بایدن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەتا ئێستا!

11-02-2021 10:44

نووسینی: د. سەردار عەزیز

پاش دەست بەكاربونی لە چەند هەفتەی ڕابوردودا، بایدن كۆمەڵێك هەنگاوی ناوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەكێك لە خەسڵەتە هاوبەشەكانی هەموو هەنگاوەكانی، توڕەكردنی زۆربەی هێزەكانە لە ناوچەكەدا. هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئێران و ئەمریكا لە دانوستاندان، بەڵام ئەگەر شیكاری بۆ لایەنە ئاشكراكەی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریكا بكەین ئەوا بەرەو گرژی دەچێت نەك ئاساییبونەوە. چونكە بایدن دەیەوێت لە سەر ئەو بنەمایە كار بكات كە ترەمپ پێی گەیشت، ئێرانیش دەیەوێت ئەمریكا هەموو هەنگاوەكانی ترەمپ سفر بكاتەوە.

لە هەمانكاتدا بایدن سعودیەی توڕە كردوە بە مامەڵەی لە گەڵ یەمەندا، هەروەها بە باسكردنی مافی مرۆڤ. پرسی مافی مرۆڤ ئەگەر بێتە ئاراوە بە جدیی ئەوا دەبێتە هۆی ڕوخانی سعودیە. وەك چۆن پێداگریی كارتەر لە مافی مرۆڤ شای تەفروتونا كرد. لە نێوان ئەمریكا و توركیادا هیچ ئاماژەیەك بۆ باشبونی دۆخەكە نیە، بگرە ئاماژەكان زیاتر بەو ئاقارەن كە ئاڵۆزتر دەبێت. هێزێك كە ڕەنگە زیاتر لە هەموو توڕەبێت ئیسرائیلە. ئیسرائیل دژ بە ئایدیای دانوستانە لە گەڵ ئێراندا. كە باسی ئەم هێزانە دەكەم، ئەمانە ئەو هێزانەن كە لە ناوچەكەدا بە هێند وەردەگیرێن. شوێنێكی وەك عێراق، نە دەوڵەتە نە هێز، بۆ نمونە.

ئێمە دەزانین لە سەردەمی ئۆباماوە ئەمریكا ئامانجێكی هەیە، ئەویش كشانەوە لە ناوچەكە. بەڵام ئەمریكا بۆ ئەوەی بكشێتەوە، پێویستی بە ئەوەیە كە سیستمێكی هەرێمی لە ناوچەكەدا بهێنێتە ئاراوە. هەتا ئێستا ئایدیای جیاواز بەرهەم دێت، بەڵام سەركەوتو نەبوە. ئۆباما بڕوای وەهابوو كە دوو جەمسەری سوننە و شیعە دروست دەكات و لە نیوانیاندا جۆرێك لە نە شەڕ نە ئاشتی بەرهەم دێت. دیارە ئۆباما، وەك ڕۆشنبیرێك بەوە ناسراوبوو كە تاقەتی خەڵكی نەبوو. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پێویستی بەوەیە گوێبیستی زۆر لە قسەی هەلەق و مەلەق و سەركردەی نەخۆش و هێزی نەخۆش تر بیت.

پلانی ترەمپ وەهابوو كە ئیسرائیل بكاتە پۆلیسی ناوچەكە. هەندێك هەنگاوی نا لەم بارەوە، بەڵام كۆمەڵێك ڕێگری گەورە هەن لە بەردەم ئیسرائیلدا. ڕەنگە ئەگەر ئاشتی سوننە و ئیسرائیل زیاتر پەرە بسێنێت بتوانێت جەمسەرێك دروست بكات، لە ڕكەبەری جەمسەرەكانی تردا. كەمێك لەو بۆشاییە پڕ كاتەوە كە پێی دەڵێن نەبونی هێزی عەرەبی لە ناوچەكەدا. بۆ سەردەمێكی زۆر عێراق ئەم ڕۆڵەی دەبینی.
بەڵام هەندێك گەشەكردن هەیە دەبێت لە بەرچاو بگیرێت:

یەكەم، هەتابێت ناوچەكە بایەخی بۆ ئەمریكا و خەڵكی ئەمریكا كەم دەكات.

دووەم، ئەمە مانای وەهایە كە ئەمریكا و ئەمریكاییەكان كێشەیان نیە ئەگەر لە ناوچەكەدا ناسەقامگیری هەتا ئاستێكی زۆریش بونی هەبێت.

سێیەم، ئەگەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ڕكەبەری چین گرنگە، ئەوا رەنگە كارتی گەورەی ئەمریكا ئەوەبێت كە بیكات بە ڕیشی چینەوە، كە ئەویش ئەمەی ناوێت.