تاڵەبانییەك دەگەڕێتەوە بەغدا؟

03-11-2020 05:52

نووسینی: ڕێبوار كەریم وەلی

ماوەیەكە مێدیاكانی نزیك لە سەرۆك بەرھەم ساڵح، ناو بەناو دەمی پارتی تاقیدەكەنەوە؛ ئێران ھەوڵی لادانی بەرھەم ساڵح دەدات... بەھۆی نزیكیی بەرھەم ساڵح لە لاھور شێخ جەنگی، پارتی دژایەتیی بەرھەم ساڵح دەكات و....زۆر شتی دیكەش. پارتی بێدەنگە.
*
جارێ گۆڕینی بەرھەم ساڵح لەم ئانوساتەدا زەحمەتە، بەڵام پێدەچێ ئەو شین و شەپۆڕە بۆ دوای ھەڵبژاردنەكان بێت كە مەبەست لێی ئەوەیە پارتی بێتە قسەو لاھوریش ھان بدات كە لە ڕقی پارتی، پشتی بەرنەدات! بەرھەم ساڵح پشتیوانێكی ئەوتۆی لەناو یەكێتیدا نەماوە.
*
ئەلبەتە پارتی لە بەرھەم ساڵح بەداخە و ئەگەر بۆی بلوێ، قسوری لە لادانی ناكات؛ پارتی جارێك لەسەر شێوەی ھەڵبژاردنەكەی و جارێكیش لەسەر ملشكاندنی عادل عەبدولمەھدی لێی بە ڕقە، بەڵام ھێشتا ئەو دەرفەتە لە ئارادا نییە.
*
ڕاستییەكەی ئێران لە بەرھەم ساڵح متمانەپێكراوتریان نییە؛ دەزانن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە چییان بوێ بۆیان دەكات. ئەو موقاوەمەتەی سەرۆك لە مەككە نیشانی دا، مەگەر ئیمامی عەلی لە خەیبەر نیشانی دا بێت! بەڵام ھەم ئێران و ھەم ئەمریكاش كەسێكیان لە بەغدا دەوێ كە لانیكەم حزبێكی ھەبێ و یەكێك لە پشتییەوە بێت.
*
پارتی بە حوكمی ئەوەی بۆ ھاوكێشەی ناوخۆیی خۆی پێویستیی بە پۆستی سەرۆكی ھەرێمە(كە ماوەیەك مێدیاكانی بەرھەم ساڵح ئەو قسەیەشیان فڕێ دا كە گوایە نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆكی عێراق)، ناكرێ داوای پۆستی سەرۆكایەتیی عێراق بكات. بۆیە ئەو پۆستە ھەر لای یەكێتی دەمێنێتەوە.
*
لە قوباد، لاھور و بافڵ، بۆ خولی داھاتوو، دەبێ یەكیان جێگەی بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرۆكایەتیی عێراق بگرنەوە. ئەوە چارەسەری بەشێك لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی و ھاوكات ھی یەكێتی و پارتیش دەكات.