کۆی پڕۆسەکە سیاسی و ئەمنییە، نەک دادوەری و یاسایی

06-05-2021 11:17

نووسینی: یوسف محەمەد

بڕیاری دادگای تەمییز سەبارەت بە چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان، چاوەڕوانکراو بو. هەر لە بنچینەوە کۆی پڕسەی دادبینی لەم کەیسەدا شکڵی بو. وەک پێشوتریش رامانگەیاند، بڕیاری تاوانبار کردنی ئەم جوامێرانە لە لایەن دادگاکانەوە بە (سیخوڕی بۆ وڵاتانی بیانی) و (هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی باڵەخانە و پێگەی بیانییەکان لە هەرێم) و (هەوڵی کوشتن و رفاندن)، پێش دادگاکان، لە لایەن مەسرور بارزانییەوە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە ١٠/ ٢/ ٢٠٢١ ڕاگەیەندرا. داوەران لەم پڕۆسەیەدا بڕیاردەر نەبون، بەڵکو بە داخەوە ئەکتەری کۆمبارس بون.

با پرسی دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری دادگاکان و نەبونی سەروەریی یاسا بمێنێت بۆ کاتێکی تر. بابەتی سەرەکی لە کەیسی سەپاندنی شەش ساڵ زیندانی بەسەر چالاکوانانی هەولێر و دهۆک، پرسی ئازادییە گشتی و ڕۆژنامەوانی و سیاسییەکانە لەم ناوچانە. ئەمە پەیامێکی مەترسیداری دەسەڵاتی باڵادەستی ناو پارتییە بەوەی کە ئەمە سەرەنجامی هەر کەسێکە کە بیەوێت لەم ناوچانە سەرهەڵبڕێ و بە شێوەی سەربەخۆ یان وەک ئەندامی لایەنەکانی تر چالاکیی سیاسی و مەدەنی و میدیایی بکات تەنانەت ئەگەر بە کۆمێنت و چات گروپیش بێت، یان بیەوێ خۆپیشاندان لە پێناوی مافەکانی بکات، یان پەیوەندی بە رێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان و ئازادیی میدیایی بکات، یان سەردانی قونسوڵی وڵاتانی دۆستی وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا بکات، ئەوا توندی زیندانەکان ئەکرێت. ئیتر ئەمە قۆناغێکی نوێی سەپاندنی دەسەڵاتی ئەمنی و هەواڵگرییە بەسەر هەرێمی کوردستان. ئیتر ئەمە پەیامەکەیە تەنانەت ئەگەر نێچیرڤان بارزانیش لێبوردن بۆ ئەم جوامێرانە دەربکات.

هەمو ئەمانە دوپات کردنەوەی ئەوەیە کە پرسی یەکگرتویی و یەکپارچەیی خاکی هەرێم و بونی دامەزراوەی نیشتیمانی و سەروحیزبی وەهمە و، ئەوانەی لە دەرەوەی پارتی بانگەشەی بۆ ئەکەن یان نەزان و کاڵفامن، یان بەزیو و خاوەن بەرژەوەندین. دەسەڵاتی باڵادەستی ناو پارتی جارێکی تر بە دەنگی بەرز بیری هەموان دەهێنێتەوە کە هاوکێشەی حوکمڕانیی هەرێم، هێشتا درێژکراوەی لاسەنگیی هێزی دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ئاگربەستی شەڕی ناوخۆیە و، خۆی دەسەڵاتی ڕەهای ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتییەتی. هەر بە هۆی کۆنترۆڵ کردنی هەولێری پایتەختی هەرێمیش، کۆی بڕیار و دامەزراوە و دەسەڵاتەکانی هەرێمی قۆرخ کردوە.

پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە داخۆ تاکەی هێزەکانی دەرەوەی پارتی قەبوڵی دەسەڵاتی دیفاکتۆی پارتی بەسەر هەولێر و لەوێشەوە بەسەر کۆی هەرێمی کوردستانەوە دەکەن و، هەروا خۆیان لە هەولێر بە میوان دەزانن!؟ تاکەی لە بازنەیەکی بۆشدا دەسوڕێنەوە و بە پەراوێزی دەسەڵاتی دیفاکتۆی هەرێم رازی دەبن!؟

هەمو ئەو هێزانەی دەرەوەی پارتی کە لە کەیسی ئازادیخوازانی بادینان بێدەنگن و کارەکتەرەکانیان لە ناو دەسەڵاتی هەرێم بێ هەڵوێستن، بەشدارن لە تاوانی ڕفاندن و زیندانی کردن و راوەدونانی ئازادیخوازانی هەولێر و بادینان کە هەندێکیان ئەندام و هەڵسوڕاوی خۆشیانن، لە هەمان کاتدا بزانن یان نەزانن، چاڵی خۆشیان هەڵدەکەنن.