لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانیدا

04-01-2021 08:55

نووسینی: رێبوار کەریم وەلی

*شەوی ٢٥ لەسەر ٢٦ ی ئەیلول.
*ساڵ ٢٠١٨.
قاسم سلێمانی لە ھەولێرە.
*پارتی سورە لەسەر ئەوەی دەبێ کاندیدەکەی(د.فوئاد حوسێن) ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق.
*شوێنی دانوستان ماڵی كۆسرەت رەسوڵە لە ھەولێر.
*باڤڵ تاڵەبانیش بێ ئەوەی بانگ کرابێ لەوێیە.
*وەفدێکی پارتی بەسەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی دەگەنە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ.
*حاج قاسمیش دێت.

*بافڵ تاڵەبانی خۆی ھەڵدەداتە سەرقاچەکانی نێچیرڤان بارزانی و لێدەپاڕێتەوە کە رێگە بدەن بەرھەم ساڵح ببێتە سەرۆک کۆمار. ئەگەر ئەو بەرھەم ساڵح بکاتە سەرۆك کۆمار، ھەم سکرتاریەتی یەکێتیی بۆ بە میرات بەجێ دەمێنێت و ھەمیش رێشمەکەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری دەکەوێتە دەست.

*بافڵ ئاخیرەکەی سیعری لەسەر ھەمووی دانا. کۆسرەت رەسوڵ بە سەت ملیۆن دۆلار نەیفرۆشت.


*حاجی دەڵێ مادام پارتی رازی نییە، ئەویش پشتگیریی بەرھەم ساڵح ناکات.


*حاجی ئەو شەوە لە ھەولێر بەسەر دەبات تا سێی بەرەبەیانی ٢٦ی ئەیلول، بەڵام نەک لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ.


*ھەمووان وا دەزانن وەرەقەی بەرھەم ساڵح سووتاوە! تازە حاجی بڕیاری داوە...


*ئەو بەیانییەی کە وەفدی یەکێتیی دۆڕاو و پارتیی براوە! بەرەو بەغدا بەڕێوە بوون، بەرھەم ساڵح میوانی موقتەدا سەدر بوو لە نەجەف!


*بافڵ بەرھەمی بە حاجی فرۆشتبوو، زەرەر لە نیوە بگەڕێتەوە!...کار برھم تمام شد.


*کۆسرەت رەسوڵ بۆ ھەڵگێڕانەوەی ھاوکێشەکان بەرھەم ساڵحی نەفرۆشت، سیعرەکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلاربوو!


*ئەمریکا لەسەر خەت بوو. نزیکەکانی بەرھەم ساڵح ھەموو دەیانزانی کە حاجی و بریت مەکگۆرک لە مێرگەپان، پلانی ١٦ ئۆکتۆبەریان موسادەقە کرد. بۆیە دەبوو ببێ.


*ئێران و ئەمریکا لە لایەک و بەریتانیای عوزما لە لایەکەی دیکەوە، کڵاوێکی حەسیریی باشیان لەسەر ساویلە سەربەخۆییخوازەکانی ناو پارتی نا؛ پێیانوابو ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ وەحدەی وەتەنی، ئەمریکا و ئێران لەسەر سەری خۆیانیان دادەنێنن!!! بەرھەم ساڵح نیوەی ئێران و نیوەی ئەمریکای لەگەڵ بوو. حاجی لە ھەقیقەتدا، ھەمووانی ھەڵپەڕاند.


*کۆسرەت رەسوڵ بۆ ھەڵگێڕانەوەی ھاوکێشەکان، چاوپۆشی لە پارە و ئێرانییەکان کرد. وایزانی بەرھەم ساڵح پیاوی ئێرانە، بەڵام نەیزانی ستراتیژیستی سیاسەتی قوڵی ئێران و ئەمریکایە لە ناوچەکەدا بۆ ئەو قۆناغە. بەوەش نەک ھەردووکی، بگرە پارتیشی دۆڕاند.


*ئێ ! ئێستا لە ساڵوەگەڕی حاجیدا، ئەوجا شێخ نەھرۆی کوڕی شاھی کەسنەزان...


*تەقەکردن لە ماڵەکەی لەلایەن حیمایەکانی فەخامەت و دواترێ داوای لێبوردنی فەخامەت و چوونە بەرپێی لە ماڵەكەی، ھاوكاتە لەگەڵ دەنگۆی ئەوەی کە کوڕی شاھی کەسنەزان و بڕبڕەی پشتی تەریقەتی قادری و تەکیەی تاڵەبانی(کە ھەوڵ دەدرێ لە سلێمانی بەدەر بکرێت) کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکی داھاتووی عێراق.


*ئیتر حاجی تۆڵەی دەکرێتەوە یان نا؟ ئەوە شتێکی دیکەیە. ئێران ئامادەیە ھەزار حاجی و شوێنکەوتووی حاجی بکاتە قوربانیی مانەوەی خۆی.


*بۆیە شێخی کەسنەزان لە خۆڕایی ناچێتە بەر ماڵی شێخی نەقشبەند. ئامادەیە ماڵ و تەکیەشی بباتە ھەولێر! بۆیە دەڵێن نەکەی یا شێخ با سلێمانی بکەینە نەجەف.


*پێدەچێ ھەم بۆ ئێران و ھەم بۆ ئەمریکای دوای حاجی و ترەمپ، سەمامێکی دیکەی ئەمان لە غیابی ئەحفادی تاڵەبانی(بە تایبەتیش کە گەورە کوڕی تاڵەبانی بەیعەتی پێداوە)، بە دوای جێپێیەکدا بێت لە کۆشکی سەلام. شێخ لە سلێمانی دەمێنێتەوە؛ چەندی زەویی دەوێ با داگیری بکات!


*بۆ ئێران، ئەمریکا، سوننە و پارتی کوڕی شاھی کەسنەزان نەک عەیبی نییە، بگرە دووشەشیشە.


*بۆیە رێبازی حاجی بەردەوامە. ئەگەر بەرماڵەکەی لە مەخمورە، ئەوا بەردەمۆرەکەشی لە واشینگتۆنە.