یەکێتی گۆڵی لە خۆی کرد

04-05-2021 11:48

رێبوار کەریم وەلی

پارتی حزبێکی سەخییە لە کڕین و فرۆشتنی ئینسان، بەڵام لە بەخشینی دەسەڵات وەک دوکانداری جولەکە وایە؛ بڵێ دوو جاران دوو دەکاتەچەند؟ دەڵێ: لێم دەكڕی یان دەفرۆشی؟

*

پارتی ئەگەر زانیبای گۆڕان کەڵکی ماوە، قەت وا بە ئاسانی نەیدەھێشت کۆبوونەوە(نھێنییەکان) بگەنە ئەنجام. بە دڵنییایەوە تا پارتیش لای لەگۆڕان کردبایەوە و پشی پشی بۆ کردبایە، گۆڕان نەدەچووە ناو کۆشی یەکێتی؛ گۆڕانێک لە لوتکەی کاری سیاسیدا ٨ کورسی لە پەرلەمانیبەغدا ھێنابێت، ئێستا چەند دێنێ؟ بۆیە پارتیش لە بەرامبەر ئەو ھەنگاوەدا، جگە لەوەی قەڵای ھەولێری قایم کردووە، خەریکی سەودای دیکەیژێر بەژێرە لەگەڵ نەوەی نوێ.

*

حزبێک کە بەس ئەوەندە ماوە بە ئاشکرا لافیتەی فرۆشتنی لەسەر ھەڵواسن، لە خەفادا ئەوەندەی نەدەھێنا کە یەکێتی لەسەر حیسابی بەحیساب گۆڵ کردن لە پارتی ماری نووستووی شارچییەتی لەناوخۆیدا بەخەبەر بێنێتەوە. تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە کوڕانی کۆسرەترەسوڵ دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان بدەنە سەرکردایەتیی یەکێتی!

*

یەکێتی گۆڵی لەخۆی کردووە. ھەر لە ئێستاوە جگە لە ناڕەزایەتیی ناوخۆیی، ئەگەری ئەوە ھەیە چەند کۆرسییەک لە کیس خۆی بدات. ھائەگەر بگوترێ ئەوە سەرەتایەکە بۆ تێکەڵبوونەوەیان و ئەوە سەرەتای ھەنگاوێکی دوورمەودایە، ئەوەش راست نییە؛ یەکێتی و گۆڕان لەرابردوودا رێککەوتنی ستراتیژیشیان ئیمزا کرد دادی نەدان، ئێستا چ گۆڕاوە؟ سیاسەتکردن بەڕقھەڵگرتن وەک قوماری لێدێت.

*

یەکێتی لە دوای کۆنگرەوە دەرفەتی زۆری لەبەردەم بوو بۆ پێداچوونەوە بە ھەڵەکانی رابردووی، بەڵام پێناچێ توانیبێتی بازنەی بیرکردنەوەیخۆی بۆ حزبێکی گەورە فراوان بکات، بۆیە باجی ھەڵەی لۆکاڵیبوون دەداتەوە، ئەوەش رێک ئەو شتەیە کە پارتی تەمەننای دەکات.

*

دواجار ململانێی لەو شێوەیە لەگەڵ پارتیدا، سودی نییە و لە نیھایەتدا دەبێ لە بارەگای بارزانی بڵێن:"ئێوە خانەوادەیەکی نەجیبن، بەبەخشندەیی خۆتان لێمان ببوورن."