعش كوژرا. بەمانایەكی تر، كورد لەناو چوار دەوڵەتی ئیسلامی دەژی، هەمووشیان گرووپی توندڕەو و تیرۆرستی ئیسلامیان تێدایە، هەمیشە هەڕەشەش دەكەن، ئەگەر زلهێزێكی وەك ئەمریكا، لە ڕێگەی سەرۆكێكی وەك ترامپ دژایەتیان نەكات، خەڵكی كوردستان ناتوانن بە ئارامی بژین.

لەوەش زیاتر، ترامپ، لە سیاسەتی دەولیش وەك بایدن بیر ناكاتەوە. بایدن بەعەقڵیەتی سەردەمی شەڕی سارد بیر دەكاتەوە. زیاتر گرنگی بە ڕێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان و بڕیارەكانی دەدات. بۆیە باوەڕی بە نەتەوە یەكگرتوەكان و ناتۆ هەیە. كوردیش، جگە لە زیان هیچ خێری لە ڕێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان و بڕیارەكانی نەبینیوە. بەڵام، ترامپ هی سەردەمی جیهانگیریە و بیركردنەوەی جیاوازی هەیە، بۆ نمونە، لە مەسەلەی دانپێدانان بە قودس وەك پایتەختی جولەكە، كە ناوەندی (ململانێی ئیسلام و جەلەكەیە) لەوەدا، سنووری بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكانی بەزاند. بە هەمانشێوە، زۆر گرنگی بە ناتۆش نادات. چونكە پێی وایە نەتەوە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانی ناتۆ بەرهەمی شەڕی ساردن، بە كەڵكی ئەوسەردەمە نایەن. دیارە، وەك دەزانین، نەتەوە یەكگرتوەكان لەكاری مرۆیی زیاتر چیتری بۆ كورد نەكردوە! توركیاش ئەگەر لە هاوپەیمانی ناتۆ نەبوایە سوپاكەی بەئاسانی نەیدەتوانی كورد و خاكەكەی بەو دەردە ببا. بەهەرحاڵ، بیركردنەوەی ترامپ واقیعی ترە، ئەگەر كورد بتوانێ لە بەرژەوندی خۆی بەكاری بێنێ.

لە كۆتاییدا، كورد دەڵێ: دۆستی دۆستم دۆستمە، دوژمنی دوژمنم دۆستمە. بەو پێوانە بێ، ئەمریكای سەردەمی ترامپ دۆستێكی گەورەی كوردە. بۆیە بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا بە بردنەوەی كورد دادەنرێ.