!دەستور بەرامبەر پۆست

!ئامانجی سەرەكی جموجۆڵە سیاسیەكانی ئەم دواییە چین؟
04-05-2021 01:13

نووسینی: هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

هۆشدارییەك بۆ مێژوو..

هیچ كات دژی یەكڕیزی نیشتیمانی نین بەو مەرجەی لەسەر بنەمای كۆمەڵێك ئامانجی نیشتیمانیی بێت و لە بەرژەوەندی و سودی هاوڵاتیاندا بێت، ئەمما ئەگەر ئەم جموجۆڵە سیاسییەی ئێستا ناونیشانەكەی یەكڕیزی و ناوەڕۆكەكەی دابەشكاری پۆستەكانی خولی داهاتوی پەرلەمان و حكومەت بێ لە بەغدا، كارەساتە.

چارەسەر لە گۆڕینی ڕیشەیی سیستمی سیاسی هەرێمدایە نەك باوەشكردنەوەیەكی نوێ بە یەكتریدا لەسەر حسابی خەڵك و هاوڵاتیان.

چارەسەری نەخۆشیەكانی حوكمڕانی هەرێم، بە جارێكی تر گەڕانەوە بۆ سەردەمی ڕێكەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی نابێ، دەبێ ستراتیژ گۆڕینی ڕیشەیی فەلسەفەی حوكمڕانی بێت لە هەرێمدا، لە سیستمێكی سیاسی حزبی و عائیلیەوە بۆ حكومەتی هاوڵاتی و حوكمڕانییەكی ڕەشید و یاسا سەروەر.

هیوادارم سیاسیەكانی كورد بە تایبەتی بكەرە سەرەكیەكانی، بە فعلی لەوە تێگەیشت بن كە چیتر ناتوانن بەم هەمو گەندەڵی و بەدكاری و عەقڵیەتە دواكەوتوە حزبی و عائیلیەوە حوكمڕانی بكەن.

هیوادارم تێگەیشتبن خەڵك لێیان بێزارە، بەڵام ناچارە. تێگەیشتبن حیكایەتێكیان نەماوە خەڵك متمانەی پێ بكا، دروشمێكیان نەماوە نەسوابێ. هیوادارم تێبگەن كە بێ گۆڕینێكی ڕیشەیی لە فكر و بەرنامە و كاریاندا خۆشیان و هەرێمەكەش دەدەنە دەست ئایندەیەكی نادیار و تاریك.

هیوادارم كۆی پڕۆسەی ئەم سەردان و هاتوچۆ و دیدار و كۆبونەوانەی كە دەكرێن لە هەرێم بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی بن نەك پڕۆسە و سەفقەی (دەستور لە هەرێم بۆ پارتی بەرامبەر پۆست لە بەغدا بۆ یەكێتی.)
یەكێتی ئەمە بكا، هەمان هەڵەی ستراتیژیی ساڵی ۲٠٠٥ دوبارە دەكاتەوە، كاتێك بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار هەرێمی لەسەر سینیەكی ئاڵتونی ڕادەستی پارتی كرد.

مافی خۆمانە گومان بكەین كە بۆچی لە ئێستادا پرسی دەستور هاوزەمانی هەڵبژاردنەكانی عێراق دێتەوەسەر ساحەی سیاسی، ئایا لە ئێستادا دەستور زەرورە یا گۆڕینی ئەم حكومەتە شكستخواردوە و ئەم پەرلەمانە پەككەوتوە؟!

كامیان زەرورترن دەستور یان چارەسەری موچە؟! كامیان ئەولەویەتیان هەیە دەستور یا بژێوی و ژیانی ڕۆژانەی گەنج و خەڵكی بێكار و بێدەرامەت؟!

پرسی دەستوری هەرێم لەو سەردەمەدا كە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی گۆڕان بوو یەكێك بو لە پرسە هەستیار و نیشتیمانییە پڕبایەخەكان و لە ژێر هیچ فشار و دەسكەوتێكی حزبیدا ئامادەنەبو بچێتە ژێر باری ڕازیبون بە دەستورێكی حزبی و كەسی و عائیلی، دەبێ ئێستاش هەمان نەفەس بەردەوام بێ نەك بێ هیچ گرەنتیەك (بەڵێ) بۆ دەستورێكی خراپ بكرێ هاوشێوەی زۆر (بەڵێ) ی تری پێشو.

دەستور؛ وەك مەرجەعی باڵای یاسایی و دایكی یاساكان و چەتری سیستمی سیاسیی هەرێم، ڕەهەندێكی نیشتیمانی گەورە و باڵای هەیە و دەبێ دەستورێكی دیموكراتی پڕ لە ماف و ئازادی بێ و بە باڵای گەل بنوسرێ نەك بە باڵای خێزان و بتە سیاسییەكان.

دەستور؛ دەبێ بەڕێكەوتن و سازانی تێكڕای چین و توێژ و هێز و لایەنە سیاسیەكان بنوسرێ نەك بە سەفقەی سیاسی. دەستورێكی خراپ دەبێتە ئەو مڵۆزم و بەڵایەی بۆ دەیان ساڵی تر حوكمڕانی چەتەیی و بەدكار بەسەر خەڵكدا بسەپێنێ. بۆیە دەبێ هەمو تاكێك لە مەترسیەكانی پرسی دەستور وەك خۆی تێبگا.

كات وەڵامی هەمو ئەو گومان و پرسیارانە ڕون دەكاتەوە.