بێبەهاكردنی ژیان و پیرۆزكردنی مردن لە ململانێیەكاندا

23-04-2021 04:55

د. كامەران مەنتك

مردن پڕۆسەیەكی سروشتیە، لەگەڵ پڕۆسەی لە دایكبووندا لە دایكدەبێت، لەنێوان لە دایكبوون و مردندا هێڵێكی باریك هەیە، كە پێی دەگوترێت ژیان، كاروانی گەشەسەندنی مرۆڤ لەسەر ئەو هێڵەدا بەڕێوەدەچێت، گەمە سیاسیەكانیش بە هەمان شێوە لەسەر هەمان هێڵ دەگوزەرێن و هەندێك دەیانەوێت لەپێناو درێژەپێدان بەو قۆناغەو هێنانەدی بەختەوەری، مردن وەك ئامڕازێك لەپێناو مانەوەی خۆیان بەكاربهێنن، بەڵام مردنی خۆیان نا بەڵكو مردنی خەڵكانی تر!. بۆیە مردن، كە خاڵی كۆتایی ژیانێكی سروشتیە و گەڕانەوەیە بۆ دۆخێكی ترو گەڕێكی تر، زۆرینەی هەرەزۆری مرۆڤەكان لێی دەترسن، لەبەرئەوەی سروشتی مرۆڤ وایە لە هەموو ئەو شتانە دەترسێت، كە ئەودیو پەردەكەی لا ڕوون نییە!. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ترسە زۆرجار جوان دەكرێت و هانی خەڵك دەدرێت بۆئەوەی لەجیاتی درێژەپێدان بە ژیان بەخۆشحاڵیەوە نەك تەنیا بەرەو مردن هەنگاو بنێن، بەڵكو بەكارێكی پڕ شكۆو قارەمانانەشی ببینن.

ئەو جۆرە مردنە لە ئاینەكان و كەلتوورە شۆڕشگێڕییەكاندا زاراوەی شەهیدبوونیان بۆ داناوە، ئەو زاراوەیە بەشێوەیەك پیرۆزكراوە، كە وا لە خەڵك دەكەن بە ڕاكردن بەرەو مردن هەنگاو بنێن، كە ئەمە پێچەوانەی سروشتە، لەبەرئەوەی پڕۆسەی ژیان دەكەوێتە سەر ئەو هێڵەی لەنێوان لەدایكبوون و مردندا هەیە، بۆئەوەی پڕۆسەكە بەشێوەیەكی سروشتی بەڕێوەبچێت، بنەماكە ئەوەیە مرۆڤ بەشێوەیەكی سروشتی هەنگاوەكانی دوای لەدایكبوون ببڕێت و بەسەر هێڵەكەدا ڕەتبێت تا دەگاتە خاڵی كۆتایی، واتە مردنەكە، كورتی و درێژی هێڵەكە، واتە ئەو ڕێگایەی لەنێوان خاڵی یەكەم(لەدایك بوون) و خاڵی دووەم (مردنەكەدا) هەیە هیچ لەبابەتەكە ناگۆڕێت، لەبەرئەوەی ئەویش پڕۆسەیەكی پوختی سروشتەو هەندێك مرۆڤ بەهێزو هەندێكی تر بێهێزو هەندێك لەشساغ و هەندێكی تر بەكۆمەڵێك نەخۆشییەوە ژیان دەگوزەرێنن. ئەم دۆخە لەنێو هەموو بوونەوەرەكانی تر بەهەمانشێوەیە وەستاو(داروبارەكان) ‌و بزۆكیانەوە(ئەو بوونەوەرانەی تر، كە لەشوێنێكدا سەقامگیر نین، یا بەقاچەكانیان دەجوڵێنەوە یاخود بە باڵەكانیان دەفڕن، لەنێویشیاندا مرۆڤ).

ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لەو باسەدا ئەو یارییانەیە، كە لەسەر هێڵەكانی ژیان دەكرێت لەپێناو نزیك كردنەوەی مردن بۆ هەندێك كەس بە مەبەستی درێژكردنەوەی ژیانی هەندێكی تر. كەواتە بەشێك لە مرۆڤەكان هانی خەڵكانی تر دەدەن لەپێناو مانەوەو درێژكردنەوەی ژیانی ئەواندا بمرن، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ڕێگاو شێوازی جیاجیا بەكاردەهێنن و مردن لە پڕۆسەیەكی سروشتیی دەكەنە ئەفسانەیەكی پڕ لە قارەمانیەتی، لە هەمانكاتدا ئەگەر مردنی كەسانی تر نەكەوێتە خزمەتیان‌و درێژكردنەوەی تەمەنی ئەوان، ئەوا مردنەكە هێندە ناشیرین و قێزەون دەكەن، بەشێوەیەك نەكرێت مەڕاسیمی لەگۆڕنان و شاردنەوە وەك جەستەی مرۆڤێك بۆ كەسە مردووەكە ئەنجام بدرێت، وەك ئەوەی سۆفركلیس لە شانۆنامەی ئەنتگیونا باسی دەكات.

