خورافەتی دادگای ئازاد و ئەفسانەکانی تر

09-05-2021 03:36

مەریوان وریا قانع

یەکێک لە درۆ ھەرە گەورەکانی ناو ئەو حوکمڕانییە سوڵتانییەی لە ھەرێمدا دروستکراوە باسکردنی ئازادییە. ئازادیی لەم ھەرێمەدا ھەرچیەک بێت، پرنسیپێکی سەرەکیی نییە کە ئەزموونی حومکڕانییەکە و ئەخلاقی ھێزە سیاسییەکانی و ھەڵسوکەوتی بنەماڵە حوکمڕانەکان دەستنیشان بکات. جگە لە شتێکی کەم لە ئازادیی نووسین و بڵاوکردنەوە کە لە ئێستادا بە شێوازی جیاواز لە ژێر ھەڕەشە و فشاردایە و دەیان لەمپەری گەورەی بۆ دروستکراوە، ھیچ فۆرمێک لە فۆرمەکانی تری ئازادیی بوونی نییە. نە ئابوریی ئازادە، نە میدیا ئازادە، نە دەزگا بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت ئازادن، نە کۆمەڵگای مەدەنیی ئازادە و نە دادگاکانیش. لە ڕاستیدا شتێک بەناوی ئازادییەوە لە خەیاڵ و عەقڵیەتی سیاسیی خێزان و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ھەرێمدا بوونی نییە. ئەوەی ھەیە و لەئارادایە پرۆژەی بە ڕەعیەتکردنێکی تەواوی سەرجەمی کۆمەڵگاکەیە لە بەردەم دەسەڵاتی ئەو خێزان و بنەماڵە سوڵتانیانەدا، کە لەسەرێکەوە بەتەمان تا ڕۆژی قیامەت حوکمڕانبن و لەسەرێکی دیکەشەوە تا دێت ململانێی ناوەکیی نەوە گەنجەکانیان، ناشیرینتر وملشکێنتر و ترسناکتر دەبێت.

بێگومان بڕ و ڕادە و شێوازی کۆنترۆڵکردنی ھەر یەکێک لەو بوارانەی ھێمامان پێکردن جیاوازە، ھەریەکێکیان بە شێوازی جیاواز دەستیان بەسەردا گیراوە و بە میکانیزمی تایبەتیش کۆنترۆڵکراون، یەکێکیان لەویتریان زیاتر و توندتر جڵەوکراوە. لە ھەمووان کۆنترۆڵکراوتر سێ بواری سەرەکیی ژیانن لە ھەرێمەکەدا. یەکەمیان کۆنترۆڵکردنی ئابورییە، کە بە پلەی یەکەم ئابوریی نەوت و وزەیە، تێکەڵ بە ئابوریی بازرگانی قاچاخ و ناقاچاخ لە ھەرێمەکەدا. دووھەمیان، دەزگا بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت خۆیەتی کە لە دامەزراندنی سادەترین کارمەندەوە تا دامەزراندنی گەورەترینیان، بە شێوەیەکی سەرتاسەریی کۆنترۆڵکراوە. سێھەمیشیان کۆنترۆڵکردنی سیستمی داوەریی و دادگاکانە. ئەمەی دواییان بۆ دوو مەبەست. لە سەرێکەوە بۆ پارستنی حوکمڕان و دارودەستەکەیان لە ھەر لێپریسنەوەیەکی یاسایی. لەسەرێکی دیکەوە بۆ دادگاییکردنی ھەر کەس و ھێز و لایەنەێک بیانەوێت تۆمەتباری بکەن و لە زیندان توندیبکەن. سیستمی داوەریی لە ھەرێمدا بە ھیچ مانایەک و لە ھیچ شێوەیەکدا ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری تایبەتی خۆی نییە، حیزب و بنەماڵە سیاسییەکان تەواو کۆنترۆڵیانکردوە و بەوشێوەیە ئاراستەی دەکەن کە دەیانەوێت.

کۆنترۆڵی ئەم سێ پێگە سەرەکییە، ئابوریی و بیرۆکراسیەت ود اوەریی، ئاکاری ژمارەیەکی ئەو سیستمە سوڵتانییەیە لە ھەرێمەکەدا دروستکراوە. ئەوەشی ئەم سیستمە دەپارێزێت ئەو سوپا و ھێزە ئەمنیی و گروپە بەڵتەجییە تایبەتانەیە، کە بنەماڵە سیاسییەکان بۆپاراستنی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان، دروستیانکردوە.

ئەوەی لێرەدا مایەی گریان و پێکەنینە ئەوەیە سەرە گەورەکانی ناو ئەم بنەماڵانە، کە دەسەڵاتدارە تاکڕەوەکانی ھەرێمن، وا دەزانن کەس ئەو وێنە ناشیرینە نابینێت، وادەزانن ھەم خەڵکی کوردستان و ھەم دونیای دەرەوە وەک پاڵەوانی بونیادنانی دیموکراسیەت و قارەمانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، دەیانبینن. کەی کێشەیەکیش دروستبوو ئەوان ھەم خۆیان و ھەم نوێنەرەکانیان دەتوانن بە دەرکردنی یەک دوو بەیاننامەی پڕ لە درۆ، جەوھەرە ناشیرن و ترسناکەکانی حوکمڕانییەکەیان بشارنەوە. ئەم خورافەتە تا دێت ھەم لەبەرچاوی خەڵکی کوردستان و ھەم لەبەرچاوی دونیای دەرەوە تەواو ناشیرینتر و بێزراو و قەبیحتریان دەکات.

ئێستا ئیتر ڕەخنەکان تەنھا لەلایەن چەند ڕۆژنامە و سایتێکی ئەلکترۆنی و ڕۆشنبیر و چالاکەوانێکی ناوەکییەوە سەرچاوەناگرن، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ ئەو ھێزە نێودەوڵەتیانەش کە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە ھەرێم دەپارێزن، دوای پەڕینەوەیان بۆ لای دەیان ئۆرگانی نێودەوڵەتی گرنگ کە لە جیھاندا بەرگریی لە ماف و ئازادییەکان دەکەن و بەگژ گەندەڵیی و دزیی و جەردەیدا دەچنەوە. ئەم دۆخەی لەمڕۆدا دروستبووە گەورەترین ھەڕەشەیەکە لە ڕۆژی دروستبوونییەوە لەسەر ھەرێم و دانیشتوانەکەی دروستبووبێت. زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانەکانی بادینان لەڕێگای دادگاوە، ئەو مۆدێلە ”تازە - کۆنە“ی مامەڵەکردنی کۆمەڵگایە، کە شەرمی تەواوەتی لەوە شکاوە ناشیرینەکانی ببینرێن، باکی بەوە نییە دۆست و دوژمنەکانی وەک خراپەکارێک باسیبکەن، ھەم دۆر بۆ خۆی و ھەم درۆ بۆ کۆمەڵگاکەی و ھەم درۆ بۆ جیھان دەکات. ئەم شەرمشکنە ھەمەلایەنە، ئەم پیشەسازیی درۆکردنە و ئەم گەمژەییە سیاسییە ھەمەلایەنە، سەرەتای دروستکردنی جەھەنەمێکی نوێیە، جەھەنەمێک ئەمجارەیان ئاگرەکەی ھەمووان بەیەکەوە دەسوتێنێت.