بەریتانیا لە یادی 30 ساڵەی ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین، تەئكید لە پشتیوانیی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

05-04-2021 11:16

 نووسینی: جەیمس كلێڤەرلی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا و ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا

ئادار مانگی خۆشی ناخۆشییە بۆ گەلی كورد. من دوو هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ ئێوە لە بەریتانیاوە وەك كوردانی هەموو جیهان ئاهەنگی سەری ساڵی كوردیم گێڕا، نەورۆزتان پیرۆزبێت! وە لە ١٦ی ئادار بۆ یادكردنەوەی ٣٣یەمین ساڵیادی تۆقێنەرترین و دڵڕەقترین كردەوە لە هەڵەبجە خولەكێك وەستام. وە ئاگادارم كە هەر لە ئاداردا بۆ یەكەم جار لە ساڵی ١٩٧٠ هەرێمی كوردستانی عێراق ئۆتۆنۆمی بەدەستهێنا.

بەڵام من بە دیاریكراوی لەسەر ڕووداوەكانی ساڵی ١٩٩١ دەوەستم.

من بەردەوام سەرسام بووم بەو هێزی بەرگریەی كە كوردەكان دژی سەدام حوسێن و هێزەكانی بەعسیان نیشانداوە، بەڵام هیچ گومانی تێدا نیە كەوا ئەم شۆڕشە پێویستی بە گیان بەختكردن هەبوە. ژمارەی ئەو كوردانەی بوونەتە قوربانی، ئەوانەی زیندانی كران وە ناچاركران كە ماڵەكانیان جێبهێڵن پێیان باشتربوو لەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژییەكی وەحشیگەرایی نادیار ببنەوە، پێویستە هەرگیز لەیاد نەكرێن. بەریتانیەكان و زۆرێك لە خەڵكانی تر لە جیهان بە ترسەوە سەیری كردەوەی هێزەكانی سەدامیان دەركرد لە هەرێمی كوردستان. سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی بەریتانیا، سێر جۆن مەیجەر، بڕیاریدا نابێت ڕێگە بدرێت ئەم كارە بەردەوام بێت.

لە ڕۆژی سەری ساڵی نوێی كوردی لە ١٩٩١، شانشینی یەكگرتوو دركی بەوە كرد كە ڕابەرایەتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات بۆ گەیاندنی وەڵامێكی یەكگرتوو بۆ ئەم توندوتیژیە. بە ڕازیكردنی هاوبەشە ئەوروپیەكانمان بۆ ئەوەی بێنە ناو بازنەكە و جۆن مەیجەر توانی پشتگیری ناتۆ بەدەست بهێنێت و ئیدارەی جۆرج بۆشی دووەم ڕازی بكات لە ئەمریكا بۆ ئەوەی كە هاوپەیمانێتییەك دروست بكرێت.


ئەم هەوڵانە، لەگەڵ هاتنەناوەوەی فەڕەنسا، ئێران و توركیا وە لە كۆتاییدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری ٦٨٨ی دەركرد- ٣٠ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ. ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو كە بووە ئەنجامی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی پەناگەی ئارام/ئۆپەراسیۆنی دابینكردنی ئاسوودەیی. دۆستایەتی و هەڵوێست لە كاتە هەرە پێویستەكاندا بەدیاركەوت. بەریتانیا و ئەمریكاو فەڕەنسا وە حەوت ئەندامەكەی تر بە شانازییەوە دۆستایەتی كوردیان هەڵبژارد لەو كاتەی كە كورد زۆر پێویستی بەو هەڵوێستە هەبوو.

لە ٦ی نیسان ئۆپەراسیۆنی ناوچەی ئارام دەستپێدەكات، كاتێك فڕۆكەكانی بەریتانیا و ئەمریكا و فەڕەنسا دەستیان كرد بە جێبەجێكردنی ناوچەی دژە فڕین لە باكوری عێراق. لەژێر سەركردایەتی ئەمریكا، بەریتانیا هێزی زەمینی نارد بۆ پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و ئاسانكاریكردن بۆ گەیاندنی هاوكاری مرۆیی، كە زۆربەی هێزەكە پێكهاتبوون لە مارێنزی شاهانە لە ٣ لیوای كۆماندۆز. تەنها لە ماوەی سێ مانگ، هێزەكانی زەمینی كاریان كرد بۆ ڕەواندنەوەی هەڕەشەكان و دابینكردنی ناوچەیەكی ئارام بۆ كوردەكان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و دووبارە بنیاتنانەوەی كۆمەڵگاكەیان.