سیاسەتمەداران و سەرمایەداران و پیاوانی ئاینی، هانی مرۆڤەكانی تر دەدەن بۆ ئەوەی هێڵەكەی ژیانی خۆیان بپچڕێنن و لەپێناو گەیشتن بەو بەهەشتەی بۆیان دروست دەكەن و ئەو نیشتمانەی بۆیان دادەتاشن و ئەو ئازادیەی خۆیان لێیان زەوتكردوون، بمرن و ژیانی سروشتی خۆیان نەژین. واتە لەژێر دەیان بچم و ناوی جیا جیادا بەبێئەوەی بەخۆیان بزانن ژیانی خۆیان بكەنە قوربانی بەرژەوەندیەكانی ئەوان و لەپەنای بەهەشت و نیشتمان و ئازادیدا، ژیانی خۆیان لە پێناو مانەوەو خۆشگوزەرانی‌و بەرژەوەندییەكانی ئەواندا بەخت بكەن!.

بەداخەوە كەلتووری خۆشەویستكردنی مردن و خۆزگە خواستن بەمردن، لەناو كورددا ئێجگار بەهێزەو تەنانەت لەناو ئەدەب و ڕۆشنبیری و گۆرانی كوردیشدا ڕەنگی داوەتەوەو برەوی پێدراوە. كەم گۆرانیی هەیە ئەوەی تێدانەبێت، كە كاكی گۆرانیبێژ حەز نەكات كاتێك تێر لە باڵای یاری ڕادەمێنێت، گیانی شیرینی دەرنەچێت (ڕاستە مردن ناخۆشە، بەڵام ئاواتی منە!). ئەم بیركردنەوەیە ئەفسانەییە بێڕێزیكردنە بەرامبەر خودی پڕۆسەی ژیان، چونكە ژیانە سروشتییەكە واناخوازێت لەیاری ڕابمێنێت و گیانی دەربچێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە وادەخوازێت، كە تاكۆتایی هێڵەكەی ژیان لەگەڵیدا بمێنێتەوەو بەو هۆیەوە بەختەوەری و ژیانێكی ئاسوودە بەدەست بێنێت!. كام گەنجی كورد هەبووە خەون بەوەوە نەبینێت لەسەر چیایەكەوە وەستابێت و تفەنگی لەدەست بێت و بەرگری لەوڵاتەكەی بكات و لەولاشەوە یارەكەی چركەساتی مردنەكەی ببینێت!. بڕۆ ناو چیرۆك و ئەفسانەو لاوك و حەیران و گۆرانیی كوردی بەدەیان نمونەی لەو بابەتەت بەرچاو دەكەوێت.

لەڕاستیدا ئەوە نەخۆشییەكە لەبیركردنەوەو پێویستی بەچارەسەر هەیە، بەرامبەر ئەوەی، كە چین و توێژو خەڵكانی سیاسەتمەدارو بەناوئایندار مردن خۆشەویست دەكەن، پێویستە ڕۆشنبیران و هزرمەندان مردن بخەنەوە چوارچێوەی پڕۆسە سروشتیەكەی خۆیەوەو ڕێگا نەدەن، هیچ كەسێك ژیانی كەسانی تر لەپێناو مانەوەو درێژەپێدان بەژیانی خۆی بەكاربێنێت، هێندەی پەیوەندی بە تاكی كوردیشەوە هەیە، دەبێت هانبدرێت و فێری هونەری ژیان بكرێت نەك هونەری مردن، لەبەرئەوەی تاوەكو لە بەهای ژیان تێنەگات هەرگیز ناتوانێت بەهای مردنەكەی بزانێت، چونكە ئەمانە هەمووی بەیەكەوە كۆی پڕۆسەیەكی تەواوە، (لەدایكبوون، ژیان و ئینجا مردن)، بەم چەشنە ژیان دەكەوێتە پێش مردنەكەو ئاسایی دەبێت ئەگەر لەپێناو مانەوەو ژیانەكەدا مردنیش هەڵبژێردرێت، ئەوكاتە بابەتەكە دەكەوێتە دووتوێی خەباتكردن لەپێناو مانەوەدا نەك مردن لەپێناو ژیانی فریوبازو سیاسیی پیاوە ئاینیی و ئایدیۆلۆژیستە ساختەچیەكانەوە!.