من دەزانم كاریگەریی ئەم ئۆپەراسیۆنانە تا ئێستاش هەستی پێدەكرێت لە هەرێمی كوردستانی عێراق. نزیكەی ٢٠ ساڵە كە ڕژێمی سەدام ڕووخاوە و ئێوە هەرێمێكی هاوچەرخ و سەركەوتووتان دامەزراندووە. من ئەمەم بە چاوی خۆم بینی كاتێك كە سەردانی هەرێمی كوردستانم كرد لە دیسێمبەری ڕابردوو. سەرسام بووم، كاتێ چاوم بە سەركردە كوردەكان كەوت و بینیم كە ئێوە چەندە گەشبینن و ئومێدتان بە گەلەكەتانە لە بەرامبەر ئاڵەنگارییە بەردەوامەكان. ئەو ئومێد و خۆڕاگرییە دەسكەوتێكی مەزنە بۆ باشتر بنیاتنانەوە لەدوای كۆڤید19، وە هەروەك ڕێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغداد بە ئەنجام گەیشت، ئێمە لەگەڵ هەردوولاتان بەردەوام دەبین. كاتێ كە من لە یەكەم سەردانم و یەكەم دیدارم لەگەڵ سەرۆك وەزیران بەڕێز مەسروور بارزانی، دووپاتم كردەوە كە هەرێمی كوردستانی عێراق چەندە جێگای بایەخە بۆ بەریتانیا و پابەندبوونی خۆمان لە هەوڵەكان و پاڵپشتیمان لە بوارەكانی ئەمنی و بەرگری بۆیان دووپات كردەوە.

بەریتانیا، لەوەتەی لە ساڵی ١٩٩١ەوە، وەك دۆستێكی گرنگی هەرێمی كوردستانی عێراق ماوەتەوە. كونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر لە زۆر باڵیۆزخانەكانی بەریتانیا لە سەرتاسەری جیهان گەورەترە‌و تیمەكەمان كار لەسەر هەموو ڕەهەندەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردی دەكەن. پەیوەستبوون و پاڵپشتیكردنمان بەتایبەت بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. ئێستا چەندین ئەفسەری هێزەكانی پێشمەرگە مەشقیان پێدەكرێت لە ئەكادیمیای سەربازی شاهانەی ساندهێرست، ئەكادیمیای پێشەنگی جیهانی ئەفسەران لە بەریتانیا. وە هەروەها تیمێكی هەمیشەییمان هەیە لە هەولێر بۆ پێدانی ڕاوێژی تەكنیكی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بە مۆدێرنكردن و چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگە، كە دەبێتەهۆی بەردەوام پاراستنی ئاسایشی هەرێم لە بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر چەندین نەیار و ئاڵەنگارییەكان. ئێمە هەرگیز ڕۆڵی پێشمەرگە لەیاد ناكەین كە لەبری هەموومان لە هێڵی هەرە پێشەوەی بەرگری دابوون لە دژی داعش، وە بەردەوام هاوكار بوون بۆ دەركردنی داعش لە ناو هەموو خاكی عێراق. ئەمڕۆ، ئەوان وەك هاوبەشێكی گرنگی ئێمە دەمێننەوە بۆ نەهێشتنی هەڕەشەكانی داعش‌و دڵنیاییدان كەوا تیرۆریستان ناتوانن بگەڕێنەوە. لە پێداچوونەوەمان بە سیاسەتی دەرەوە كە لەم دواییانە ئەنجاممان داوە ڕوونمان كردۆتەوە، ئێمە هەنگاوی زۆر بەهێز و كاراتر دەگرینەبەر لە بواری ئاسایش و بەرگری، كە پارێزگاری لە هەموومان دەكات، وە زیادكردنی شایستەی بواری سەربازی بە ڕێژەی ٢.٢٪ی داهاتی نیشتیمانی.

ئەم پاڵپشتيیە بەردەوام دەبێت، وە من زۆر سوپاسگوزارم كە بە چاوی خۆم بینیم كە چەندە هەرێمی كوردستان و بەریتانیا لەیەكەوە نزیكن. وەك وەزیرێك لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا وە بەرپرس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، من دڵنیایی دەدەم كە ئەم پەیوەندی و دۆستایەتییە هاوبەش و دوولایەنە نزیكە، پشتگوێ نەخەم. بەریتانیا ئێستا قەرزارباری كوردێكە- نەدیم زەهاوی، وەزیری پێكوتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بە ڕەچەڵەك كوردە و هاوڕێیەكی نزیكمە، بەردەوام دەبێت لە پێشەنگبوونمان لەسەر ئاستی جیهان لە دابینكردنی پێكوتە.

ئەمڕۆ ساتەوەختێكی گرنگە بۆ یادكردنەوەی كە چۆن بەریتانیاو هاوپەیمانەكانمان یەكیان گرت بۆ دابینكردنی ناوچەیەكی ئارام بۆ كوردەكان كە شایستەی بوون. بە ئەندازەی گرنگی یادەكە بایەخ دەدەم بەو داهاتووە پڕشنگدارەی هەیە لە نێوانماندا.